وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ئیدانه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر مامۆستایه‌كی زانكۆ ده‌كات

1.jpg

 وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌توندی ئیدانه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر (د.عه‌باس عه‌بدولقادر ڕه‌باتی‌) مامۆستا له‌ زانكۆی هه‌ولێری پزیشكی ده‌كات، له‌هه‌مان كاتیشدا داوا له‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ده‌كات به‌زوترین كات ڕێكاری‌ یاسایی‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ بگیرێته‌به‌ر كه‌‌ هێرشیانكردۆته ‌سه‌ر ئه‌و پزیشكه‌.

(د. عه‌باس عه‌بدولقادر ڕه‌باتی‌) كه‌ مامۆستایه‌ له‌ زانكۆی هه‌ولێری پزیشكی،  له‌هه‌مان كاتدا پزیشكی‌ پسپۆڕی‌ منداڵانه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ڕاپه‌رینی هه‌ولێر، كه‌ سه‌ره‌ڕایی‌ خزمه‌ته‌كانی‌ خۆی‌ له‌و بواره‌دا، له‌ هه‌مان كاتدا وه‌ك مامۆستا له‌ زانكۆ چه‌ندین پزیشكی‌ پێگه‌یاندوه‌و، خزمه‌تێكی زۆری به‌ بواری خوێندنی باڵا له ‌هه‌رێمی كوردستان كردوه.

له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردودا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی په‌یوه‌ندی به‌ (د.عه‌باس عه‌بدولقادر ڕه‌باتی‌)  سه‌رباری دڵنه‌وایكردنی، له‌هه‌مان كاتدا پشتگیری خۆشی دوپاتكردۆته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هێرشبه‌رانه‌ ده‌سگیر بكرێن و ڕاپێچی به‌رده‌م دادگا بكرێن، لێره‌شدا جارێكی دیكه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان پشتگیری خۆی بۆ (د.عه‌باس عه‌بدولقادر ڕه‌باتی‌) دوپات ده‌كاته‌وه‌.

بۆیه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی داوا له‌ وه‌زاره‌تی ناوه‌خۆ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌ شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ین به‌زوترین كاتدا هێرشبه‌ران ده‌ستگیر بكات و ڕاپێچی به‌رده‌م دادگای بكه‌ن سزای یاسایی بده‌ن.

 مامۆستایانی زانكۆ‌ هه‌ڵگری په‌یامی په‌روه‌رده‌و فێركردنن، كه‌‌ پیرۆزترین په‌یامه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌، چونكه‌ له‌وێوه‌ بنه‌ماكانی شارستانیه‌ت وپێشكه‌وتن وئاینده‌ی گه‌شی كۆمه‌ڵگه‌ ڕه‌نگڕێژ ده‌كرێت، بۆیه‌ مامۆستایان له‌ هه‌مو قۆناغه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵ بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە، كه‌ بریتیه‌ له‌ گەیاندن زانست و زانیاری و پێگەیاندنی نەوە دوای نەوە بۆ ئەوەی خزمەتی کۆمەڵگەو نیشتیمانەکەیان بکەن، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ به‌یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ گرنگه‌كانی پڕۆسه‌ی خوێندنی باڵا دابنێن، ‌ لە ژێر دەستی مامۆستایانی زانكۆدا پزیشک و ئەندازیارو ئەفسەرو کەسانی ئەکادیمی پێڕادەگەن كه‌ له‌ ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خزمه‌ت به‌كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئیدانه‌ی هه‌ر هێرش و په‌لامارێك ده‌كه‌ین له‌ هه‌ر شوێنێك بكرێته‌ سه‌ر مامۆستایانی زانكۆ  و، ده‌بێت ناو و ناوبانگی مامۆستایان هه‌میشه‌ پارێزراو بێت.