لە کۆبونەوەى هاوبەشى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە چەند بڕیارێکى گرنگ درا

kobwnewey Hawbash

بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.پشتیوان صادق وەزیرى پەروەردە، هەردوو وەزارەت کۆبونەوەیەکى هاوبەشیان بەست و، چەند بڕیارێکى گرنگیاندا.

وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا تەواوکەرى یەکترن

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى د.پشتیوان صادق وەزیرى پەروەردە و، وەفدى هاوڕێى، بەگرنگیەوە باسى لەو کۆبونەوە هاوبەشانە کرد و وتى: کارەکانى هەردو وەزارەت تەواوکەرى یەکترە، بۆیە چەندە زوتر بەیەکەوە دابنیشین باشتر دەتوانین کارەکانمان ڕایی بکەن، وتیشى لێژنە هاوبەشەکانمان کۆبونەوەى بەردەوایان هەیە، بەڵام ئەمڕۆ بەتایبەت دەخوازین گفتوگۆ لەبارەى کۆلێژەکانى (پەروەردە، بنەڕەت و بونیاد) و، چۆنیەتى  باشترکردنى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە بکەین، تا لە ئایندەدا سود بە خوێندکاران و مامۆستایان و کۆمەڵگەکەمان بکەین.

 

دەبێ پەیوەندییەکانى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و پەروەردە لە خوارەوەش ڕەنگبداتەوە

لە بەرامبەردا، د.پشتیوان صادق وەزیرى پەروەردە دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پێشوازییەى کرد، جەختى لە قسەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردەوە، هیواشى خواست وەک چۆن لەسەرەوە لە نیوان هەردوو وەزیر پەیوەندییەکى پتەو هەیە، دەبێ لە خوارەوەش ڕەنگبداتەوە، چونکە بابەتى پەروەردە یەکیکە لە بابەتە درێژخایانەکان و، کارو پڕۆژەکان ماوەیەکى زۆرى دەوێ تا جێبەجێ بکرێن، وتیشى دەبێ پەروەردەى سنورەکان و، کۆلێژەکانى (پەروەردە، بنەڕەت و بونیاد) پتەو و بەردەوام لە نێوانیاندا هەبێ، ئەوەشى ڕاگەیاند: کە لە وەزارەتى پەروەردە گرفتى زۆریان هەیە، بەشێکى زۆرى ئەو گرفتانە بەهاوکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا چارەسەر دەکرێ، بۆ ئەوەش هیواى خواست ئەو پەیوەندییانەى نێوانیان بەردەوام درێژخایان بێ.

فنلاند خاوەن ئەزمونێکى ناوازەیە

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەسەردانێکى وەفدێکى وەزارەتەکەى بۆ وڵاتى فنلاند کرد و وتى: فنلاند لە بوارى ڕاهێنان و پێگەیاندنى مامۆستای سەرکردە و خوێندکارى بەتوانا خاوەن ئەزمونێکى ناوازەیە، بۆ ئەوەش د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى راسپارد کورتەیەک لەبارەى ئەزمونى ئەو وڵاتە بخاتەڕو، هیواشى خواست وەزارەتى پەروەردە هاوکاربن بۆ ئەوەى پێکەوە سود لە ئەزمونى ئەو وڵاتە وەربگرن.

کوردستان دەبێتە یەکەم وێستگەى ژیانەوەى ئێراق

بۆ ئەوەش، د. ئامانج عبدللە سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێنددنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سمینارێکى لەبارەى سەردانەکەیان بۆ وڵاتى فنلاند خستەڕو، لە سمینارەکەیدا بەوردى تیشکی خستە سەر کارایی سیستمی خوێندنی فنلاند و دەرفەتەکانی بەشداریکردن و هەماهەنگی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانى و، زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای ئەو وڵاتە لە پرۆسەی خوێندن ، بۆ ئەوەش وتى: زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیەکانى ئەو وڵاتە ئامادەیی تەواویان پیشانداوە هاریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و زانکۆکان بکەن، ڕاشگەیاند: ئەو ئامادەییەى ئەوان هەنگاو و دەسکەوتێکى گرنگە و دەتوانین سودى زۆریان لێ وەربگرین بۆ پشتیوانیکردنی خوێندن لە کوردستان، چونکە ئەوان فەندێکیان لە وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەیان بەناوى ژیانەوەى ئێراق بۆ بوارى پەروەردە تەرخانکردوە، کوردستانیش دەکەنە ویستگەى یەکەمى کارەکانیان.

دەبێ جەخت لە فێربون بکرێتەوە، نەک هەڵسەنگاندن

د.ئامانج سەعید، وتیشى ئەوان نابێ دەقا و دەق سود لە ئەزمونى فنلاند وەربگرین، بەڵکو دەبێ لەگەڵ کەلتور و سیستمى کوردستان دایبڕێژینەوە، وتیشى بۆ ئەو کارە دەبێ پەروەردە وەک بابەتێکى نیشتیمانى و نەتەوەى لێیى بڕوانین، هەروەک  دەبێ  وەک ئەوان دامەزراوەکان و سیستمى پەروەردە متمانەیان بەیەکتر هەبێ، لەناو سیستمى خوێندنیاندا جەخت لەسەر فێربون بکرێتەوە نەک هەڵسەنگاندن، ڕاویژکارى وەزیرى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ خستنەڕوى وردەکارى پڕۆسەى ڕیفۆرمى خوێندن لە وڵاتى فنلاند، ئەوەشى ڕاگەیاند: لە ئەنجامى ئەو سەردانەدا وەک هەنگاوى یەکەم دەتوانین لەگەڵ ئەو وڵاتە کار لەسەر ( ڕاهێنانى مامۆستایان، بونیادى پەروەردە و خوێندن) بکەین، وتیشى بۆ ڕاهێنانى مامۆستایان لە ئێستادا لە قۆناخى نوسینەوەى پرۆپۆزەڵین.

ناتوانرێ بەتەنیا پڕۆسەى پەروەردە بەرەو ئاستیکى بەرزتر ببرێت

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى پەروەردە، دواى ئەوەى ستایشى ئەنجامى سەردانى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ وڵاتى فنلاند کرد، ئامادەیى وەزارەتەکەى پیشاندا هاوکارى و هەماهەنگى تەواوى کارەکانیان بکەن، وتیشى ئەگەر وڵاتێک یان ڕێکخراوێکى نێودەوڵەتى هاوکارمان نەبن، بەتەنیا ناتوانین ئەو پرۆسەیە بۆ ئاستێکى بەرزتر بەڕێوەبەرین، وتیشى گرفت و ڕێگرى زۆرمان هەیە.

وەزارەتى پەروەردە پێویستى بەدەرچوانى بەشە زانستیەکانى و زمانى ئینگلیزیە

هەر لە میانەى قسەکانیدا، د.پشتیوان سادق داواى کرد ئەو پرۆگرامانەى لە کۆلیژەکانى بنەرەت دەخویندرێ لەگەڵ پرۆگرامەکانى خوێندن لە وەزارەتى پەروەردە هاوتەریب نەبێ، ئەوەشى ڕاگەیاند: کە (٩٠%) پێداویستیەکانى وەزارەتەکەى بریتیە لە بەشەکانى زانست و زمانى ئینگلیزی، بۆ ئەوەش داوایکرد لە کردنەوەى هەر بەشێک لە کۆلیژ و زانکۆکان بۆچونى پەروەردەکانى سنورەکە وەربگرن و، لە پلانى وەرگرتنیشدا بەشە کۆمەڵایەتیەکان کەم بکەنەوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا پێداویستیەکانى بازارى کار دەکاتە ستراتیچى کارکردنى

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەربارى پشتگیرکردن لە کارو داواکارییەکانى وەزارەتى پەروەردە، وتى: پێکەوە دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین، وتیشى سیاسەتى خوێندنى لە وەزارەتەکەمان ئەوەیە، کە لەسەر بنەماى پێداویستیەکانى وەزارەتى پەروەردە و وەزارەتەکانى دیکە و  بازارى کار دادەڕێژینەوە.

چیتر زانکۆکان ناتوانن پێشوازى لەو ژمارە زۆرەى خوێندکارانى پۆلى دوانزدە لە زانکۆکان بکەن

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، د.یوسف گۆران باسى لە گرنگى خوێندنى پیشەیى کرد و، وتى: خوێندنى پیشەیى کرد و ڕایگەیاند: زۆر گرنگە بایەخیکى زیاتر بە خوێندنى پیشەیى بدەین، چونکە زۆربەى وڵاتانەى بایەخ بەو جۆرە خوێندنە دەدەن و، خویندکاران بەرەو خوێندنى پیشەیى هاندەدەن، وتیشى چیتر ئێمە ناتوانین پێشوازى لەو ژمارە زۆرەى خوێندکارانى پۆلى دوانزدە لە زانکۆکان بکەین، بۆیە ئەخوازین بەیەکەوە کار بکەین و بۆردیکى هاوبەش دروست بکەین بۆ ئەوەى ژمارەى ئەو کەسانەى دەچنە خوێندنى پیشەیی زیاد بکەین تا سود بەخۆیان و بازارى کارى کوردستان بگەێنن ، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى زۆرى ژمارەى خوێندکاران لە زانکۆکان یەکێک بوە لەو هۆکارانەى کە نەمانتوانیوە کادیرى باش و لێهاتو بۆ بازارى کار دروست بکەین، بۆ ئەوەش پێشنیازى پیکهێنانى بۆردیکى هاوبەشى بۆ ئەو بوارە کرد بۆ ئەوەى سیستمێکى یەکگرتوو بۆ خویندنى پیشەیى لە کوردستان دابنێن و، ئەرک و کارەکانى هەردوو وەزارەت لەو سیستمە دیارى بکرێ، ڕونیشیکردەوە ئەگەر وانەکەین زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان وەک زانکۆ ئەکادیمیەکانى لێ دێ، بۆیە دەبێخوێندکاران لە ئامادەییەوە بەبیرکردنەوەیەکى پیشەیى ڕابهێنین تا سەرکەوتوبین.

لایەنەکانى دیکەى کۆبونەوەکە

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، لەلایەن ڕاگرى کۆلێژەکان و بەرێوەبەرى گشتى پەروەردەکان چەندین ڕاو سەرەنج و بۆچون لە بارەى تەوەرەکانى کۆبونەوەکە خرایەڕو.

لە کۆتایشدا، لەبەر ڕۆشنایى بڕگەکانى کۆبونەوەکە، کە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بریارى پێکهێنانى چەند لێژنەیەکى هاوبەش درا، بۆ ئەوەى لەسەر سەرجەم وردەکارى بابەتەکان بگەنە ڕێکەوتن و دواتریش بڕیارى کۆتایى لەبارەوە بدرێت.

ئامادەبوانى کۆبونەوەکە

لەو کۆبونەوەیەدا، ک  ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢١/٢/٢٠١٨) لە دیوانى وەزارەت  بەرێوەچوو، لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەریەک لە د.ئامانج سەەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.محمد صابر  بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، د.داود ئەتروشى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ئەندازە و پڕۆژەکان و، م.فوئاد عەلى یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و، ڕاگرى فاکەڵتى و کۆلێژەکانى (پەروەردە، بونیاد، بنەڕەت) لەسەرجەم زانکۆ حکومیەکانى کوردستان ئامادەیبون، هەروەک لە وەزارەتى پەروەردەش یوسف عوسمان بەڕێوەبەرى گشتى پلاندانان و ، ئەحمەد سمایل بەرێوەبەرى گشتى ئامادەییە پیشەییەکان و، شیلان خەلیل بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى بنەرەت و باخچەى منداڵان و ، کاوە عومەر بەرێوەبەرى گشتى پرۆگرامەکان و، شێرزاد زرار بەرێوەبەرى گشتى بەدواداچون و بەرێوەبەرى گشتى پەروەردەکان لە شارو شارۆچکەکان ئامادەیبون.