د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ هەیسەم ئەبولفول کونسوڵی ئوردون لە هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لەبارەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئوردون کرد بەتایبەت چۆنیەتى جێبەجێکردنى ئەو ڕێکەوتنامەیەى، کە لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و، وەزارەتى خوێندنى باڵا-ى ئوردنى لە ساڵى ڕابردو ئیمزا کرا.
لە دیدارێکدا، کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (٩/٥/٢٠١٧)، بەئامادەبونى د.ئیدریس هادى وەزیرى پێشوترى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان بەڕێوەچو، لە سەرەتادا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کورتەیەکى لەبارەى ئەنجامى سەردانەکەیان بۆ ئوردون و دیدار و کۆبونەوەکانى لەگەڵ وەزیرى خوێندنى باڵا-ى ئوردونى و زانکۆکانى ئەو وڵاتە بۆ وەفدى میوان خستەڕو، ڕاشگەیاند: ئەوەى بەلاى ئێمەوە گرنگە چۆنیەتى جێبەجێکردنى ئەو ڕێکەوتنامەییە کە لە نێوان ئێمە و لایەنى ئوردونى ئیمزا کرا، بۆ ئەوەش پێشنیازى پێکهێنانى کۆمیتەیەکى باڵا-ى کرد بۆ ئەوەى میکانزمەکانى جێبەجێکردنى خاڵەکانى ئەو ڕێکەوتنامەیە دابڕێژێ، لەهەمان کاتدا سیاسەتى گشتى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەردولا دابنێ، وتیشى جێبەجێکردنى ئەو ڕێکەوتنامەیە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەى پەرەى زیاتر بەپەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانمان بدەین، بەتایبەت بۆ ئاڵوگۆڕى ستافى زانستى و ڕەوانەکردنى خوێندکار و دانپیانان بە زانکۆکانى هەردولا.
لە بەرامبەردا، کونسڵى ئوردون خۆشحاڵى خۆى بەو سەردانەى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ وڵاتى ئوردون دەبڕى و بەگرنگیەوە باسى لە پەیوەندییە دوقوڵییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئوردونى کرد، بۆ جێبەجێکردنى ڕێکەوتنامەکەش کونسڵى ئوردون سەربارى جەختکردنەوە لەسەر پێشنیازەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا، جەختى لە زوتر جێبەجێکردنى ڕێکەوتنامەکە کرد بەتایبەت دانپیانان بە زانکۆکان.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، گفتوگۆیان لەبارەى چەند خاڵێکى دیکەى هاوبەشى نێوانیان کرد.