سه‌رجه‌م قوتابيانی زانكۆی شاهانه‌ی به‌ريتانی له زانكۆ ئههليهكانی تر وهردهگيرێنهوه
به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یه‌كی هه‌میشه‌یی و دڵخۆشكه‌ر بۆ كێشه‌ی قوتابيانی زانكۆی شاهانه‌ی به‌ريتانی، له دوا كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت له ڕێكه‌وتی 7/9/2011 كه سه‌رجه‌م سه‌روك يان نوێنه‌رانی سه‌روك و ده‌سته‌كانی خوێندنی ته‌كنيكی هه‌رێم ئاماده‌ی بوون، ئه‌و بابه‌ته به تێروته‌سه‌لی تاوتوێ كرا. له دوای ڕه‌چاو كردنی گشت به‌ڵگه و ڕاستيه‌كان، بڕيار درا كه سه‌رجه‌م ئه‌و قوتابيانه به‌بێ پێشبڕكێ له زانكۆ ئههليهكانی تر وه‌ربگيرێن. ئه‌و بڕياره‌ش كه داوای خودی قوتابيان و دايك و باوكانيان بووه، له به‌رژه‌وه‌ندی قوتابيانه و بۆ خاتری پاراستنی دواڕۆژ و چاره‌نووسی ئه‌و لاوانه دراوه.
ووردهكاريهكان:
دیاره له ئێستادا دوو گرووپی قوتابیان له زانكۆی شاهانه‌ی بهريتانیدا ناونوس كراون:
- گرووپی یه‌كه‌م ئه‌و قوتابيانهن كه له ساڵی 2009 به شێوه‌یه‌كی یاسایی وه‌رگیرابوون و ئيمساڵ له قۆناخی دووه‌مدا خوێندوويانه. ئه‌وانه تووشی دڵه‌ڕاوكێ ببون به هۆی نادياری چاره‌نووسيان له ئه‌نجامی كێشه‌كان.
- گرووپی دووه‌م ئه‌و قوتابيانهن كه به‌شێوه‌يه‌كی نایاسایی له‌ساڵی 2010 دا خزێندرابوونه ناو پۆله‌كان و له وه‌زاره‌تدا هیچ داتا و ئامارێكی فه‌رمی له‌به‌رده‌ست نه‌بووه چونكه وه‌رگرتنيان به‌پێی پلانی وه‌رگرتن نه‌بووه و ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تیشی له‌سه‌ر نه‌دراوه.
هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵی خوێندنی پارساڵه‌وه له وه‌زاره‌ته‌وه فه‌رمان به زانكۆی شاهانه‌ی به‌ريتانی درابوو كه قوتابی وه‌رنه‌گرێت به‌لام زانكۆكه هه‌وڵی دا كه ژماره‌يه‌كی زۆر له قوتابيان وه‌ربگرێ و وه‌ك ئه‌مری واقيع له‌سه‌ر حكومه‌ت فهڕزيان بكات. بۆ خاتری يهكلايی كردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه، هه‌ر له زووه‌وه ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت چوار ئیختیاری وه‌ك چاره‌سه‌ر خسته به‌رده‌م قوتابيانی گرووپی دووه‌م. به‌ڵام ئاره‌زووی زۆرينه‌ی قوتابيان ئه‌وه بوو كه به ڕوون و ئاشكرايی هه‌ر له ئێسته‌وه چاره‌نووسيان دياری بكرێت و له وه‌زاره‌ته‌وه بڕيار بدرێت كه هه‌موويان له هه‌مان بواری پسپۆڕی خۆيان‌دا بخوێننه‌وه.
بۆيه‌ش له كوبوونه‌وه‌ی ڕوژی چوارشه‌ممه 7/9/2011 ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت به كۆی ده‌نگ بریاری دا كه بێجگه له چوار ئيختيارهكهی پێشتر، ئيختياری پێنجه‌م بخرێته به‌رده‌م سه‌رجه‌م قوتابیه‌كانی هه‌ردوو گرووپی ئاماژه‌پێكراو و به‌پێی قۆناخ و بواری پیسپوریان له‌و سێ زانكویهی خواره‌وه وه‌ربگیرێن:
- زانكوی هه‌ولێری تایبه‌ت بو زانست و ته‌كنولوجی
- زانكوی جیهان
- زانكوی ئیشق
مایه‌ی خوشحالی و سوپاسی بێ پایانه كه‌سه‌ركرده‌كانی هه‌رسێ زانكو ئاماده‌یی خویان بۆ هاوكاری قوتابيان و وه‌رگرتنيان له هه‌مان بواری پسپۆڕيان نیشان داوه. هه‌ر له ئێستايشه‌وه فورمی تایبه‌ت بهوهرگرتن له‌و سێ زانكویانه به ده‌ست ده‌كه‌وێت. داوا له‌قوتابیانی خوشه‌ویست ده‌كه‌ین كه‌په‌یوه‌ندی به‌و زانكۆيانهوه بكه‌ن و فۆڕمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش به یه‌ك له‌و زانكویانه بكه‌ن. دواتر، بۆ خاتری ووردبینی كردن و ده‌ركردنی فه‌رمانی وه‌زاری به وه‌رگرتنیان، زانكۆكان ناوی قوتابيه‌كان به‌پێی مه‌رج و ڕێنماییه‌كانی وه‌رگرتن ریزبه‌ند ده‌كه‌ن و بۆ وه‌زاره‌تی ده‌نێرێن. قوتابیانی ئازیز دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كهههریهكێك مه‌رجه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی وه‌رگرتنی تیا به‌دی بكرێت ئه‌وا وه‌رده‌گیرێت به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ریزبه‌ندیه‌كه‌ی.
لێره‌دا داوا له‌سه‌رجه‌م ئه‌و قوتابیانه ده‌كه‌ین كه ده‌یانه‌وێ سوود له‌م چاره‌سه‌ره بنه‌ڕه‌تیه وه‌ربگرن به‌زووترین كات په‌یوه‌ندی به‌هه‌رسێ زانكو ئه‌هلیه‌كانه‌وه بكه‌ن تاوه‌كو له‌گه‌ڵ قوتابیانی تردا ناویان بخرێته ناو فه‌رمانی وه‌زاریه‌وه. ئه‌وقوتابیانه‌ی بڕیاريان داوه چیتر نه‌گه‌ڕێنه‌وه زانكوی ئه‌هلی، بویان هه‌یه بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌به‌پێی سیسته‌می ناوه‌ندی وه‌رگرتن لێیوهرگیرابوون، وه‌یان بێنه‌وه ناو كێبركێ به‌پێی وه‌رگرتنی ساڵی خوێندنی 2011-2012.
دياره كه قوتابیه‌كانی قوناغی یه‌كه‌م به نایاسایی و به‌بێ ئاگاداری وه‌زاره‌ت له‌لایه‌ن زانكوی شاهانه‌ی به‌ریتانی وه‌رگیرابوون، و وه‌زاره‌ت دڵنیا نه‌بووه له‌مه‌رج و شێوازی پلانی وه‌رگرتنیان و پیاده‌كردنی پروسه‌ی دڵنیایی جوری و ڕێكاریهكانی تایبه‌ت به تاقیكردنه‌وه‌كان. هاوكات ژماره‌یه‌كی زۆر له قوتابیان له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی خوێندن و به‌مه‌به‌ستی پابه‌ندبوون به‌یاسا وازیان لهدهوامكردن هێنا و ته‌نها به‌شێكيان چوونه تاقیكردنه‌وه‌كان. ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه اعترافیان پێناكرێ. بۆیه ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت بریاری داوه كه ناكرێ به هيچ شێوه‌يه‌ك اعتراف به‌تاقیكردنه‌وه‌ی ناياسايی كه‌مینه‌یه‌كی قوتابیان بكرێ و ئه‌وانه‌يش كه پابه‌ندی یاسا بوونه زه‌ره‌رمه‌ند ببن.
دواپهيام
بۆ ڕای گشتی و قوتابیان و خانوادهكانيان ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه كه زانكوی شاهانه‌ی به‌ریتانی چوار داوای له‌سه‌ر وه‌زاره‌تمان به‌رزكردبووه‌وه و دواتر هه‌موو ئهوداوایانه به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن خودی ئه‌م دادگایانه ڕه‌ت كراونه‌ته‌وه و سه‌رجه‌م بریاره‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا دراوون. زانكوی ناوبراویش له‌م بریارانه ئاگاداركراوه. به‌ڵام ئه‌وان به‌پێچه‌وانه‌ی ئتێكی پڕۆفیشهڵانه ڕاستیهكانيان له‌خه‌ڵك و قوتابیان شاردوتهوه و هه‌واڵه‌كانيان به نيوهچڵی بۆ چه‌واشه‌كردن به‌كار هێناوه.
جێگای ئاماژه پێكردنه كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت به پێی ئه‌وده‌سه‌ڵاته‌ی پێی دراوه بریاری یه‌كلا كه‌ره‌وه‌ی داوه كه چيتر له ئاينده‌دا و به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی قوتابی له‌م زانكویه وه‌رناگیرێت. ئه‌و بڕياره له چوار كۆبوونه‌وه‌ی جيادا به كۆی ده‌نگ له لايه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ته‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه، بۆيه قابيلی گۆڕان نيه.