راگه‌یاندنێك بۆ ڕاى گشتى دەربارەی زانکۆی شاهانەی بەریتانی به‌پێى زانیاریه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت كه زانكۆى شاهانه‌ى به‌ریتانى به نیازه ئه‌م ساڵ دیسانه‌وه به نایاسایی و ناشه‌رعى قوتابیان وه‌ربگرێت و ده‌ست به دروستكردنی قه‌يرانێكی نوێ بكاته‌وه. پارساڵ ئه‌و زانكۆيه ته‌حه‌دای ياسای هه‌رێم و سەروەری حكومهتيان كرد و زياتر له 850 قوتابيان به‌بێ ئاگاداری وه‌زاره‌ت وه‌رگرت.
به‌داخه‌وه قوتابيانی پارساڵ هاوكاری زانكۆی ناوبراويان كرد و ڕێگه‌يان دا كه وه‌ك سووته‌مه‌نی و وه‌ك قه‌ڵغانێك بۆ مه‌رامی تايبه‌تی بيزنيسمانهكانی ئەو زانکۆیە به‌كار بهێنرێن. ئه‌زموونی پارساڵ ئه‌زموونێكی تاڵ بوو و ناكرێ ڕێگه به دووباره كردنه‌وه‌ی بدرێت.
هەروەها ناكرێ جارێكی تر چاره‌نووسى سه‌دان قوتابی تر بخرێته مه‌ترسیه‌وه و بۆ خاتری بيزنيسی ناشه‌رعی به‌كار بهێندرێنه‌وه. بۆيه بڕياری حكومه‌ت به هاوڵاتيان و قوتابيانی هه‌رێم ڕاده‌گه‌يه‌نين، و جه‌خت دهكهينهوه كه‌وا ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى بریارى داوه كه‌وا ئه‌م زانكۆیه به شێوه‌یه‌كى هه‌میشه‌یی جارێكى تر قوتابى پێ نه‌درێت. هەر بۆیە: 1. داوا له قوتابیان و خانه‌واده‌كانیان ده‌كه‌ین كه به هیچ شێوه‌یه‌ك فۆرمى ئه‌م زانكۆیه پڕ نه‌كه‌نه‌وه، وه‌زاره‌ت به‌پرس نيه له ده‌ره‌نجامی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و فۆڕمانه. 2. داوا له خاوه‌نه‌كانی زانكۆى شاهانه‌ى به‌ریتانى ده‌كه‌ینەوە كه ده‌ست له چه‌واشه كردنى خه‌لك و پێشێل كردنى یاسا و رێنمایی ئه‌و هه‌رێمه و ته‌حه‌داكردنى سەروەریی حكومه‌تى هه‌رێم هه‌ڵبگرن. داوايان لێ ده‌كه‌ين كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك فۆرم دابه‌ش نه‌كه‌ن و پاره وه‌رنه‌گرن. دابه‌شكردنی فۆڕم نيشانه‌ی نيه‌تی خراپهكاريه، وه‌رگرتنی پاره نيشانه‌ی نيه‌تی پارهپهيداكردن به ڕێگه‌ی ناشه‌رعی و ناياساييه. ئه‌گه‌ر زانكۆی ناوبراو به پێچه‌وانه‌ی بڕیارى حكومه‌ت و فه‌رمانى وه‌زاره‌ت ڕه‌فتار بكات ئه‌وا دۆسيهكهی به فه‌رمی ڕه‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئیجرائاتى یاسايى له‌گه‌ڵدا بكرێت.
بۆ قوتابيانی وه‌رگيراوی پێشتر له زانكۆی شاهانه: به‌پێی فه‌رمانه‌كانى پێشوو و به‌ئامانجی پاراستنی ئاينده‌ی قوتابیان، ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌ت بڕیارى داوه کە : يه‌كه‌م: سه‌رجه‌م ئه‌و قوتابیانه له بوارى پسپۆرى خۆیان له زانكۆكانى تر‌ى ئه‌هلى وه‌ربگیرێنه‌وه. داوا له قوتابیان كراوه كه ئه‌و ده‌رفه‌ته له كيس نه‌ده‌ن و به زووترین كات په‌یوه‌ندى به‌م زانكۆیانه بكه‌ن. دووه‌م: ئه‌و كه‌سه‌ی سوود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگرێت، وه‌زاره‌ت ئاماده‌يه به پێی ڕێنماييه‌كانی پارساڵ وه‌رگرتنی ئه‌و قوتابيانه په‌سه‌ند بكات. خۆ ئه‌گه‌ر به پێی ڕێنمايی ئيمساڵ بێ، له‌وانه‌يه زۆرينه‌ی قوتابيانی زانكۆی شاهانه‌ی به‌ريتانی له زانكۆكان و له بواره پسپۆڕيهكاندا وهرنهگيرێن. بۆيه ديسانه‌وه جه‌خت دهكهينهوه كه ئه‌و ده‌رفه‌ته زێڕينه له‌ده‌ست نه‌ده‌ن. سێيه‌م: ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌يانه‌وێ سوود له ئيختيارهكانی تری وه‌ك گه‌رانه‌وه بۆ ناوه‌ندی وه‌رگرتن له زانكۆ حكومهتيهكان وه‌ربگرن ئه‌وا وه‌زاره‌ت ئاماده‌يه ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ش به كراوه‌يی بهێلێته‌وه.
دياره كه ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه داوا سهرهكيیهكهی قوتابيان بوو و بۆيه‌ش جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی زۆرينهیانه. دواتر قوتابيان داوايان كرد كه ده‌وامی ناياسيی پارساڵيان بۆ هه‌ژمار بكرێت.
به‌ڵام له ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت جه‌خت كراوه‌ته‌وه كه ئه‌و جۆره داوايه ناڕهوايه و ناياساييه و ناكرێ ڕێگه‌ی پێ بدرێت. ئەگەر لە ئایندەدا قوتابیان هەر داوایەکی لەو جۆرەیان هەبێت پێویستە لە چوارجێوەی زانکۆ نوێیەکەیان پێشکەشی بکەن. به‌داخه‌وه سه‌رباری ئه‌و هه‌موو هه‌وڵانه‌ی وه‌زاره‌ت بۆ پاراستنی چاره‌نووسی قوتابيان، كه‌چی ئه‌وان له خۆپيشاندانيان به‌رده‌وام بوون و ئێستا هه‌ندێكيان له‌جياتی خاوه‌نه‌كانی زانكۆی شاهانه‌ی به‌ريتانی فشار ده‌خه‌نه سه‌ر حكومه‌ت بۆ كردنه‌وه‌ی زانكۆكه. هه‌ندێكی تر به‌رده‌وامن له سه‌ردانی زانكۆ و پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕم و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر وه‌ك سووته‌مه‌نی به‌كار بهێندرێنه‌وه. لێره‌دا ديسانه‌وه ڕای ده‌گه‌يه‌نين كه خوێندن له زانكۆی شاهانه‌ی به‌ريتانی چيتر به ياسايی نازانرێ و بڕياری ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت يهكجاريه و زانكۆيهكه چيتر قوتابی پێ نادرێت.