د.یوسف گۆران: ئه‌گه‌ر ڕاستگویی و ئیراده‌ له‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب هه‌بێ، ده‌توانین چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان بكه‌ین

دیداری زانستی نێوان زانكۆی كۆیه‌ و زانكۆی به‌غداد

د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر ڕاستگۆیی و ئیراده‌یه‌كی به‌هێز بۆ گفتوگۆكردن هه‌بێ و، به‌ چوارچێوه‌ی ئایده‌لۆجی و سیاسی و ڕوناكبیری پێش وه‌خته‌ سنوردار نه‌كرابێ ده‌بێته‌ كلیلی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌ره‌وپیشبردنی هه‌ر گفتوگۆیه‌كی كاریگه‌ر كه‌ له‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب دروست ده‌بێ.

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (28/4/2019) له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی وتارێكیدا هات، كه‌ له‌ دیداری زانستی نێوان زانكۆی كۆیه‌ و زانكۆی به‌غداد پێشكه‌شیكرد.

له‌و دیداره‌ زانستیه‌دا، كه‌ به‌ناونیشانی (ڕۆشنبیری و بابه‌تی پێكه‌وه‌ژیانی هاوبه‌ش- گفتوگۆی عه‌ره‌بی/ كوردی ئێراقی) له‌ یادی كۆچكردوان (هادی عه‌له‌ویی و فالح عبدول جه‌بار) له‌ زانكۆی كۆیه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایانی زانكۆ و توێژه‌ران و كه‌سایه‌تیه‌ سیاسی و ڕوناكبیرییه‌كان ئاماده‌ن، به‌پێشكه‌شكردنی چه‌ند وتارێك ده‌ستپێكرد.

 

بابه‌ته‌كانی دیداره‌كه‌ گرنگی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و، دوای ساتێك ڕێزگرتن بۆ گیانی پاكشی شه‌هیدان، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی گرنگی پێشكه‌شكرد، له‌ وتاره‌كه‌یدا دوای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بوان وتی: به‌خێربێن بۆ شاری كۆیه‌ شاری ڕوناكبیران و ئه‌دیبان، شاری حاجی قادی كۆیی و مه‌لای گه‌وره‌ و مه‌سعود محمد و مام جه‌لال-ی تێكۆشه‌ر، وتیشی ئه‌م شاره‌ له‌ قوتابخانه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانیدا به‌شانازییه‌وه‌ ئه‌و ئه‌دیب و سیاسی و ڕوناكبیرانه‌ كوردستان و ئێراق سودیان له‌ زانست و ئه‌ده‌ب و سه‌ركردایه‌تیه‌كانیان وه‌رگرتوه‌...ئه‌مڕۆ ئه‌م شاره‌ شانازی ئه‌و میوانداری و كۆنگره‌ گرنگه‌ی پێبڕاوه‌، كه‌ بابه‌ته‌كانی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی گرنگی خۆی هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت گفتوگۆكردن.

 

كه‌لێنی كه‌لتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ له‌ نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه‌ دروست بوه‌

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له‌ گرنگی كۆنگره‌كه‌ كرد و ڕایگه‌یاند: به‌ستنی ئه‌م كۆنگره‌ فروانه‌ و ڕه‌هه‌نده‌كانی و ئاستی به‌شداربوان و نوخبه‌ی ڕوناكبیران و سیاسی و ئه‌كادیمیه‌كان ده‌رباره‌ی دیالۆگ و دیالۆگۆی كوردی عه‌ره‌بی به‌دیاریكراوی گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌م كاته‌دا كه‌ ئێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گۆڕانكاری سیاسی تێپه‌ڕده‌بێ،  ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و ده‌رهاویشته‌ سیاسی و ئه‌منی و ئابوریانه‌ی، كه‌ له‌ دوای شه‌ڕی داعش و بیری توندڕه‌وی هاتۆته‌ ئاراوه‌، كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ و بۆ نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه‌ ئێراق گیڕۆده‌ی ئه‌و بیره‌ توندڕه‌وی و توندوتیژییه‌ بۆته‌وه‌، د.یوسف گۆران ڕاشگه‌یاند: سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ ڕوی سه‌ربازیه‌وه‌ به‌سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وتوبوین، به‌ڵام كه‌لێنێكی كه‌لتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ی له‌ نێوان ڕۆڵه‌كانی ناوچه‌كه‌ دروست كردوه‌، بۆیه‌ وای ده‌بینین لایه‌نی ڕوناكبیری و دیالۆگ له‌ نیوان نه‌ته‌وه‌ سه‌ره‌كیه‌كان هاوكار ده‌بێ بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كان، به‌و مه‌رجه‌ی متمانه‌ و ئیراده‌یه‌كی به‌هێز له‌ نێوانیاندا هه‌بێ.

 

ده‌بێ نه‌ته‌وه‌كان خۆیان له‌ گرێی جیاكاری و خۆبه‌زلزانی به‌دور بگرن

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕونتر باسی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌ رێگه‌ی دیالۆگ كرد و ڕایگه‌یاند: د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر ڕاستگۆیی و ئیراده‌یه‌كی به‌هێز بۆ گفتوگۆكردن هه‌بێ و، به‌ چوارچێوه‌ی ئایده‌لۆجی و سیاسی و ڕوناكبیری پێش وه‌خته‌ سنوردار نه‌كرابێ ده‌بێته‌ كلیلی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌ره‌وپیشبردنی هه‌ر گفتوگۆیه‌كی كاریگه‌ر كه‌ له‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب دروست ده‌بێ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كاره‌كان له‌سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیان و چاره‌نوسی هاوبه‌ش ده‌ستپێ بكرێ و، خۆیان له‌و گرێ مێژویه‌یی په‌یوه‌ست به‌جیاكاری و خۆبه‌زلزانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ یان كه‌لتورێك له‌سه‌ر كه‌لتورێكی به‌دور بگرن، ئه‌و كات باشتر ده‌توانن به‌ها ڕوحی و ڕوناكبیریه‌ هاوبه‌شه‌كان بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ هانبدرێن، ئه‌وه‌ش له‌ سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی له‌ ماف و ئه‌ركدا، گومانی تێدا نیه‌ به‌و شێوه‌یه‌ و جه‌ختكردنه‌وه‌ی زیاتر و زیاتر له‌ سه‌ر برایه‌تی میلله‌تانی ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌ت كورد و عه‌ره‌ب ده‌گه‌ێنێ به‌كه‌ناری ئارام.

 

ده‌ستور به‌رهه‌می ده‌یان ساڵ خه‌بات و قوربانیدانه‌

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران باسی له‌ گرنگی ده‌ستوری ئێراق كرد و ڕایگه‌یاند: كه‌ باس له‌ پێویستی دیالۆك و پاڵپشتیكردنی بنه‌مای دامه‌زراوه به‌هێزه‌كان ده‌كه‌ین، نابێ ئه‌وه‌مان له‌ بیربچێ كه‌ ده‌ستور هه‌میشه‌یی ئێراق بنه‌ما و خاڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی بۆ پێكه‌وه‌ژیان و ژیانی هاوبه‌شی نێوان نه‌ته‌وه‌ و ئاینه‌كانی ئێراق داناوه‌ به‌تایبه‌ت له‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب، ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ی دانپیانان به‌هه‌ردو نه‌ته‌وه‌كه‌ له‌ ئێراق و دانان به‌ئێراق به‌وه‌ی كه‌ خاوه‌نی دوو زمانی ڕه‌سمیه‌، د.یوسف گۆران ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: ئه‌و ده‌قه‌ ده‌ستوریه‌ ڕونانه‌ گومانی تێدا نیه‌ به‌رهه‌می ده‌یان ساڵ قوربانیدان و خه‌باتی هاوبه‌شی گه‌لی كورد و عه‌ره‌به‌ دژی دكتاتۆریه‌ت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستهاتوه‌ به‌رهه‌می ئه‌و خه‌باته‌ هاوبه‌شه‌یه‌.

 

دیالۆك له‌ ژینگه‌یه‌ك ناكرێ نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ جیاكان تیایدا هه‌ست به‌نایه‌كسانی و مافخوراوی بكه‌ن‌

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌ ده‌ستوری هه‌میشه‌ی ئێراق، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ باوه‌ڕی ته‌واوه‌تیمان به‌و ده‌ستوره‌ و مادده‌ و بنه‌ماكانی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و ماددانه‌ی په‌یوه‌ست به‌مافی نه‌ته‌وه‌كان و پێكهاته‌كان، به‌ڵام ئه‌زمونه‌ مێژوییه‌كان ئه‌و ڕاستیه‌مان بۆ دوپات ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ یاخود مه‌حاڵه‌ باس له‌ پێكه‌وه‌ژیان و دیالۆك له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كان له‌ ژینگه‌یكدا بكه‌ین، كه‌ هه‌ستكردن به‌بێبه‌شبون و نایه‌كسانی و مافخواردن باڵاده‌ست بێ.

 

لایه‌نی كه‌لتوری و ڕوناكبیران ده‌توانن ڕۆڵی گرنگی گه‌وه‌ره‌ بگێڕن

له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ مێژویانه‌ و چاندنی تۆیی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كان، د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: بۆ ئه‌وه‌ی كه‌لتوری توندڕه‌وی به‌هه‌مو جۆر و شێوازه‌كانی بنه‌بڕبكرێ و، كه‌ دژ به‌ نه‌ته‌وه‌ و كه‌لتوره‌كان ده‌كرێ و، له‌ بری ئه‌وه‌ پردی په‌یوه‌ندی ڕوحی و كه‌لتوری و به‌هێز له‌ نێوانیاندا دروست بكرێ، كۆمه‌ڵگه‌ هاوشێوه‌كانی ناوچه‌كه‌ پێویستیان به‌وه‌یه‌ كه‌ تۆیی ڕوحی و برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان و په‌یوه‌ستبون له‌ نێوانیاندا بچێنن، هه‌ربۆیه‌ لایه‌نی كه‌لتوری و ڕوناكبیران ده‌توانن ڕۆڵی گرنگی گه‌وه‌ره‌ بگێڕن، ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ی دروستكردنی په‌یوه‌ندی دامه‌زراوه‌یی له‌ نێوان دامه‌زراوه‌كان به‌ جۆره‌ها شێواز و له‌ تێكڕایی ئاسته‌كان، واتا نه‌ك ته‌نها له‌ ئاست و بواری ڕۆشنبیری، به‌ڵكو له‌ بواره‌ زانستی و ئه‌كادیمیه‌كان و تێكڕایی بواره‌كانی دیكه‌.

 

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هانی تێكه‌ڵبون و دیالۆگی داوه‌

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌ی ته‌رخانكرد بۆ كار و پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌ت له‌ بواری پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتر قبوڵكردن، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كارمانكردوه‌ له‌سه‌ر داڕشتنی سیستم و پرۆگرامێكی فێربون كه‌ هانی تێكه‌ڵبون و دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی زانستی و ئه‌كادیمی له‌ نێوان خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ مامۆستایان و خوێندكاران له‌ زانكۆكانی ئێراق به‌تایبه‌ت و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی ده‌دات، ئه‌وه‌ش له‌ سۆنگه‌ی باوه‌ڕبونمان به‌وه‌ی كه‌ په‌روه‌رده‌ و فێربون و تێكه‌ڵبونی ئه‌كادیمی و زانستی ڕۆڵێكی گرنگیان له‌ نزیككردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان و داڕشتنی بنه‌مایه‌كی به‌هێز بۆ دیالۆگ هه‌یه‌.

 

به‌شداربوان خاوه‌ن مه‌عریفه‌یه‌كی زۆر و ئه‌زمونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندن

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی جارێكی دیكه‌ به‌خێرهێنانی ئاماده‌بوانی كرد به‌تایبه‌ت میوانانی خوار و ناوه‌ڕاستی ئێراق، هیواشی خواست  به‌هۆی ئاستی روناكبیری به‌شداربوان، كه‌ خاوه‌ن ئاستێكی به‌رزی مه‌عریفی و ئه‌زمونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندن كۆنگره‌كه بتوانێ‌ ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بێ له‌ قوڵكردنه‌وه‌ی دیالۆكی ڕاستگۆ له‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب، له‌ پێناو داهاتویه‌كی گه‌ش و پڕشنگدار بۆ گه‌لانی كوردستان و ئێراق له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا، هه‌روه‌ك سوپاس و ده‌ستخۆشی له‌ زانكۆی كۆیه‌ و زانكۆی به‌غداد و كۆمیته‌ی باڵای دیداره‌ زانستیه‌كه‌‌ و به‌تایبه‌ت ( د. سه‌ربه‌ست نه‌بی) كرد بۆ هه‌وڵ و سوربونیان له‌ سه‌رخستنی دیداری زانستی نێوان هه‌ردوو زانكۆكه‌‌.

 

دیداری زانستی سێ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێ

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی دیداره‌كه‌دا، پ.د.وه‌لی مه‌حمود حه‌مه‌د سه‌رۆكی زانكۆی كۆیه‌ و، وتاری سه‌رۆكی زانكۆی به‌غداد و وتاری كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری دیداره‌كه‌ پێشكه‌ش كرا، پاشان فیلمێكی دۆكیۆمینتاری له‌باره‌ی (هادی عه‌له‌ویی و فالح عبدول جه‌بار) نمایش كرا، دواتریش كارنامه‌ی دیداره‌ زانستیه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد.

دیداری زانستی زانكۆی كۆیه‌ و زانكۆی به‌غداد ماوه‌ی سێ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و، له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیستان و نوسران و ڕوناكبیران و كه‌سایه‌تیه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چه‌ندین بابه‌تی و توێژینه‌وه‌ی زانستی پێشكه‌ش ده‌كرێ.