وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەمو توانا مرۆییەکانى زانکۆکان لە پزیشکان و پسپۆڕان و ئەکادیمییەکانمان پشتیوانى وەزارەتى تەندروستى و دامودەزگاکانى تەندروستى دەبن لەهەمو ڕوێکەوە و، ژێرخانى زانستى کۆلیجەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و سێنتەرەکانى توێژینەوە لە خزمەت ڕوبەڕوبونەوەى ئەو ڤایرۆسە دەبن.
ئەم پاڵپشتى و پێشکەش کردنى هاوکاریەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٢/٢٠٢٠) لە میانى سەردانى کردنى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستانى هات کە ڕاوێژکار و ژمارەیەک لە سەرۆکى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان یاوەریان دەکردو لەلایەن د. سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى پێشوازیان لێکرا.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەهەمو شارەکان لێژنەى هاوبەشى پێکهێناوە لە کۆلێجەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان و زانستە بنچینەییە پەیوەندارەکان بۆ هۆشیار کردنەوەى هاوڵاتیان، وتیشى: هەمو توانا مرۆییەکانى زانکۆکان لە پزیشکان و پسپۆڕان و ئەکادیمییەکانمان پشتیوانى وەزارەتى تەندروستى و دامودەزگاکانى تەندروستى دەبن لەهەمو ڕوێکەوە بۆ سەرکەوتن بەسەر بڵاو نەبونەوەى ئەو ڤایرۆسە لە کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: ئەو تیمانەى لە ئاستى شارەکان پێکدێن لەنێوان بەشە پزیشکییەکان لە زانکۆکان هاوکار دەبن لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى و ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەى نەخۆشیەکەو پلانى چارەسەرو ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و ڕاوێژو ڕاپۆرتى بەردەوام بۆ پشتیوانیکردنى هەوڵەکانى وەزارەتى تەندروستى، هەر لە چوارچێوەى هەنگاوەکانى هاوکارى و پشتیوانى وەزارەتى تەندروستى د.ئارام محەمەد قادر وتى: ئێمە لە وەزارەت بڕیارمانداوە هەمو ژێرخانى زانستى کۆلیجەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و سێنتەرەکانى توێژینەوە لە خزمەت ئەم پرۆسەیە دەبن.
لەبەرامبەردا د.سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەگرنگى و بایەخەوە سوپاسى ئەو دەستپێشخەریە گرنگەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد و، بەهەنگاوێکى گرنگى کارکردنى هاوبەشى دایە قەڵەم، لەپاڵ دەربرینى خۆشحاڵى خۆى و وەزارەتەکەى داواى لە وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد ئەزمون و توانا مرۆییە زانستیەکان و شارەزایى وەزارەت و پسپۆڕان و پزیشکان لەخزمەت هۆشیارى هاوڵاتیان بخرێتەگەڕ و لەقۆناغەکانى داهاتوى ڕوبەڕوبونەوەى ئەو ڤایرۆسەشدا هەماهەنگیەکان درێژەیان هەبێت، هەر لە وتەکانیدا وەزیرى تەندروستى بە وردى گرنگترین ئەو ڕێککارانەى بۆ وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خستەڕو کە بۆ ڕێگرى و ڕوبەڕوبونەوەى ئەو ڤایرۆسە لەهەرێمى کوردستان گرتویانەیە بەر.