دۆسیەى زیاتر لە شەش هەزار خوێندکار ، لە زانکۆى سەڵاحەددینەوە گەڕێندرایەوە زانکۆى سلێمانى

2.jpg

 د.يوسف گۆران ڕایگەیاند بەگێڕانەوەى دۆکیۆمێنتى خوێندکاران لە زانکۆى سەڵاحەددینەوە بۆ زانکۆى سلێمانى کۆتایى بەئاسەوارەکانى ڕژێمى لەناوچو بەرامبەر بەزانکۆى سلێمانى هێنرا.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى ئیمزاکردنى ڕێکەوتننامەیەک لە نێوان سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین و سەرۆکى زانکۆى سلێمانى هات بۆ بەگێڕانەوەى دۆکیۆمێنتى خوێندکاران لە زانکۆى سەڵاحەددینەوە بۆ زانکۆى سلێمانى هات، کە لە ڕێکەوتى (٣١/٥/٢٠١٦) لە سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى بەڕێوەچوو.

بەر لە ئیمزاکردنى ڕێکەوتنەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتەیەکى پێشکەش کرد و ڕایگەیاند:   پێشتر لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەسەر داواى زانکۆى سلێمانى و بە ڕەزامەندنى زانکۆى سەڵاحەددین بڕیاردرا  بەگەڕانەوەى دۆسێی ئەو خوێندكارانەی، كە بەهۆی گواستنەوەی زانكۆی سلێمانییەوە بۆ هەولێر لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە بردرابوونە ئەو زانكۆیە.
وتیشی: "بۆ ماوەی چەندین ساڵ دۆسێی خوێندكارانی ئەوكاتی زانكۆی سلێمانی لە زانكۆی سەڵاحەددین پارێزربون و ئێستاش لەنێوان هەردوو زانكۆی سلێمانی‌و سەڵاحەددین رێكەوتنێك ئەنجامدرا. بۆ گێڕانەوەی ئەو دۆكیۆمێنتانە بۆ شوێنی خۆی. بۆیە دەتوانین بڵێن ئەمە كۆتا ئاسەوارەكانی ئەو كارە بوو، كە رژێمی بەعس دژی زانكۆی سلێمانی كردبووی".
هەر لە وتەکەیدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ڕژێمی ڕوخاوی بەعس پێیوابو، بەگواستنەوەی زانكۆی سلێمانی بۆ هەولێر دەتوانێ گیانی كوردایەتی‌و شۆڕشگێڕی لای خوێندكاران لاواز بكات، بەڵام هەر خوێندکارانى زانكۆی سلێمانی بوو، كە لەساڵانی نێوان (1981 - 1982)، خۆپیشاندانی دژی بەعس لەشاری هەولێر ئەنجامدا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین کاتێک داواى گەڕانەوەى ئەو دۆسێیانەمان لێکرا بەخۆشحاڵیەوە ئێمە پێشوازیمان لێکرد، چونکە لەسەر داوای ئەو خوێندكارانەی كە لەو ماوەیەدا دەرچوی زانكۆی سلێمانی بون، كار لەسەر هێنانەوەی ئەو دۆسێیانە كرا، لەبەرئەوەى ئەوان ئارەزوویان دەكرد كە دۆكیۆمێنتەكانیان لەزانكۆی سلێمانییەوە دەربچێت، نەك زانكۆی سەڵاحەددین، ئەوەش مافێکى ڕەواو ئاسایى خۆیانە، ئەوەشى ڕونکردەوە کە دواى ئەوەى دۆكیۆمێنتەكانیان لەسەرجەم كۆلێژەكان‌و تۆماری گشتی زانكۆی سەڵاحەددین کۆکردەوە، ئینجا ڕادەستى زانكۆی سلێمانی كرا.

لەبەرامبەردا د.سەڵاحەددین سەعید سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ڕایگەیاند:  ئەمە رۆژێكی مێژووییە بۆ خەڵكی شاری سلێمانی‌و دەرچوان‌و خوێندكارانی ئەوكاتی زانكۆی سلێمانی، وتیشى هەرچەند دەبوایە هێنانەوەی ئەو دۆكیۆمێنتانە زوتر بكرایە، بەڵام ئێستا جێگەی خۆشحاڵییە كە بە پاڵپشتی وەزیری خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەى زتنستى و هاوكاری سەرۆکى زانكۆی سەڵاحەددین، توانرا ئەو دۆسێیانە بهێنرێنەوە و ئەو خەونەى خوێندکارانى ئەو کاتى زانکۆى سلێمانى بەدى بهێنین. هەر لە میانەى وتەکەیدا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی مژدە بە دەرچوانی پێش ڕاگواستنی زانكۆی سلێمانی دا، كە  لە ئێستا بەدواوە دەتوانن بڕوانامەكانیان بەناوی زانكۆی سلێمانییەوە وەربگرنەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە کە پێشتر بڕوانامەكانیان بە ناوی زانكۆی سەڵاحەددینەوە وەردەگرت.
بەهۆی چالاكییە سیاسییەكانی زانكۆی سلێمانی‌و ئەو ڕۆڵە چالاکەى كە لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردەوە دەیگێڕا، ساڵی 1981 رژێمی ڕوخاوی بەعس بەبڕیارێکى شۆڤینیانە زانكۆی سلێمانی بۆ هەولێر گواستەوە‌و دۆكیۆمێنتی شەش هەزارو 302 خوێندكاری ڕەوانەی ئەو شارە كرد

بەڵام دوای 48 ساڵ و، لە کۆبونەوەى ژمارە (٧) ئەنجومەنى  وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە لە ڕێکەوتى (١/١١/٢٠١٥) بەرێوەچوو، بڕیاردرا بەگەڕانەوەى دۆسیەکانى خوێندکارانى زانکۆى سلێمانى لە ساڵانى (١٩٦٨-١٩٦٩) تا (١٩٨٠-١٩٨١). کە ژمارەیان (٦٣٠٢) شەش هەزارو سێ سەد و دوو دۆسیەى خوێندکارە لە کۆلێژەکانى (ئەندازیارى، زانست، کشتوکاڵ، بەڕێوەبردن و ئابورى، پەروەردە، ئەدەبیات).

دوا بەدواى پێشکەشکردنى وتەکانیش ڕێکەوتننامەى گەڕانەوەى دۆسیەى ئەو خوێندکارانە لە زانکۆى سەڵاحەددینەوە بۆ زانکۆى سلێمانى، لە نێوان د.سەڵاحەددین سەعید سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین ئیمزا کراو تەواوى دۆسییەکان گەڕێندرانەوە شوێنى خۆیان.