د. يوسف گۆران پرسەنامەیەک ئاڕاستەی بنەماڵەی کارمەندەکەى بەرگرى شارستانى دەکات

wezir2

  دواى ئەوەى ئاگر لە یەکێک لە بەشە ناوخۆییەکانى کوڕانى زانکۆى سلێمانى دەکەوێتەوە، لەکاتى کوژانەوەى ئاگرەکەدا یەکێک لە کارمەندى بەرگرى شارستانى گیان لەدەستدەدات، بۆ گیان لەدەستدانى ئەو کارمەندە د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پرسەنامەیەک ئاراستەى بنەماڵەکەى دەکات، کە ئەمە دەقەکەیەتى:

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان

بۆ بنەماڵەى شەهید (کاردۆ جەبار عەبدوڵا) ...

زۆر خەمناک و دڵ گرام بوم بە هەواڵى بیستنى شەهیدبونى کارمەندى چاونەترس و قارەمانى بەرگرى شارستانى کاکە (کاردۆ جەبار عەبدوڵڵا)ى جوانەمەرگ، بۆ ئه‌و خه‌مه‌تان پرسه‌ و ماته‌مینی  وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاڕاستەی  ئێوه‌ و یه‌ك به‌یه‌كی ئه‌ندامانی خانه‌واده‌ و بنه‌ماڵه‌کەتان ده‌كه‌ین.

شەهید کاردۆ نمونەی كارمەندی دڵسۆز و كارامە، لەپێناو رزگارکردنى خوێندکاران وتەشەنە نەکردنى ئەو ئاگرەى لە بەشە ناوخۆییەکانى کوڕانى زانکۆى سلێمانى کەوتبوەوە گیانى خۆى بەخت کرد و، توانى بەپاڵپشتى هاوکارەکانى ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام حەیف و موخابن گیانى خۆى لەو پێناوە کردە قوربانى و شەهید بو، بە دڵسۆزی بۆ ئەركەكەی گەورەترین سەروەرى و چاونەترسى بۆ خۆى و خانەوادەکەى تۆمارکرد و، بۆ هەتا هەتایە لە لاى ئێمەو خوێندکاران وەک کارمەندى شەهیدى چاونەترس و قارەمان ناسرا.

بەم بۆنە خەمناکەوە دوبارە لەناخەوە پرسەو سەرەخۆشى ئاراستەى یەکە بەیەکى خانەوادە بەڕێزەکەتان دەکەم، ئاواتە خوازم خواى گەورە سەبوریتان بدات و گیانى کاکە کاردۆش بە بەهەشتى بەرین شاد بکات و، دوا ناخۆشى بنەماڵەکەتان بێت و، هيواى چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم.

 

إِنَّا لِلّهِ ۆإِنَّـا إِڵیْهِ رَاجِعونَ

 

 

د. یوسف گۆران

وەزیر خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

٢١/٤/٢٠١٧