بەپێى یاداشتنامەیەکى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و باڵیۆزخانەى فەرەنسا لە عێراق کە ماوەى سێ ساڵ دەخایەنێت، حکومەتى فەرەنسا بەهاوکارى وەزارەت، کورسى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا و خولى ڕاهێنان بۆ مامۆستا و فەرمانبەران لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دابیندەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٢/٩/٢٠١٩)، یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و باڵیۆزخانەى فەرەنسا لە عێراق لەلایەن هەریەک لە (د. ئارام محمد قادر) و (ئۆلیڤێ دیكۆتێنێز) بۆ دابینکردنى سكۆلهرشیپی خوێندن بەخەرجى هاوبەش ئیمزاکرا.
لە وتەیەکدا کە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە گرنگى پەیوەندییە مێژوییەکانى نێوان هەردو گەلى کوردستان و فەرەنسا کردو ڕایگەیاند: فەرنسا تەنها لەڕوى زانستى و ئەکادیمییەوە هاوکارى هەرێمى کوردستانى نەکردوە، بەڵکو لە بوارەکانى سەربازى و مرۆیى و دیموکراسى چەندین بوارى دیکە هاوکارى گەلەکەمان بوە، لەم ڕوەوەش وتى: بۆ ئێمەش ئەمڕۆ رۆژێکى گرنگ و مێژویە کاتێک ئەم یاداشتنامەیە ئیمزا دەکەین و دەرفەتى خوێندن فەراهەم دەکات بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران، چونکە هەموشمان لەوە تێدەگەین کە سیستمى خوێندنى فەرەنسا سیستمێکى پێشکەوتو و مۆدێرنە، ئەوەش بۆ ئێمە جێگەى بایەخە، هیوادارین دەرفەتى باش بڕەخسێندرێت بۆ خوازیارانى خوێندنى باڵا و پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان له كوردستان.
لەبەرامبەردا (ئۆلیڤێ دیكۆتێنێز) کونسوڵى گشتى فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: لە ڕابردودا پرۆژە هاوبەشەکانمان لەسەرجەم سێکتەرەکان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرکەوتنى بەدەستهێناوە، بۆ ئێمە گرنگە پەرۆشى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ دیاریکردنى کاندیدەکان لە پێناو سەرخستنى پڕۆژەکە، وتیشى: ئەم گرێبەستە لە داهاتودا ژینگەیەکى گونجاو دروست دەکات، کە دەبێـتە زەمینە و سەرچاوەیەکى باش بۆ پێشکەوتنى ئاستى زانستى زانکۆکان.
لە چوارچێوەی هاوکاری دوو لایەنەى نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق کاردەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و زانستی لە نێوان وڵاتی فەرەنساو هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان دامەزراوەکان. مەبەست لەئیمزاکردنى ئەم یاداشتنامەش دەستنیشانکردنی مەرج و رێنماییەکانی بەرنامەی سكۆلهرشیپهكهیه، کە خەرجییەکانی بەهاوبەشى هەردولا لەئەستۆی دەگرن، ئەویش بۆ باشترکردنی توانای توێژەر و مامۆستا و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان.
بەپێى یاداشتنامەکە خوێندنى تەرخانکراو بریتیە لە خوێندنى ماستەر و دکتۆرا، توێژەرانی دوای بەرنامەی دکتۆرا، ئەندامانی دەستەی وانەبێژان و فەرمانبەرانی ئەندازیار و کارگێری و تەکنیکی.
لەبارەى کاتى پێشکەشکردن بۆ بەرنامەى سكۆلهرشیپی فەرەنسا، بە پێى خاڵێکى نێو یاداشتنامەکە، ڕاگەیاندن بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەکان لە (٣٠/١١/٢٠١٩) دەست پێدەکات و مەرج و ڕێنماییەکان بۆ هەریەک لە جۆرەکانى خوێندن دەستنیشان دەکرێت و، دواتریش هەڵبژاردنی کاندیدەکان لە ڕێگەی لیژنەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەئەندامیەتی نوێنەرێک لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغداد ئەنجامدەدرێت.
ههر بەپێى ناوەڕۆکى یاداشتنامەكه باڵیۆزخانەى فەرەنسا پشتگیری ئەم بەرنامەیە دەکات لە ڕێگەی دابینکردنى بلیتی فرۆکە و بیمەی تەندروستی و کرێی خوێندن، کە لە لایەن حکومەتی فەرەنسا دیاری کراوە، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بژێوی ژیانی خوازیاران (بە پێی ئەم پێوەرانەی کە جێبەجێ دەکرێت لە سەر خوێندکاری بیانی)، دابیندەکات.