له‌ چین خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان خولی ڕاهێنانیان بین و ناوچه‌ كه‌لتوری و مێژوییه‌كانیان به‌سه‌ركرده‌وه‌

china

له‌ پێناو پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌ زانستی و ئه‌كادیمیه‌كانی و ئاڵوگۆڕی كه‌لتوری و ئاشنابون به‌پێشكه‌وتنه‌كان ژماره‌یه‌ك له‌ خوێندكارانی ده‌سته‌بژێری زانكۆكانی كوردستان گه‌یشتنه‌ كۆماری میللی چین.

گروپی یه‌كه‌می خوێندكاران كه‌ له‌لایه‌ن د.خه‌تاب شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی و دارایی سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن، هه‌ریه‌ك له‌ د.محمد حسین كه‌لاری به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كیه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، هێمن ئه‌مین شوانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هاوه‌ڵی ده‌كرێن، به‌گه‌یشتنیان به‌ به‌یجینی پایته‌ختی كۆماری میللی چین له‌لایه‌ن كۆمپانیای (هواوی)یه‌وه خولی ڕاهێنانیان له‌ بواری زمان و ئایتی بۆ ڕێكخرابوو و، له‌سه‌ره‌تادا ڕاسته‌وخۆ  له‌ زانكۆی (په‌كین بۆ كه‌لتور و زمان) ده‌ستیان به‌خولی فێربونی زمانی چینی كرد، له‌و خوله‌دا كه‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژ به‌رده‌وام بوو، خوێندكاران به‌شێوه‌یه‌كی تیوری و پراكیتكی له‌ بواری زمانی چینی ڕاهێنانیان پێكرا، دواتریش له‌ مه‌راسیمێكدا له‌لایه‌ن كۆمپانیای هواویه‌وه‌ بڕوانامه‌ی ده‌رچون به‌سه‌ر به‌شداربوندا دابه‌شكرا.

له‌ هه‌فته‌ی دوه‌می سه‌ردانه‌كه‌شیاندا هه‌مان گروپی خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان له‌ شاری (شینژین)ی هه‌مان وڵات هه‌ر له‌لایه‌ن كۆمپانیای هواویه‌وه‌ خولی تایبه‌تیان له‌ بواری ئایتی بۆ ڕێكخرا، له‌و خوله‌شه‌دا خوێندكاران به‌نوێترین ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م له‌ بواری (ICT) ئاشنا كران، له‌ كۆتایشدا له‌لایه‌ن كۆمپانیای هواویه‌وه‌ بڕوانامه‌ی ده‌رچون به‌سه‌ر خوێندكارانی به‌شداربو دابه‌شكرا.

له‌به‌رامبه‌ردا  د.خه‌تاب شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی و دارایی له‌ په‌یامێكیدا به‌ناوی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سوپاسی كۆمپانیای هواوی كرد بۆ ڕێكخستنی ئه‌و سه‌ردانه‌ زانستیه‌، هه‌روه‌ك ده‌ستخۆشی له‌ مامۆستایانی خوله‌كه‌ كرد و، پیرۆزبایی له‌ خوێندكارانیش كرد، هیواشی خواست ئه‌و جۆره‌ سه‌ردانه‌ زانستیانه‌ به‌رده‌وامی پێ برێت و خوێندكارانیش سود له‌ زانیارییه‌كان وه‌ربگرن بۆ په‌ره‌پێدانی ئاستی زانیارییه‌كانیان و خزمه‌تكردن له‌ پێناو خزمه‌تكردن به‌ كوردستان، دواتریش چه‌ند تابلۆیه‌كی كورده‌واری پێشكه‌ش به‌ كۆمپانیای هواوی كرد.

ئه‌م گروپه‌ی خوێندکارانی زانكۆكانی كوردستان كه‌ ژماره‌یان (10) خوێندكاره‌ بەپێیى رێکەوتنامەى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کۆمپانیاى هواوى كه‌ له‌ رێکەوتى (١٨/٤/٢٠١٧)ئیمزا کرا سه‌ردانی كۆماری میللی چینیان كردوه‌، مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانه‌كه‌شیان بۆ ڕاهێنان لە بوارى (ICT).

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌ پێناو پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ كه‌لتوری و ئاشنابونی خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان به‌ئه‌زمونی ده‌وڵه‌مه‌ندی كۆماری میللی چین، گروپێكی دیكه‌ی ده‌سته‌بژێری خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان كه‌ له‌لایه‌ن عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن به‌هه‌مان شێوه‌ گه‌یشتنه‌ به‌یجینی كۆماری میللی چین.

به‌گه‌یشتنی ئه‌و گروپه‌ی دیكه‌ی خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌كانیان بۆ شوینه‌ كه‌لتوری و مێژوی و به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستپێكرد، له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌شیان له‌ به‌یجینی پایته‌خت سه‌ردانی چه‌ندین شوێنه‌واری دێرینی وه‌ك شورای چین و، كۆشكی پادشایه‌تی و، شاری قه‌ده‌خه‌كرا و، چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌یان به‌سه‌ركرده‌وه‌، له‌وه‌شدا شارەزایى ئەزمون و کەلتورى كۆماری میللی چین ئەزمونی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌و وڵاته‌ بون، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌ردانی به‌شی زمانی عه‌ره‌بی له‌ سكوڵی فێربونی زمانه‌ بیانیه‌كانیان له‌ زانكۆی په‌كین كرد، له‌ میانه‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌شیاندا یه‌ك یه‌كه‌ی خوێندكاران سمیناریان پێشكه‌ش، له‌ میانه‌ی سمیناره‌كانیاندا كورته‌یه‌كیان له‌ باره‌ی زانكۆكه‌یان و ناوچه‌كانیان پێشكه‌شكرد، له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی به‌شی زمانی عه‌ره‌بی سه‌رسامی خۆی پیشاندا به‌و پێشكه‌وتنه‌ زانستی و ئه‌كادیمیه‌ی له‌ كوردستان به‌دیهاتوه‌، له‌ كۆتایشدا له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی نه‌خشه‌ی كوردستان و تابلۆیه‌كی كورده‌واریان پێشكه‌ش به‌ به‌شی زمانی عه‌ره‌بی كرا.

له‌ ڕۆژانی دواتریشدا له‌ چه‌ند شارێكی دیكه‌ی كۆماری میللی چین ئه‌م گروپه‌ی خوێندكاران درێژه‌ به‌ به‌سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌كانیان بۆ ناوچه دێرین و كه‌لتورییه‌كانی كۆماری میللی چین دا.

‌ ئه‌م گروپه‌ی خوێندكارانی زانكۆكان كوردستان كه‌ ژماره‌یان (10) خوێندکارانە وەک دوەمین گروپ بۆ ساڵى دوەم لەسەر بانگهێشتى کونسڵگەرى كۆماری میللی چین له‌ كوردستان دەچنە ئەو وڵاتە، مەبەستى سەردانەکەشیان بریتیە لە ئاشنابون بەکەلتور و ئەزمونى پێشکەوتوى ئەو وڵاتە له‌ بواره‌ جیاكان.

هه‌ردو گروپی خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان كه‌ ژماره‌یان (20) خوێندكار بوو دوای به‌شداریكردن له‌ خوله‌كانی فێربونی زمان و ڕاهێنان له‌ بواری ئای سی تی و، به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ناوچه‌ كه‌لتوری و مێژوی و شوێنه‌وارییه‌كان كۆتاییان به‌سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ كۆماری میللی چین هێنا و، له‌ ڕێكه‌وتی (28/9/2017) له‌ ڕێگه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر گه‌ڕانه‌وه‌ كوردستان.