د. ئارام محمد: بۆ بەردەوامى پرۆژەکان، بەدیدێکى نوێ سەربەخۆى کارگێڕى و دارایى زانکۆکان دەپارێزین

وه‌زیری خوێندنی باڵا سه‌ردانی زانكۆی زاخۆ ده‌كات

لە چوارچێوەى سەردانەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ بەسەرکردنەوەى  زانکۆکانى کوردستان و گوێگرتن لە ديدو تێڕوانین و داوكارییەکانیان، د. ئارام محمد قادر؛ زانکۆى زاخۆى بەسەرکردەوەو ڕایگەیاند: کارى زیاترمان دەوێت بۆ گەشەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵا، بۆ ئەوەى لە ئاست داخوازی و چاوەڕوانییەکانى خەڵکى کوردستان بین.

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٢٧/٨/٢٠١٩) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەیاوەرى ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى، سەردانى شارى زاخۆى کردو لە نزیکەوە لە گەڵ ئەنجومەنى زانکۆى زاخۆ کۆبونەوەو لە ڕێوڕەسمێکیشدا باڵەخانەى نوێى فاکەڵتى ئەندازیارى زانکۆى زاخۆ کرایەوە.

زانکۆى زاخۆ (٤٦٧) ستافى ئەکادیمى و (٧٥٠٠) خوێندکارو قوتابى هەیە

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. لەزگین عبدى جمیل سەرۆکى زانکۆى زاخۆ لە وتەیەکدا بەناوى سەرۆکایەتى زانکۆى زاخۆ و ئەنجومەنى زانکۆ بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەفدى وەزارەتى کردو ڕایگەیاند: ئەم سەردانەیان بۆ زانکۆى زاخۆ هانیان دەدات بەگڕوتینى زیاتر خزمەت بە ڕەوشى خوێندنى باڵا و پێشخستنى ئاستى زانست لە زانکۆکەیان بکەن، هەروەک دەستخۆشى لە وەزیرى خوێندنى باڵا کرد بۆ بەسەرکردنەوەى سەرجەم زانکۆکانى کوردستان بەمەبەستى ئاگاداربوون لەڕەوشى دامەزراوەکان و ئاگاداربون لە پێداویستیەکانیان. دواتر سەرۆکى زانکۆ پێشەکیەکى لەبارەى مێژوى دامەزراندنى زانکۆى زاخۆ و پێکهاتەکەى و ئەو پرۆژانەى زانکۆ جێبەجێى دەکات و لەجێبەجێکردندان خستەڕوو.

 

 

بۆ سەرخستنى پرۆژەکانیان، هاوکارى زانکۆى زاخۆ دەکەین

دواتر د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا لەبەردەم ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى زاخۆ، خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە کۆبونەوەو دیدارى لەگەڵ سەرۆک و ڕاگر و مامۆستایانى زانکۆى زاخۆ و ڕاستەوخۆ گفتوگۆ کردن لەبارەى پرۆژەو کێشەکانى بەردەم پرۆسەى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.

لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بە قوربانیدان و شۆڕشگێڕى خەڵکى زاخۆ کردو وتى: خەڵکى زاخۆ شۆڕشگێڕو کۆڵنەدەر و خاوەن قوربانی و خەباتن جێ پەنجەیان لە سەرخستنى ئەزمونى هەرێمەکەمان ڕوونە، بۆ ئێمەش لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان زانکۆکە پێگەیەکى گرنگ و دیارى دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند: لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵادا زانکۆى زاخۆ یەکێکە لە زانکۆ گرنگەکانى ناوچەکە، بەڵێن دەدەین درێغى نەکەین لە هاوکاریتان و پێشخستنى ئاستى زانکۆ، ئێوەش لە ڕێگەى پێشکەشکردنى پرۆژەو بۆچونى بەسود پلان و کارەکانمان دەوڵەمەند بکەن، چونکە ئەنجامدانى ڕیفۆڕمى و گۆڕانکارى لە زانکۆکان بەشێکى زۆرى دەکەوێتە ئەستۆى زانکۆکەتان و ئەو پرۆژە نێودەوڵەتیانەى دەستتان پێکردوە بەتایەبت جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆى زاخۆ.

زانکۆکانمان پێویستیان بە پێشخستنى زیاترى ئاستى زانستى هەیە

هەر لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: لەم کابینەیەى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا لە چوارچێوەى کارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کارى زیاترمان دەوێت بۆ گەشەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵا، بۆ ئەوەى لە ئاست داخوازی و چاوەڕوانییەکانى خەڵکى کوردستان بین، ئەمەش پێویستى بە تواناى دارایى زیاتر و پشتگیرى بەردەوامى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە.

لەبارەى سەربەخۆى کارگێڕى و دارایى زانکۆکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بۆ بەردەوامیدان بە پرۆژەکان و پێشخستنى ئاستى زانکۆکانمان، بەدیدێکى نوێ و پرۆژەى تازە بەردەوامى دەدەین بە سەربەخۆیى دارایى و کارگێڕى زانکۆکان، بۆ ئەمەش وەک وەزارەت هاوکارو هەماهەنگى سەرەکیتان دەبین و درێغى ناکەین بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و پێشخستنى زانکۆ لەگشت ڕووەکانەوە.

لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر هەنگاوەکانى زانکۆى زاخۆى بەرزنرخاند، بەتایبەت لەڕوى گەشەپیدان و پەرەپێدانى کواڵێتى و ڕەهەندى نێودەوڵەتى و جێبەجێکردنى پرۆسەى بۆلۆنیاو سیستمى نوێى خوێندنى پزیشکى.

باڵەخانەى کۆلێژى ئەندازیارى لە زانکۆى زاخۆ کرایەوە

هەر لە چوارچێوەى سەردانەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ زانکۆى زاخۆ، باڵەخانەى کۆلێژى ئەندازیارى لە زانکۆ کرایەوە، کە لەسەر بودجەى زانکۆو لەناو کەمپى زانکۆى زاخۆ جێبەجێکراوە.