د.یوسف گۆران: یه‌كسانی و داده‌په‌روه‌ری مه‌رجی پێكه‌وه‌ ژیان و ئاشتی نێوان گه‌لانه‌

IMG_5332.jpg

 وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: له‌م‌ بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ ناوچه‌كه‌ پێیدا گوزه‌ر ده‌كات، قسه‌كردن له‌سه‌ر كه‌لتوری پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی و لێبورده‌یی له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كانه‌وه‌ له‌م كاته‌دا گرنگی خۆی بۆ بنه‌بڕكردنی بیری توندڕه‌وی و بونیادنانی داهاتویه‌كی گه‌ش بۆ گه‌لانی ناوچه‌كه هه‌یه‌‌.

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی وته‌یه‌ك له‌ دیدارێكی زانستی ئه‌نجومه‌نی نێوده‌وڵه‌تی زانكۆكان هات، كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (20/4/2016) به‌ئاماده‌بونی محمد عاكیف كونسڵی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ژماره‌یه‌ك له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان له‌ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی هۆتێل دیدمان له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

له‌و دیداره‌دا د.یوسف گۆران له‌سه‌ره‌تای وته‌كه‌یدا باسی كه‌لتوری پێكه‌وه‌ ‌ژیان وئاشتی  كرد وتی: قسه‌كردن له‌سه‌ر كه‌لتوری پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی قسه‌كردنێكی گرنگه‌، به‌تایبه‌ت له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ ناوچه‌كه‌ پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و گه‌لانی ناوچه‌كه‌ له‌ دۆخێكی سیاسی ئه‌منی ناهه‌مواردا ده‌ژین، هه‌ربۆیه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ ژیان و ئاشتی له‌م دۆخه‌دا گرنگی تایبه‌تی هه‌یه‌، له‌هه‌مان كاتدا گرنگیه‌كی دیكه‌ی ئه‌م دیداره‌دا له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كانه‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، هه‌رچه‌نده‌‌ پێویسته‌ ناوه‌نده‌ سیاسیه‌كان و كه‌سانی سیاسی كار له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ركه بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ كه‌لتوری پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن و بی چه‌سپێنن. د.یوسف گۆران ڕونیشیكرده‌وه‌ له‌ دۆخیكی وادا ئێمه‌ی توێژه‌ران و كه‌سانی ئه‌كادیمی و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كان گرنگه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها بابه‌تیكی تیوری نیه‌، به‌ڵكو پێشینه‌ی مه‌رجی سیاسی و كه‌لتوری خۆیان هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌ته‌نها ناتوانین قسه‌ له‌سه‌ر ئاشتی بكه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر لێبورده‌ی نه‌كه‌ین.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕونیكرده‌وه‌ كه‌ لێبورده‌ی ده‌بێت بكه‌ین به‌كه‌لتور له‌ نێو گه‌لانی ناوچه‌كه‌، چونكه‌ به‌بێ بڵاوكردنه‌وه‌ی كه‌لتوری لێبورده‌ی، گه‌لانی ناوچه‌كه‌ ناتوانن پێكه‌وه‌ بژین و ئاشتی له‌ نێوانیاندا به‌رقه‌رار بكه‌ین.

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا د.یوسف گۆران وتی: بابه‌تێكی دیكه‌ كه‌ شانبه‌شانی پێكه‌وه‌ژیان، ئاشتی و لێبورده‌یی گرنگی خۆی هه‌یه‌، بابه‌تی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی نێوان گه‌لانه‌، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: ئه‌گه‌ر پێشتر جۆرێك له‌ یه‌كسانی و داده‌په‌روه‌ری له‌ نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه‌دا هه‌بوبێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا  گه‌لانێك دێن و به‌نادادپه‌روه‌ری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌و وڵاتانی دیكه‌ ده‌كه‌ن و پێشێلی یه‌كسانی ده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ ناتوانین ئامانجه‌ باڵاكانی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ له‌ ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ی له‌ نێوانیاندا به‌دی بهێنین، چونكه‌ مه‌رجی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری نێوان گه‌لانه‌.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: له‌ ئێستادا بیری توندڕه‌ویش بۆته‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌ دیارو گه‌وره‌كانی ناوچه‌كه‌، جا چ توندڕه‌وی ئاینی بێت یان نه‌ته‌وه‌په‌رستی بێت، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و جۆره‌ بیركردنه‌وانه‌ش زیانی به‌كه‌لتوری پێكه‌وه‌ژیانی نێوان نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ گه‌یاندوه‌، وتیشی گرنگه‌ زانكۆكانی ئه‌ندام له‌م ئه‌نجومه‌نه‌ كار له‌سه‌ر كه‌لتوری میانڕه‌وی بكه‌ن تا بیری توندڕه‌وه‌ی كاڵ بكه‌نه‌وه‌و له‌ دواجاریشدا بنه‌بڕی بكه‌ن، چونكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ناتوانن ئاشتی به‌قه‌رقه‌رار بكه‌ن، هه‌ر له‌ میانه‌ی قسه‌كانیدا د.یوسف گۆران نمونه‌ی به‌بیری توندڕه‌وی داعشی هێنایه‌وه‌ كه‌ چۆن زیانی به‌گه‌لانی ناوچه‌كه‌ گه‌یاندوه‌، ڕونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ هزره‌ توندڕه‌وییه‌ تازه‌ نیه‌، به‌ڵكو ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌كی كه‌لتوری میژوی قوڵی هه‌یه‌.

له‌ كۆتایی وته‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕوده‌ده‌ن، پێویستیان به‌فۆرمه‌ڵه‌كردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت بناغه‌ی كه‌لتوری پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی و لێبورده‌یی دابڕێژرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو گه‌لانی ناوچه‌كه‌ له‌ ژێر فۆرمێكی نوێی ژیان كۆبكاته‌وه‌، هه‌روه‌ك جه‌ختی له‌ گرنگی به‌ستنی ئه‌م دیداره‌ كرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند: ئه‌م دیداره‌ قسه‌كردنێكی گرنگه‌ له‌سه‌ر بابه‌تێكی گرن، هیواشی خواست ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت له‌و ئه‌ركه‌ گرنگه‌ی گرتویه‌تی ئه‌ستۆی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌دا.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا ئۆرهان حیكمه‌ت سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نێوده‌وڵه‌تی زانكۆكان و محمد عاكیف كۆنسڵی گشتی كۆماری توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان وته‌یان پێشكه‌ش كرد، له‌ وتاره‌كانیاندا جه‌ختیان له‌ پێكه‌وه‌ ژیان و ئاشتی نێوان گه‌لانی كورد و عه‌ره‌ب و تورك و عه‌جه‌م كرده‌وه‌ له‌ پێناو سه‌قامگیری ئه‌منی و سیاسی پێكه‌وه‌ ژیانی نه‌ته‌وه‌كان.

ئه‌نجومه‌نی نێوده‌وڵه‌تی زانكۆكان كه‌ باره‌گا سه‌ره‌كیه‌كه‌ی له‌ توركیایه‌، زیاتر له‌ (150) زانكۆ له‌ (29) وڵاتی ناوچه‌كه‌ ئه‌ندامن له‌و ئه‌نجومه‌نه‌، هه‌روه‌ك ژماره‌یه‌ك له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌ندامن له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا‌، ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ وه‌ك سه‌رۆكه‌كه‌ی ئاماژه‌ی پێدا ته‌نها كاری ئه‌كادیمی  و په‌یوه‌ندی ئه‌كادیمی و زانستی ناكات، به‌ڵكو كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ت و كێشانه‌ش ده‌كات كه‌ سنوری جوگرافی هاوبه‌شیان هه‌یه‌.

له‌ په‌راوێزی دیداره‌كه‌شدا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌یدا ئامانجی به‌ستنی دیداره‌كه‌و گرنگیه‌كه‌ی بۆ نێردراون و میدیاكاران خسته‌ڕوو.

له‌ وڵامی پرسیارێكی په‌یامنێرانیشدا سه‌باره‌ت به‌چاكسازییه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونمان له‌ وه‌زاره‌ت ده‌ستمان به‌چاكسازییه‌كان كرد، یه‌كه‌مجاریش له‌ چاكسازی زانستییه‌وه‌ ده‌ستمان پێكرد، كه‌ به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ پڕۆژه‌ی ڕیزبه‌ندی زانكۆكانی كوردستانمان ڕاگه‌یاندن و جێبه‌جیشمان كرد، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌مسالیش ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین، له‌هه‌مان كاتدا ڕێنماییه‌كانی خوێندنی باڵا (ماسته‌ر و دكتۆرا)مان گۆڕی و بایه‌خی زۆرمان به‌ بواری توێژینه‌وه‌و زمان داوه‌، هه‌روه‌ك له‌ ڕوی ئیداریشه‌وه‌ توانیمان (173) به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌م بكه‌ینه‌وه‌، به‌وه‌ش مانگانه‌ ده‌یان میلۆن دینار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت.

سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی دارایی خوێندكارانی تواناسازی و هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كانیان، وه‌زیری خویندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: كێشه‌ی دارایی خوێندكارانی توانسازیش په‌یوه‌سته‌ به‌و كێشه‌و بارودۆخه‌ داراییه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستانی گرتۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین باری دارایی خوێندكارانی تواناسازی سوك بكه‌ین، بۆیه‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتودا لیستێكی نوێی شایسته‌ داراییه‌كان بۆ خوێندكارانی تواناسازی ڕابگه‌ێنین، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ دابین كراوه‌ ناتوانێت ته‌واوی كێشه‌ داراییه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌ك ده‌توانێت باری سه‌رشانیان سوكتر بكات.