بەناوی وەزارەتی خویندنی باڵاو وەزارەتی ئەوقافەوە بەخێرهاتنتان دەکەم و خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ هەمومان پێکەوە ئامادەی بەرز ڕاگرتنی چلەو یادی زانای مەزنی گەلەکەمان د. مستەفا زەڵم دەبین. ئەو زانا ئایینی و یاساییەی ئەمڕۆ هەمومانی، بەسەرجەم دیدو حزبە جیاجیاکانەوە، لێرە کۆکردۆتەوە.
خۆشەویستان....
پێم وایە باشترین یادکردنەوەی زانا مەزنەکان قسە کردنە لەسەر بەرهەم و کار و داهینانەکانیانە، بۆیە ئەمڕۆ لە وتەیەمدا زیاتر جەخت لەسەر بەرهەم ودەسپێشخەری وداهێنانەکانی ئەم زانا گەورەیە دەکەم کە شەرەفمەند بوم یەکێک لە خوێنکارانی بم لە کۆلیجی یاسا ی زانکۆی بەغدا ساڵی ٨٦-٨٧.
گەر ئاوڕێک لە میژوی کەسایەتی و فیکری ئەم زانا مەزنە بدەینەوە دەبینین مێژوی ژيانی زانای گەورە مستەفا زەڵمی، مێژوی بزوتنەوەى روناكبيری و بزاڤی زانايانی ئاينی كورده و هەڵگری روحی پێکەوە ژيان و ئاشتی و نوێبونەوە. هەركەسێ كەمێك ئاوڕبداتەوە لەمێژوی خوێندن و هەوڵەكانی ئەو بۆگەيشتن بەسەرچاوەكاني زانست و پێداگری و خۆڕاگری لەپرۆسەى خوێندندا، سەرباری چەندين گرفت و كێشەو ئاستەنگی هەمەجۆر لەژيانيدا، تێدەگات كە ئێمە لەبەردەم مرۆڤێکی گەورەی زانست پەروەرو لەهەمانكاتدا كەسێكی خەمخۆردا وەستاوين، كەسێك دەيويست لەڕێی قوڵبونەوەو وردبونەوە و خوێندنی زياتری شەريعەت و سەرچاوەكانی، بەتايبەت قورئان، وەڵامی سەردەميانە بۆ بڕێكی زۆر لەو گرفت و كێشانە بدۆزێتەوە كە گيرۆدەى كؤمەڵگای كوردی بون، بۆیە ئەو تا تەمەن رێی پێدا وايكردو بۆ يەك چركەش دەسبەرداری خەمی كۆمەڵگاو خەمی پێشخستنی نەبو، كەئەمەش بۆخۆی ئەركی راستەقينەى زانست و روحی پەيامی زانستخوازيیە.
باسكردن لەهەوڵ و بەشداری و رۆڵی زانای گەورە مستەفا زەڵمی، كارێکە بەوتارێك و بگرە چەندين لێكۆڵینەوەش ئەم سەرو ئەوسەری ناگيرێ، بۆيە لێرەوە بەناچاری هەوڵدەدەين لەسەر چەند تايبەتمەنديەكی كۆی پڕۆژەكەى ئەم زاتە گەورەيە بوەستين، بەوهيوايەی كە كارەكانی زەڵمی ببنە هەوێنی چەندين توێژينەوەى زانستی و بروانامەى بەرز.
يەكێك لەتايبەتمەنديە هەرە سەرەكيەكانی زەڵمی بريتی بو لە گەرانەوەى بۆئەقڵ، لای ئەو ئەقڵ سەرچاوەى تێگەيشتن و بەرهەمهێنانی شەريعەتە، هەر بەم ميتۆدەش جارێكی تر مەرجەكانی ئيجتيهادی هەڵسەنگاندو دەسكاريكرد، هەر لەسايەی ئەم ئەقڵگەراييەوە مەزهەبيەتی رەتكردەوەو دەرگای داخراوی ئيجتيهادی بەڕوی قورئاندا واڵا كردەوە، ئەو دەيوت ئيمانێك كەپشت بە ئەقڵ ببەستێ، ئيمانێكی بەهێزترو يەقينیی ترە، بەبەراورد بەئيمانێكی تەقليدی ومەزهەزبی، كەوەكو ميرات لەباوباپيرانەوە ماوەتەوە. لەهەمان گۆشەنيگاوە و بەپشت بەستن بەخودی قورئان، وتی لەقورئاندا نەسخ نيەو حوكمی كوشتنی مورتەديش حوكمێکی قورئانی نيە. سەرباری ئەوەى ئەو لەڕێگای بايەخی بەفەلسەفەی سوقرات و گەشەكردنی ياساكانی جيهانی نوێ، جارێكی تر پيداچونەوى بەزۆر چەمك و ياسای ئسوڵی فيقهی كرد و سەرەنجام توانی بێتە سەرمەشقی پێداچونەوەى زانستی شەريعەت، بەجۆرێك كە گونجاو بێت لەگەڵ ئەقڵ و روحی قورئان و ئەحكامەكانی.
تايبەتمەنديەكی تری شەرعناسی زەڵمی بايەخدانيەتی بەمافەكانی ژن و هەوڵدانيەتی بۆ لابردنی بڕێك لەو ئەحكامانەى كە ناكۆكن بەمافەكانيان، بێگومان ئەم كارەشی هەم پشت بەست بو بە قورئان و هەميش بەگەڕانەوە بۆ ئەقڵ و زانست، بۆيە ئەو راشکاوانە رای خۆی لەسەر مەسەلەی فرەژنی دەدات تەنانەت رۆڵی گەورەو يەکلاكەرەوەى بينی لەياسای قەدەغەكردنی فرەژنی لەهەرێمی كوردستاندا، بگرە ئەو لەکۆتايی ژيانيدا رةخنەى ئەوەى هەبو كەچۆن دەبێ كەسانێك هەبن هاوڵاتی هەرێمی كوردستان بن و بۆ خۆدەربازكردن لەم ياسايە، بچنە ناوچەكانی تری دەرەوەى هەرێم و لەهەمانكاتيشدا لە هەرێم نيشتەجێ ببێ. كەئەمەش جارێكی تر بايەخ و جديەتی ئەو كەسايەتیە دەردەخات لەهەوڵی بۆ چارەكردنی پرسە سەرەكيەكانی كۆمەڵَگاو ژنانی كورد بەتايبەتی. لەهەمانكاتدا ئەو بەردەوام پشتيوانی بەشداری ژنان بو لەكەرتی گشتيدا و لەدامودەزگا دەوڵەتيەكانی هەرێم.
يەكێكی تر لەتايبەتمەندی موستەفا زەڵمی، رەخنە بو لە واقيعی فيقهی و تەشريعى، ئەو پێی وابو ئەقڵيەتی مەزهەبی و دەمارگير ناتوانێ لەگەڵ سەردەم و پێشكەوتن و ئاڵۆزيە نوێكانی ژيان بگونجێ، بۆيە بانگەوازی ئەو بۆ هەمو لايەك ئەوەبو كە بايەخ بە پرسە سەرەكی و جەوهەريەكان بدەن، ئاوڕ لە كێشە راستەقينەكانی ئەمڕۆ بدەنەوەو بەڕوحێكی نوێ و ئةقلانی و هەوڵبدەن جارێكی تر تەفسيری دەقە پيرۆزكان بكەنەوە.
بەكورتی لاي ئەو فەتواو تێگەيشتن و لێكدانەوەى زاناياني موسڵمان، پيرۆز و نەمر نين، ئەوەى پيرۆزە تەنها دەقە خواييەكانن، كەواتە زانا ئەو كەسەيە كەجياكاری دەكات لەنێوان دەقی پیرۆز و كەلتوری دەق، لەنێوان ئەوەى وەحيەو ئەوەش كەهەوڵی مرۆڤە بۆ تێگەيشتن لەوەحی. كەواتە زەڵمی، وەكو چۆن ئەو كوڕی ناوچەى زەڵم و ئاوهەوای پاك و جوانی زەڵم بو، بەهەمان شێوە سەرچاوە فيكرو مەعريفەكەشی بەهەمان شێوە گەڕانەوە بو بۆ سەرچاوەى پاك و بێ دەسكاری زيادو كەمی شەريعەت بو، كە قورئانە.
بەڕێزان، هيچ كات بە ئەندازەى ئێستا رۆڵ و بايەخ و پێويستی كارەكانی زەڵمی بۆ كۆمەڵگای مرۆی و موسڵمان ديار نەبوە، ئەمرۆ ئێمە لەسايەی تێگەيشتنی توندڕەوی مەزهەبی داخراو، باش لەو راستيە دەگەين كە زەڵمی هەمو تەمەنی خۆی تەرخانكردبو بۆ هەوڵوەشاندنەوە و دارشتنەوەى بەشێوەيەك كەيەكسان بێت بە پەيامی ئاشتی و پیشكەوتن و بەيەكەوە ژيانی قورئانی، پەيامێك كە تادێت لەسايەی گوتاری مەرگدۆستی هێزە راديكاڵەكان فشاری زياتری بۆ دەهێنرێ. لێرەوە بایەخدان بەزەڵمی و نوسين و بيروڕاكانی و گەياندنيان بەنەوەى نوێ، تەنها ئەركێكی ئەخلاقی و نيشاندانی وەفا نيە بۆ كەسايەتيەكەی، بەڵكو لەهەمانكاتدا درێژەدانە بە تێكۆشانی ئەو كەسايەتيە مەزنەى هەمو تەمەنی خۆی تەرخانكرد لەپێناو پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و بەديهێنانی خۆشگوزەرانی و رزگاركردنی دينداری لە توندڕەوی و دواكەوتويی.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵیین کە زەڵمی درێژبونەوەى هەوڵ و كاری زايانی ئاينی كوردە لە سەردەمانی زوەوەو، گواستنەوەى روحی يەكترقبوڵكردن و پێكەوەژيان و ژيان دۆستی حوجرەكانی كوردستانە بۆ ناو كێڵَگەى ئەكاديمی و ناوەندە زانستيیە هەرە باڵاكانی جيهان، ئەو توانی بەهەوڵ و ماندوبون و تێكۆشانی خۆی هەمو پلە زانستيەكان ببڕێ و ببێتە مەرجەعێكی سەرەكی بۆ يەكلاكردنەوەى چەندين پرسی ياسايی لەجيهانی ئيسلاميدا، بێ ئەوەى بۆيەك چركەش لەژێر كاريگەری هيچ مەزهەب و گروپ و ناوەندێكی ئيسلامی دەست بەرداری پەيامی ئاشتیخوازی و نوێخوازی ببێت، كەئەمەيان تايبەتمەنديەكی لەمێژينەى زانايانی ئيسلامی كوردە، كە لەسەردەستی مستەفا زەڵمی ئەم پەيامە دەبێتە زانست و لەناوەندە ئەكاديميەكانی جيهاندا دەخوێنرێ و بايەخی زۆری پێدەدرێ.
دواجار با یادو پەیامی ئەم زانا مەزنە بکەینە بۆنەیەک بۆ بەهیزکردنی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن کە ئاشکرایە لە میژودا ناسنامەی وڵاتەکەمان بووە و کۆمەڵگای کوردستانی ئەمڕۆ زۆر پێویستی پێیەتی.
هەر شادو سەر بەرز بن.
د.یوسف گۆران
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
٢٠١٦.٧.١٤