بەمەبەستى چاکسازی و بەسیستمکردنى پڕۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگه تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان و، بەرزکردنەوەى کوالێتى خوێندن، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رێنمایى ژمارە (١١)ى ساڵى )٢٠١٦) ى زانکۆ و پەیمانگه تایبەتەکانى لە هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) دەرکرد. لە گرنگترین بڕگەکانى ناو رێنمیاییەکەدا کۆنمرەى چوونە پێشبڕکێ و كورسى خوێندن لەبەشەکان گۆڕانکارى بەسەردا هاتوە.
لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان کارى جدى دەکات بۆ چاودێریکردن و بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن و فێرکردن لە زانکۆ و پەیمانگه تایبەتیەکان، لەو چوارچێوەیەشدا دواى ئەوەى لەلایەن لێژنەیەکى باڵا لەسەر ئاستى وەزارەت و، بەلەبەر چاوگرتنى کوالێتى خوێندن و فێرکردن ڕێنماییەکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) ئامادەکرا و، لەلایەن (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێنمایى ژمارە (١١)ى ساڵى (٢٠١٦)ى زانکۆ و پەیمانگه تایبەتەکانى لە هەرێمى کوردستان ئیمزا کرا.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى لە گرنگترین خاڵەکانى رێنماییەکەدا هاتوە، بۆ ساڵى نوێى خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان، خوێندکاران بەنمرەى (٥٥%) بەسەرەوە دەتوانن بچنە پێشبڕکێى وەرگرتن، لەهەمان کاتیشدا بۆ پەیمانگە تایبەتەکان نمرەى (٥٠%) دیاریکراوە بۆ چونە پێشبڕکێى وەرگرتن. جیا لەوەش ڕێژەی کورسی خوێندن له بهشهكانی زانكۆ و پەیمانگە تایبهتهكان گۆڕانکارى بەسەرداهاتوە.
عەباس ئەکرەم وتيشى ئامانجى وەزارەتەکەمان لەدەست نیشانکردنى کۆنمرەى وەرگرتن و دیاریکردنى ژمارهی کورسییەکانی خوێندن له بهشهكانی زانكۆ و پەیمانگە تایبهتهكانی ههرێمی كوردستان لهپێناو چاکسازیکردن و بەسیستمکردنى پڕۆسەى خوێندنە لە زانکۆ و پەیمانگه تایبەتەکان و بەرزکردنەوەى کوالێتى خوێندن و فێربون.
بۆ کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگه تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان وتهبێژی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی ئەوەى ڕونکردەوە: پاڵپشت بەیاسا لێژنەیەکى تایبەت لەسەر ئاستى وەزارەت بەمەبەستى تاوتوێکردن و دیراسەکردنى نرخى کرێى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) پێکهێنراوە.