وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێوڕەسمى خولى دەرچوانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى ڕایگەیاند: دامودەزگاکانی کەرتی گشتی بەتەنها ناتوانن دەرفەتی کارکردن بۆ هەمو دەرچوانی زانکۆکان فەراهەم بکەن، بەڵکو بەشێکی ئەم ئەرکە لە ئەستۆی کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی و کەرتەکانى تر دەبێت.
ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (١/٩/٢٠١٩) بەچاودێرى و ئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پارێزگارى سلێمانى و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و مامۆستایان و خوێندکاران و کەسوکاریان، ڕێوڕەسم و ئاهەنگى (٣٠)هەمین خولى دەرچوانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى لەهۆڵى یانەى وەرزشى پێشمەرگە بەناوى خولى نوێبونەوە بەڕێوەچو.
لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند ئەم پۆلە گەنجە هاوشانی دەرچوانی زانکۆکانی دیکەی کوردستان دەبنە بەشێکی گرنگ لە سەرمایەی مرۆیی هەرێمی کوردستان و بەشدار دەبن لە بنیادنان و گەشەپێدانی هەرێمەکەمان، بۆ ئەمەش دەستخۆشی لە زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی دەکەم کە لەماوەی ڕابردوودا هەوڵیان داوە بۆ داڕشتنی نەخشەرێگەی ڕیفۆرمی خوێندنی تەکنیکی لە کوردستان، لە ئێستاشدا هەرسێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی ئامادەکاری دەکەن بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستم و پرۆگرامەکانی خوێندن بە جۆرێک پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاری کارو تواناکانی گەشەکردنی ئابووری واڵاتەکەمان دروست بکات .
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: ئێوەى دەرچوان دەرفەتی یەکسانی هەلی کار و ژیانێکی ئارام و ئابووریەکی سەقامگیرتان دەوێت، بەڵام دەبێت هەمیشە ئەو ڕاستییەمان لەپیش چاوبێت کە هیچ کات دامودەزگاکانی کەرتی گشتی بەتەنها ناتوانن دەرفەتی کارکردن بۆ هەموو دەرچوانی زانکۆکان فەراهەم بکەن، بەڵکو بەشێکی ئەم ئەرکە لە ئەستۆی کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی و کەرتەکانى تر دەبێت، هاوکات دەرچوانیش دەبێت لە ڕێگای توانای کارسازی و بیرکردنەوەی داهێنەرانە هەوڵی خولقاندنی مۆدیلی نوێی کارسازی و دروستکردنی هەلی کار و گەشەکردنی ئابووری بدەن. ڕاشیگەیاند: لە دوای دەرچونتان ئێوە بە تەنها نین، ئێمەش پشتیوانتانین، پلانمان هەیە کە لە ڕێگای سەنتەرەکانی بەکارخستن واتا سێنتەرەکانی (CDC) هەمیشە لە پەیوەندی بەردەوامدابین لەگەڵتان، بۆ ئەمەش وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتیوانی لە سێنتەرەکانی بەکارخستن دەکەین.
هەر لە وتەکەیدا لەبەردەم دەرچوانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى د. ئارام محمد، ئاشکرایکرد: ئەمساڵ لە ڕێگەی پلانەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆراوە دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان دەڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن کاتەکانتان بەکار بهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمتان. وتیشى دەرچوان فاکتەری سەرەکی بنیادنانی نیشتیمان و سەرکەوتنی هەرێمەکەمانن، هەموومان پێکەوە دەتوانین کار بۆ بنیادنانی ئابوورییەکی فرەڕەنگ و سەقامگیر و گەشەکردو بۆ هەرێمەکەمان بکەین.
لە کۆتایى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندن باڵا سڵاوى زانست و خەباتى ئەکادیمى بۆ سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان ناردو وتى: ئەگەر لە خۆبوردى و گیانفیدایى هێزى پێشمەرگەى کوردستان نەبوایە ئێستا ئێمە نەدەگەیشتین بەم ڕۆژەى ئێستا، هەروەها ڕێز و وەفاشى بۆ گیانى پاکى شەهیدانى کورد و کوردستان نارد.
لە وتەیەکیشدا د. ئالان فەرەیدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى بەناوى ئەنجومەنى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى ئاماژەى بە هەنگاو و کارەکانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى کرد بۆ ستراتیژى تازەو خۆ نوێکردنەوەو دوبارە بونیادنانەوەى کۆمەڵگەیەکى مەعریفى رۆشنبیر، هەروەک بەڵێنیشیدا بەردەوام بن بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەى خوێندن و پێشخستنى زانکۆکەیان.
جێگەى ئاماژەیە لە (٣٣) هەمین خولى دەرچوانی زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى (٤٥٠٠) دەرچو لە بوارە جیاجیاکانی کۆمەڵەی کارگێری و پزیشکی و ئینفۆرماتیک و کۆمەڵەی ئەندازیاری و تەکنیکی و کشتوکاڵ و میدیا و بوارەکانی دیکە... بڕوانامەی بەکالۆریوس و دبلۆمی تەکنیکی- یان پێبەخشرا.
بۆ خوێندنهوهی دهقی وتاری د.ئارام محمد قادر وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی كلیك (لێـــــــره) بكه..