د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند لە دیوانى وەزارەت هەنگاوەکانى بەئەلیکترۆنیکردنى کاروبارەکانى وەزارەتەکەمان دەستپێکردوە، یەکەم هەنگاوی ئەو کارەشمان بەئەلیکترۆنیکردنى کاروبارى داراییە، بەوەش سەرجەم پڕۆسەکانى داهات بەئەلکترۆنى دەکرێت و زانکۆکانیش بەسیستمى ئەلکیترۆنى داهاتەکانیان ڕەوانەى وەزارەت دەکەن.
ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٣/٨/٢٠١٧) لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکى زانکۆکان هات، لەو کۆبونەوەیەدا کە لە دیوانى وەزارەت بەئامادەبونى د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و، بەڕێوەبەرى دارایى و چاودێرى دارایى لە دیوانى وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرەکانى دارایى لە زانکۆکان ئامادەیبون هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەى سەربەخۆى دارایى زانکۆکان کرا.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران لە وتەیەکیدا مەبەستى کۆبونەوەکەى ئاشکرا کرد و وتى: ساڵى پارە کە پڕۆژەى خۆبەڕێوەبردنى زانکۆکانمان دەستى پێکرد یەکەم وەزارت بوین لە حکومەتى هەرێم بەپڕۆژە دەستمان بەو کارە کرد، بۆیە لە ئێستادا ئەنجامەکانى ئەم پڕۆژەیە بۆ ئێمە جێگەى دڵخۆشکەرە، چونکە زانکۆکان داهاتى زۆریان بۆ هاتوەو و توانیویانە کاروبارەکارەکانیان بەڕێوەببەن، بەوەش توانیمان خەونێکى لە مێژینەى زانکۆکان بەدەست بێنین کە ئەوەش خەونى سەربەخۆى دارایى زانکۆکان بو، د.یوسف گۆران وتى: پڕۆژەى سەربەخۆى هەنگاونان بەرەو سەربەخۆى دارایى زانکۆکان دواى ئەوەى ئەنجومەنى وەزارەت بڕیارى لەسەردا، خۆشبەختانە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران پڕۆژە بڕیارەکەى پەسندکرد.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لەم کۆبونەوەیەدا دەمانەوێ هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو ماویە بکەین کە پڕۆژەکەى تێدا جێبەجێکراوە، پاشان ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو کەموکوڕیانە بدۆزینەوە کە هاتونەتە پێش جێبەجێکردنى خاڵەکانى پڕۆژەکە، وتیشى بۆ ڕێگرتن لە بەلارێدابڕدنى پڕۆژەکە دەبێ خۆمان بەردەوام ثێداچونەوەى بۆ بکەین، بەو شێوەیەش باشتر دەتوانین پایەکانى پتەوتر بکەین.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، د.یوسف گۆران ئاماژەى بەچەند کێشەیەک کرد و لەوبارەیەوە وتى: یەکێک لە کێشەکانى زانکۆکان و تەنانەت خودى وەزارەتیش ئەوەیە تا ئێستا نەمانوتانیوە خۆمان بەباشى و بەتەواوەتى لەگەڵ ئەو سیستمە تازەیە بگونجێنین، چونکە داهاتێکى زۆر هاتۆتە زانکۆکان، بەڵام شێوازى بەڕێوەبردنى کاروبارى دارایى لە دیوانى وەزارەت و زانکۆکان هەر ئەو پەیکەرە کارگێڕییە کە پێشتر هەبوە، ئەو پەیکەرەش لەگەڵ ئەو داهاتە زۆرى زانکۆکان ناگونجێ و، بەڕێوەبەرەکان کەمتر دەتوانن بپرژێنە سەر کارەکانی ئەو داهاتەو چۆنیەتى خەرجەکردنیان، وتیشى ئەوەش کێشەى بۆ ئێمە دروست کردوە، چونکە مانگانە لەسەر ئاستى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان داواى خەرجى و داهاتمان لێ دەکەن تا هەڵسەنگاندن بۆ ئاستى لایەنە باش و خراپەکانى ئەو پڕۆژەیە بکەن، کە پەسندیان کردوە، بەڵام نەیانتوانیوە، بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرۆکى زانکۆکان و بەڕێوەبەرى دارایى سەرجەم زانکۆکانى ڕاسپارد مانگانە لە کاتى خۆیدا تەرازوى پێداچونەوە (میزانیة مراجعة) بۆ وەزارەت ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەى ڕەوانەى لایەنە پەیوەندارەکان لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى کاروبارى دارایى و ئابورى بکەن، هەروەک جەختى لەسەرئەوەش کردەوە کە دەبێ ئەمڕۆ نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرى گرفتەکان دابرێژین، وتیشى لەهەمان کاتدا پێویستە زانکۆکان وەک ئەوەى لە بودجەدا هەیە هەر زانکۆکیەک بوجدەیەکى خەمڵاندن دابنێین تا بەرچاومان ڕون بێ.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دەبێ میکانزمێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەى لەو داهاتەى دێتە زانکۆکان هاوکاریەکى مانگانەى مامۆستایانیش بکەین، د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند کە چەند جارێک سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان پاڵپشتى خۆیان بۆ وەزارەت دوپاتکردۆتەوە کە هەماهەنگى داهاتى زانکۆکان بکەن بۆ ئەوەى هاوکارى مامۆستایان بکەن.
لە بەشى کۆتاى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پڕۆسەى بەئەلیکترۆنیکردنى دیوانى وەزارەت دەستپێکراوە و، یەکەم هەنگاویش لە کاروبارى داراییەوە دەستمان پێکردوە، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆکانى ڕاسپارد لە داهاتى زانکۆکانیان هەنگاوەکانى بەئەلیکترۆنیکردنى زانکۆکانیان دەست پێ بکەن.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، سەرۆکى زانکۆکان چەندین پێشنیاز و بۆچونیان خستەڕو سەبارەت بەچارەسەرکردنى کێشەکان و باشتر ڕایکردنى کاروبارەکان، لە کۆتایشدا کۆبونەوەکە گەیشتە ئەم بڕیارانە:
- دانانى وادەیەک بۆ ڕەوانەکردنى تەرازوى پێداچونەوە (میزانیة مراجعة) بۆ وەزارەت لە کاتى خۆیدا، بەشێوەیەک لە (١٠)ى هیچ مانگێک تێپەڕ نەبێ.
- دروستکردنى کۆمیتەیەکى داهات لە دیوانى وەزارەت بۆ هەڵسەنگاندنى شێوازى خەرجکردنى داهاتەکان.
- کۆکردنەوە و یەکخستنى یەکەکانى ژمێریارى هەر زانکۆیەک لە یەک یەکەى ژمێریاریدا.
- پێویستە هەر زانکۆیەک بودجەى خەمڵاندنى ساڵى (٢٠١٨) تا ڕێکەوتى (١٥/١٠) دیارى بکات.