كورسیه‌ چۆڵه‌كانی ماسته‌ر له‌ زانكۆكانی كوردستان پڕ ده‌كرێنه‌وه‌

newsitem-1457-28.11.2012-ku.jpg1_.JPG

د.عه‌لی سه‌عید وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی كورسیه‌ چۆڵه‌كانی خوێندنی ماسته‌ر له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بڕیاریدا ئه‌و كورسیانه‌ پڕ بكرێنه‌وه‌.
ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌یدا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 28/11/2012 له‌ هۆڵی (ڤیدیۆ كۆنفرانس) له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت بۆ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ڕێكخرابوو.
له‌سه‌ره‌تایی ئه‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌یدا د.عه‌لی سه‌عید ووتی: دوای ئه‌وه‌ی له‌ 28/8/ 2012 پلانی خوێندنی باڵا/ ماسته‌رمان له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند كه‌ پێكهاتبوو له‌ (1263) كورسی خوێندن له‌و زانكۆیانه‌ی كه‌ توانای كردنه‌وه‌ی خوێندنی باڵایان هه‌بوو، دوای تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی (677) كه‌س كاندید كران، به‌ڵام له‌سه‌ر داوای ئه‌وانه‌ی كه‌ ناویان ده‌رنه‌چوبوو، هه‌روه‌ك بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتر و پڕكردنه‌وه‌ی كورسیه‌ به‌تاڵه‌كان، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بڕیاریدا ئه‌و كورسیه‌ به‌تاڵانه‌ پڕ بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی نمره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌ری بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ خولی یه‌كه‌م چانسی وه‌رگرتینان نه‌بوو، ئه‌مجاره‌ كاندید ده‌كرێن و ناو و نمره‌كانیشیان بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی مژده‌ی به‌خوێندكاران و قوتابیانی سیسته‌می (پارالێل) دا كه‌ (50%) نرخی خوێندنیان خۆش ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ش ڕاگه‌یاند:ئه‌و قوتابی و خوێندكارانه‌ی كه‌ ساڵی پار و ئه‌مساڵ به‌پێی سیسته‌می (پارالێل) وه‌رگیراون و وه‌رده‌گیرێن، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بڕیاریدا له‌ (50%) نرخی خوێندنیان بۆ دابشكێنێت، ئه‌وه‌ش وه‌ك هاریكاریه‌ك بۆ ئه‌و قوتابی و خوێندكارانه‌، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: بڕیاره‌كه‌ ته‌نها بۆ ساڵی خوێندنی (2012-2013) ده‌بێت.
د.عه‌لی سه‌عید به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌یه‌كه‌ی ته‌رخان كرد بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ به‌شه‌كانی په‌رستاری ده‌خوێنن، بۆ ئه‌وه‌ش مژده‌یه‌كی گرنگی ڕاگه‌یاند، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا وه‌ك چۆن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ماوه‌ی ڕابردوو ده‌رفه‌تی خوێندنی بۆ مامۆستایانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ڕاگه‌یاند و چه‌ند كۆلێژێكی ئێوارانی بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ كرده‌وه‌، له‌ نوێترین بڕیاری وه‌زاره‌تیشدا و بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتر به‌ په‌رستاران وه‌زاره‌ت برێاریدا كورسیه‌كانی خوێندن بۆ ده‌رچوانی ئاماده‌ی په‌رستاری له‌به‌شه‌كانی په‌رستاری له‌ په‌یمانگه‌ ته‌كنیكیه‌كانی كوردستان زیاد بكه‌ین، له‌ هه‌مان كاتدا ژماره‌ی كورسیه‌ ته‌رخانكراوه‌كانی به‌شه‌كانی كۆلێژه‌كانی په‌رستاری له‌ زانكۆكانی كوردستان بۆ ده‌رچووانی به‌شه‌كانی په‌رستاری له‌ یه‌یمانگه‌ ته‌كنیكیه‌كان زیاد بكه‌ین، ئه‌و هاریكاریه‌ش بریتیه‌ له‌ زیادكردنی ژماره‌ی كورسیه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی میچی ته‌مه‌ن و ڕه‌چاونه‌كردنی نمره‌، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی دیكه‌ی وه‌زاره‌ته‌ بۆ هاریكاریكردنی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر سلكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی میلاكن و ده‌توانن له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ئاستی زانستی و بڕوانامه‌كانیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌ت ساڵانی داهاتوش به‌رده‌وام ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ی خوێندكاران و قوتابیانی كورد كه‌ له‌ زانكۆكانی فه‌رنسا ده‌خوێنن، وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: كێشه‌ی ئه‌و خوێندكارو قوتابیانه‌ش چاره‌سه‌ر كرا، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند كێشه‌ی ئه‌و كاندیدانه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت كه‌ ئێمه‌ هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوێك هه‌بوو به‌ناوی (كنوز)، به‌ڵام دواتر له‌ فه‌رنسا ناوه‌كه‌ی گۆڕا به‌( كامبیس فرانس) ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆكاری دواكه‌وتنی موسته‌حه‌قاتی دارایی، بۆیه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌و كێشه‌یه‌شی چاره‌سه‌ر كرد و هه‌موو مسته‌حه‌قاتی دارایی ئه‌و ڕیكخراوه‌ ڕه‌وانه‌ كرا، به‌وه‌ش ئه‌و كێشه‌یه‌ بنه‌بڕ كرا.
  سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی تواناسازیش وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنیرَاندا ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌موو هه‌وڵه‌كان چڕكراوه‌ته‌وه‌و ئاماده‌كارییه‌كان به‌رده‌وامه‌ بۆ ڕاگه‌یاندنی قۆناغێكی دیكه‌.