د.یوسف گۆران: پێکهاتەکان بەشێکى گرنگى ناسنامەى کوردستانن

didar23

بەبەشدارى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، نوێنەرى وەزارەتى ئەوقاف و نوێنەرى سەرجەم پێکهاتە ئاینى و نەتەوەییەکانى هەرێمى کوردستان و، (د.ئەحمەد دزەیى) سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (27/2/2018) کۆلێژى ئەدەبیات لە زانکۆى سەڵاحەدین بەهەماهەنگى ڕێکخراوى مەسەلە بۆ پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان و، بەپاڵپشتى یەکێتیى ئەوروپا و، ڕێکخراوى (UPP) نێودەوڵەتى، دیدارى (فەرهەنگ و پێکەوە ژیانى ئاشتیانەى پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکانى هەرێمى کوردستان) لە هۆڵى سێنتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەددین بەڕێوەبرد.

پێکەوەژیانى پێکهاتە یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانى کوردستان

بەو بۆنەیەوە، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارێکیدا دواى ئەوەى خۆشحاڵى خۆى بەئامادەبون لەو دیدارە دەربڕى، کە تایبەتە بە قسەکردن لەسەر یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکانى ئەمڕۆى کوردستان و ئێراق و جیهان، ئەویش پێکەوەژیانى پێکهاتە و کەمینەکانە .

ئێراق نەبۆتە نیشتمانى ڕاستەقینەى هەمو پێکهاتەکان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: مافى پێکهاتە ئاینى و نەتەوەییەکان هەر لەسەرەتاى دروستبوونى دەوڵەتى ئێراقى بابەتێکى پڕ مشتومڕو کێشە بوە، هەرچەندە دامەزرێنەرانى دەوڵەتى ئێراقى لەساڵى (1921) و، پاشانیش ئامانجی سەرەکییان دروستکردنى دەوڵەتێکى سەرونەتەوەیى_ئاینى بوە، بەڵام سەرکەوتنیان بەدەستنەهێناوە، بۆیە ئەو دەوڵەتە نەیتوانیوە هەمو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت، وتیشى: پاش ڕوخانى ڕژێمى سەددام لەدواى (2003) هەمو هیواکان خۆیان لە دەوڵەتێکى دیموکراسى و فیدراڵى دەبینیەوە، هەرچەندە دەستورى (2005) بەشێکى زۆرى مافى پێکهاتەکانى زامن کرد، بەڵام لەڕوى کردارەکیەوە ئێراق نەبوە نیشتمانى ڕاستەقینەى هەمو پێکهاتەکان، بەڵکو بەپێچەوانەوە شەپۆلێکى فراوانى کۆچکردنى پێکهاتەکان بۆ هەرێمى کوردستان و دەرەوەى وڵات دەستى پێکرد.

لە کوردستان مافى پێکهاتەکان بەکردار دابینکراوە

لەبەشێکى دیکەى وتەکانیدا د.یوسف گۆران وتى: هەرێمى کوردستان هەر لەسەرەتاى ئەزمونى خۆیدا لە بوارى سیاسى و ڕۆشنبیرى کارى بۆ پێکهاتەکان کردوە، بۆ نمونە لەحکومەت بەشێوەیەکى کارا بەشدارن و، لە پاڕلەمانی کوردستان (١١) کورسیان بۆ تەرخانکراوە، ئەوە جگە لە دەستەبەرکردنى مافى خوێندن بەزمانى خۆیان و چەندین مافى دیکە، کە ئەمانەش جگە لە کوردستان  تا ئێستا لە ئێراق بەو شێوەیە نیە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا کارى بۆ پێکەوەژیان کردوە

لە کۆتایى وتارەکەشیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە ڕۆڵ و ئەرکى وەزارەتەکەى لەو بارەوەکرد و، ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان باوەڕى تەواوى بەو ئەرکە نیشتمانییە هەیە کە کەوتۆتە سەرشانى و، بەجدیش کارى بۆ ئەوە کردوە، نمونەش کردنەوەى بەشى سریانییە لە زانکۆى سەڵاحەددین، ئاشکراشیکرد پێکهاتەکان بەشێکى سەرەکى ناسنامەى کوردستانن و، ئێمەش وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان شانازى بەو فرەییە دەکەین و ئەیپارێزین و گەشەى پێدەدەین.

زانکۆکان هۆشیارى پێکەوەژیان-یش بڵاودەکەنەوە

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین لەمیانى وتەیەکدا لەپاڵ بەخێرهێنان و دەربڕینى خۆشحاڵى خۆى بەبەشدارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کارى زانکۆکان تەنها پێگەیاندنى کادیر نیە لەڕوى زانستیەوە، بەڵکو ئەرکێکى دیکەى زانکۆ کارکردنى جدیە بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى پێکەوەژیانى ئاشتیانەى کۆمەڵگە، وتیشى ئەو هەوڵەى ئێمە هەنگاوێکە بۆ کارێکى لەو جۆرە.

لایەنەکانى پێکەوەژیان و چۆنیەتى پتەوکردنى پەیوەندییەکان تاوتوێکران

لە دیدارى (فەرهەنگ و پێکەوە ژیانى ئاشتیانەى پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکانى هەرێمى کوردستان) چەند پانێڵێک پێشکەش کران، کە تیایدا باس لە مێژوى بەیەکەوەژیان لە هەرێمى کوردستان و، کارکردن بۆ بەرەوپێشبردن و ڕونکردنەوەى مافى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان بەپێى یاسا کارپێکراوەکانى هەرێم و، ئەرک و مافى پێکهاتەکان لەڕوى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابورییەوە تاوتوێ کران.