پرۆژه‌ى به‌نێوده‌وڵه‌تى كردنى زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستیپێكرد

newsitem-1923-9.02.2015-ku.jpg

د. یوسف گۆران" وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌ى به‌ نێوده‌وڵه‌تى كردنى زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستانى راگه‌یاندو وتى" ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌ى به‌نێوده‌وڵه‌تى كردنى زانكۆكانى كوردستان، هه‌نگاوێكى گرنگه‌، كه‌ ئاستى توانستى زانكۆكان به‌رێژه‌یه‌كى به‌رچاو به‌رز ده‌بێته‌وه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌ماهه‌نكى  پته‌و له‌ نێوان زانكۆكانى كوردستان و وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ دروست ده‌بێـت.


ئه‌م وته‌یه‌ى د. یوسف گۆران" وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ میانى به‌شداریكردنى له‌ كۆنفرانسێكدا هات كه‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌هاوكارى رێكخراوى ئایرێكس سازیكردبوو كه‌ ئه‌مڕۆ 9/2/2015 له‌سه‌نته‌رى رۆشنبیرى و كۆمه‌ڵایه‌تى زانكۆى سه‌لاحه‌دین له‌ شارى هه‌ولێر به‌ئاماده‌بوونى كونسوڵى گشتى ئه‌مریكا له‌هه‌رێمى كوردستان و راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى وه‌زاره‌ت و یاریده‌ده‌رى به‌شێك له‌ زانكۆكان و به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندیه‌كانى سه‌رجه‌م زانكۆكان به‌ڕێوه‌چوو.

وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌وته‌یه‌كدا ئامانجى ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌ى به‌نێوده‌وڵه‌تى كردنى زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستانى خسته‌روو و رایگه‌یاند" له‌م رێگه‌یه‌وه‌ زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندیه‌كى باشیان ده‌بێت له‌گه‌ڵ زانكۆكانى ده‌ره‌وه‌و هاوشانى زانكۆكانى وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ له‌ بوارى خوێندنى باڵادا هه‌نگاو ده‌نێن. وتیشى: هه‌نگاوێكى گرنگى پرۆژه‌ى به‌نێوده‌وڵه‌تى كردنى زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان بریتیه‌ له‌ خاڵى لێك تێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ زانكۆكانى ده‌ره‌وه‌، له‌م باره‌یه‌وه‌ یاداشتى لێكتێگه‌یشتن و رێكه‌وتننامه‌ و هاوبه‌شى ئه‌نجامده‌درێت، بۆ چۆنیه‌تى ده‌ستكه‌وتنى سه‌رچاوه‌ى دارایى له‌ ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ ناسراوه‌كانى ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانى پرۆژه‌ له‌ بوارى خوێندنى باڵادا، سه‌رئه‌نجام جێبه‌جێكردنى ئه‌م پرۆژه‌یه‌ كاریگه‌رى و ئه‌نجامى گرنگى ده‌بێت له‌ بوارى خوێندنى باڵاو پێشخستنى ئاستى زانستى و ئه‌كادیمى زانكۆكان.

كونسوڵى گشتى ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ى به‌ گرنگى پرۆژه‌كه‌ كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌هاوكارى كردنى كوردستان بۆ به‌ به‌نێوده‌وڵه‌تى كردنى زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان به‌شداره‌، وتى له‌م بواره‌دا هاوكارى ته‌واوى هه‌رێمى كوردستان ده‌بین بۆ سه‌رخستنى پرۆژه‌كه‌ و به‌ئه‌نجام گه‌یاندنى. وتیشى ئه‌م پرۆژه‌ ده‌بێته‌ هۆى به‌یه‌ك به‌ستنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م زانكۆكانى ده‌ره‌وه‌ به‌ زانكۆكانى كوردستانه‌وه‌.
پسپۆران و مامۆستایانى زانكۆى وڵاتى ئه‌مریكا له‌ماوه‌ى دوو رۆژى كۆنفرانسه‌كه‌دا بابه‌ت و وانه‌ له‌بوارى به‌نێوده‌وڵه‌تى كردنى زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شداربووان له‌سه‌رجه‌م زانكۆكانى هه‌رێم سوود له‌ ئه‌زموونى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا وه‌ربگرن.