د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند زانكۆكانی كوردستان ئه‌ركێكی گه‌وره‌یان له هۆشیاركردنه‌وه‌و بونیادنانی تاكی كوردستانی له ئه‌ستۆدایه، بۆیه ئامانجمان ته‌نها ئه‌وه نیه كه بڕوانامه ببه‌خشینه خوێندكاران، به‌ڵكو ئه‌خوازین په‌ره به‌توانا فیكری و ژیارییه‌كانی خوێندكاران بده‌ین.
ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌میانه‌ی وتارێكیدا هات كه ئه‌مڕۆ پێنچ شه‌ممه، ڕێكه‌وتی (26/3/2015) له كۆنفرانسی دامه‌زراندنی ڕێكخراوی دابڕان پێشكه‌شی كرد، هه‌ر له‌و كۆنفرانسه‌دا كه ناوه‌ندی ڕۆشنگه‌ری چاو‌دێر به‌دروشمی (ئاین بۆ تاك و دیموكراسی بۆ هه‌موان) به‌به‌شداری ده‌یان پرۆفیسۆر و توێژه‌ر و ڕه‌خنه‌گر له هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی هوتێل سلێمانی پاڵاس له شاری سلێمانی ڕێكیخستبو، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له وتاره‌كه‌یدا تیشكی خسته سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به كۆنفرانسه‌كه‌و هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانكۆكان له‌سه‌ر ئاستی جیهان.
چالاكی فیكری ڕه‌خنه‌گری خزمه‌ت به‌گه‌شه‌سه‌ندنی بیری ئازاد و سیاسی ده‌كات
له‌سه‌ره‌تای وته‌كانیدا د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند بونی چالاكی فیكری ڕه‌خنه‌گری له‌م شێوه‌یه له‌لایه‌ك خزمه‌ت به‌گه‌شه‌سه‌ندنی بیری ئازاد‌و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی ده‌گه‌یه‌نێت، له‌لایه‌كی دیكه‌ش پرۆسه‌ی به‌ره‌وپێشچوونی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی كوردستان ده‌وڵه‌مه‌ندتر و به‌هێزتر ده‌كات، ڕونیشی كرده‌وه چاكسازی فیكری ئه‌ركێكه به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕوی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه ده‌بێته‌وه كه له قۆناغی ڕاگوزه‌ردان، چونكه گه‌لان له پرۆسه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌یی خۆیاندا هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه‌و ناتوانن خۆیان له‌م ئه‌ركه فره ڕه‌هه‌نده بدزنه‌وه. هه‌ندێك جاریش له قۆناغه هه‌ستیاره مێژوییه‌كاندا ئه‌و چاكسازییه فیكرییه بێ دابڕانێكی مه‌عریفی له‌گه‌ڵ كه‌لتور و فیكری باوی ڕابردو ئه‌سته‌م و مه‌حاڵ ده‌بێت، بۆیه كۆمه‌ڵی كوردستان-یش له هه‌مو كات زیاتر پێویستی به پێداچوونه‌وه‌و چاكسازی له‌سه‌رجه‌م بواره فیكری و ئه‌كادیمی و دامه‌زراوه‌ییه‌كان هه‌یه، ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانكۆكان و ده‌ره‌وه‌ی زانكۆكان-یش ئه‌ركی سه‌ره‌كی پێداچوونه‌وه‌و چاكسازییه‌كانیان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ.
كاریگه‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی و په‌ره‌پێدانی توانا فیكرییه‌كان
له‌باره‌ی كاریگه‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی و په‌ره‌پێدانی توانا فیكرییه‌كان، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: زانكۆكان ئه‌ركێكی گه‌وره‌یان له هۆشیاركردنه‌وه‌و بونیادنانی تاكی كوردی له ئه‌ستۆدایه، ئامانجی ئێمه‌ش له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ته‌نها ئه‌وه نیه كه بڕوانامه ببه‌خشینه خوێندكاران، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌مانه‌وێت په‌ره به‌توانا فیكری ژیارییه‌كانی خوێندكاران بده‌ین، هه‌روه‌ك به‌ئه‌ركی خۆمان ده‌زانین كه به‌رنامه‌و شێوازه‌كانی خوێندنی زانكۆكان، به‌شێوه‌یه‌ك دابرێژرێن كه تاكی ڕه‌خنه‌گر و بونیادنه‌ر به‌رهه‌م بێنین.
ڕۆڵی زانكۆكان له‌به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه و فیكردا
د. یوسف گۆران به‌شێكی وتاره‌كه‌ی ته‌رخان كرد بۆ ڕۆڵی زانكۆكان له‌به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفی و فیكردا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ڕایگه‌یاند: سه‌رباری هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانی چاكسازی كه له بواری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌ڵام هێشتا زانكۆكانی كوردستان ڕۆڵێكی ئه‌وتۆیان له به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه و فیكری كوردستان نیه، به‌داخه‌وه له ڕیزبه‌ندییه جیهانییه‌كانی تایبه‌ت به زانكۆكان هێشتا زانكۆكانمان مایه‌ی سه‌ربه‌رزی نیه، بۆیه ئێمه له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی زۆر به‌نیگه‌رانییه‌وه له ئاست و ڕیزبه‌نده جیهانییه‌كانی زانكۆكانمان ده‌ڕوانین، هه‌ربۆیه بڕیارمان داوه كاری جیدی بۆ چاره‌سه‌ركردنی بكه‌ین. هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كار بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی زانكۆكان و دروستكردنی گیانی كێبڕكێی ئه‌كادیمی له‌نێوان زانكۆكانی هه‌رێم ده‌كه‌ین. د.یوسف گۆران زانیاری زیاتری له‌و باره‌یه‌وه خسته‌ڕو وتی: هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌كادیمی، ئیداری و زانستی له‌سه‌ر بنه‌مای پێوه‌ره جیهانی و نیشتیمانییه‌كان، كه پرۆژه‌یه‌كی سه‌ره‌كیمانه و ئێستا له قۆناغی جێبه‌جێكردنه، به‌و هیوایه‌ین پێش كۆتایی ئه‌مساڵ بۆ یه‌كه‌مین جار له كوردستان ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان ته‌واو بكه‌ین و بڵاوی بكه‌ینه‌وه.
دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی باڵای توێژینه‌وه‌ی زانستی
له‌به‌شێكی تری وته‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی باڵای توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد و وتی: ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه داڕشتنی ستراتیژ و سیاسه‌تی توێژینه‌وه‌و، به‌ستنه‌وه‌یه‌تی به پێداویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، سه‌رباری داڕشتنی سیاسه‌تی ستراتیژی لێكۆڵینه‌وه‌ی كار بۆ هاندانی لێكۆڵینه‌وه، هه‌روه‌ك هه‌وڵ بۆ ڕه‌خساندنی هه‌ل و ژینگه‌ی كاری زیاتر بۆ توێژه‌ران ده‌كات.
به‌هێزكردنی زمانی ئینگلیزی
له كۆتا وته‌كه‌یدا د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: زمانی ئینگلیزی زمانی ده‌سته‌به‌ركردنی مه‌عریفه‌ی جیهانییه، هه‌ربۆیه له زانكۆكان و سه‌رجه‌م ئاسته‌كانی خوێندن، هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی هه‌رێم.
سه‌نته‌ری ڕه‌خساندنی هه‌لی كار
دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری ڕه‌خساندنی هه‌لی كار له زانكۆكان له پێناوی به‌ستنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی خوێندن بهپێداویستیهكانی بازاڕی ئه‌مڕۆی كوردستان، پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی وهزارهتهكهمانهو ئێستا له كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
له كۆتایی وتاره‌كه‌یدا د.یوسف گۆران وتی: ئێمه بڕوامان وایه كه زانكۆكانمان وه‌ك سه‌رجه‌م سهكتهرهكانی تری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له‌ئه‌مڕۆدا پێویستیان به پێداچوونه‌وه‌و چاكسازی قوڵ و سه‌رله‌نوێ پێناسه‌كردنه‌وه هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك كه زانكۆ و خوێندكار و مامۆستایان وه‌ك ئامانج و ئامرازی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری بناسرێنه‌وه.
له به‌شێكی تری كۆنفرانسی (ئاین بۆ تاك و دیموكراسی بۆ هه‌موان) له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر و توێژه‌ر و ڕه‌خنه‌گرانه‌وه چه‌ندین بابه‌ت و توێژینه‌وه له‌باره‌ی ڕۆشنگه‌ری هاوچه‌رخ و ئاین بۆ تاك و دیموكراسی پێشكه‌شكران.