وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبونەوەى لەگەڵ پەڕلەمانتارانى فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ڕایگەیاند: هەماهەنگى و هاوکارى نێوانمان دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى ڕابردوى سێکتەرى خوێندنى باڵا لەگەڵ ناوەند.
ئەو لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (١٩/٧/٢٠٢٠) لە میانى پێشوازیکردنى هات لە هەریەک لە (د. جوان ئیحسان) سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و ژمارەیەک لە پەڕلەمانتارانى فراکسیۆنەکە.
لە دیدارێکدا کە بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى دیوانى وەزارەت ئامادەیبو، لە دەستپێکدا د. جوان ئيحسان سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ کار و پڕۆژە پڕ بەرهەمە زانستى و ئەکادیمییەکانى لە ماوەى یەک ساڵى کارکردنى لە وەزارەت و پێشکەشکردنى زۆرترین خزمەت بە فێرخوازان و کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان.
دواتر ئامانجى سەردانەکەیانى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خستەڕو کە بۆ زیاتر هەماهەنگیکردنە لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا لە هەرێمی كوردستان و پەڕلەمانتارانى کورد لە بەغدا بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لەگەڵ حکومەتى ناوەند، لە نێویشیاندا پێدانى سکۆلەرشیپ و پرسى متمانە بەبەشێک لە زانکۆکانى هەرێم و توێژینەوەى زانستى و بابەتەکانى ترى پەیوەست بە خوێندنى باڵا.
لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواى بەخێرهێنان، سوپاسى پشتیوانى و هەماهەنگى پەڕلەمانتارانى کوردى کرد لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و ئەو هەوڵەى فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانیشى بەرزنرخاند بەئامانجى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و هەماهەنگى زیاتر لەگەڵ ئەنجومەنى نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا ئامادەیى هەمو هاوکارییەکى بۆ وەفدەکە دوپاتکردەوە بەمەبەستى لێکگەیشتنى زیاتر لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق و گەیشتن بە چارەسەر بۆ ئەو بابەت و پرسانەى تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوى ماونەتەوە.
لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، د. ئارام محمد قادر ئاماژەى بە بەشێک لە دەستکەوتەکانى یەک ساڵى کارکردنى وەزارەت کردو ڕایگەیاند: لە سەرەتادا توانیمان بەستەڵەکى نێوان هاوڵاتیان و وەزارەت تێکبشکێنین و بەو پەڕى پەرۆشییەوە گوێ لە هەمو ئەو خوێندکار و مامۆستا و فەرمانبەرانە بگرین کە بە پەرۆشەوە کێشەکانیان بۆمان بەرزکردۆتەوە توانیومانە چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، دواتر ئاماژەى بە چەند پڕۆژە و کارێکى وەزارەت کرد هەر لە کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و وەرگرتنى زۆرترین ڕێژەى دەرچوان لە زانکۆکان تا کردنەوەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا بە ڕێنمایى تازە و پرۆژەکانى دیکەى وەزارەت لە بوارە جیاوازەکاندا. هەروەها هەوڵەکانى وەزارەتیشى بۆ کردنەوەى تاقیگەى زانستى تایبەت بە پشکینیى کۆرۆنا و دابینکردنى vtm و هاوکاریکردنى دامەزراوە تەندروستیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ڕوبەڕوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا خستەڕو.
لە کۆتایى دیدارەکەدا بابەتى پرۆسەى خوێندنى ساڵى نوێ و پێداویستیەکانى خوێندن و بەرنامە و کارنامەکانى پەیوەست بەسەرکەوتنى پرۆسەکە و وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان گفتوگۆى لەبارەوە کرا و ڕاو پێشنیازى پەڕلەمانتارانى کورد بۆ ئەم بابەتە بەهەند وەرگیران.