پرۆسهی وهرگرتنی دهرچوانی پۆلی دوانزهی ئامادهیی له زانكۆكانی ههرێمی كوردستان دهستپێکردو لە ئەمڕۆ سێشەممە (١٠/٩/٢٠١٩) سەعات (5) ئێوارە زانكۆلاین بۆ ماوەى (١٠) رۆژ بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى دهكهوێته كار.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (١٠/٩/٢٠١٩) لەهۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانی بۆ هەریەک لە (د.خەتاب ئەحمەد مستەفا) بەرێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت و (د.جەمال کەمال) یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و (ئارام ئیبراهیم) بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن و (ئیبراهیم ڕەشید) بەڕێوەبەرى خوێندنى تایبەت بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت: بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایى لە دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى کرد و ئومێدى خواست لە چوار ساڵى خوێندنى زانکۆ سەرکەوتووبن، وتیشى: ئەمڕۆ وەکو ستافى وەرگرتن لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکان پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان رادەگەیەنین.
سەعات (٥)ى ئێوارەى ئەمڕۆ زانکۆ لاین کارا دەکرێت
سەبارەت بە وادهی ڕاگەیاندن و کاراکردنی سیستمهكانی وهرگرتن د.خەتاب ئەحمەد ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆ سێشەممە كه دهكاته ڕێكهوتی (١٠/٩/٢٠١٩) له سهعات (٥)ی ئێوارە وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی خولی یهكهم و دووهمى دوانزەی ئامادەیی تا سەعات (١٢)ى شەوى ڕۆژى (٢٠/٩/٢٠١٩) واتە بۆ ماوەى (١٠) ڕۆژ کارا دەکرێت، بهوهش دهرچوانی پۆلی (12)ی ئامادهیی دهتوانن فۆرمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕبكهنهوهو پێشكهشی بكهن، بۆ خوێندنى تایبەتیش بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت وتى: زانکۆ تایبەتەکان لەئەمڕۆوە دەتوانن فۆڕم بەسەر خوازیاران لەخوێندنى تایبەت دابەش بکەن، ههروهك جهختی لهسهر ئهوهشكردهوه كه دهرچوان دهبێ بەبەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر له خوێندنگەکانیان وهریانگرتۆتهوه دهتوانن فۆرمی وهرگرتن پڕبكهنهوه.
کورسى خوێندن لە ژمارەى دەرچووان زیاترە
سەبارەت بەپلانى وەرگرتن بۆ خوێندنى ئەمساڵ، بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت پلانى وەرگرتن بەهەرسێ جۆرى خوێندن (گشتى، پارالێڵ، ئێواران) ڕوونکردەوە، بەجۆرێک بۆ خوێندنى گشتى (٢٤٧٨٤) کورسى خوێندن و بۆ خوێندنى پارالێڵ (١٠٥١٤) کورسى خوێندن و بۆ خوێندنى ئێواران (١١٥٧٧) کورسى خوێندن تەرخانکراوە، بەم شێوەیەش لە زانکۆ حکومیەکان (٤٦٨٧٥) کورسى خوێندن تەرخانکراوە و بۆ خوێندنى تایبەتیش (٢٣٧١٤) کورسى خوێندن بۆ دەرچووان تەرخانکراوە، بەم شێوەیەش کۆى کورسى خوێندن بەهەردو جۆرى حکومى و تایبەت (٧٠٥٨٩) کورسیە.
سەبارەت بەژمارەى دەرچووانى پۆلی دوانزەى ئامادەیى وتى: وەزارەتى پەروەردە ناوى (٥١٩٣٣) بۆ ئێمە ڕەوانە کردووە کە (٣٦٣٥٠) دەرچوى زانستى و(١٥٥٨٣) دەرچوى وێژەیین، بەو شێوەیەش ژمارەى کورسیەکانى خوێندن زیاترە لە ژمارەى دەرچوان.
سێنتەرى ڕاوێژکارى زانکۆکان ئامادەى هاوکارى دەرچووانن
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا د.خەتاب ئەحمەد وتى: بۆ بهرچاوڕونی زیاترى دهرچوانی پۆلی دوانزه و ئاشنابونیان بهسیستمهكانی وهرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران و خوێندنی تایبهت) دەتوانن سەردانى سەنتەرى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ ڕونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن بهسیستمه جیاوازهكان، وتیشی: ئهوهش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئهوهی دەرچوان بهر لهوهی فۆرمی وهرگرتن پێشكهش بكهن و ئاگاداری وردهكارییهكانی سیستمهكه بن و هەوڵ بدەن بە ئامادەبونى خۆیان فۆڕمەکانى بۆ پڕبکرێتەوە.
کرێى خوێندن کەم دەکرێتەوە
سەبارەت بە کەمکردنەوە و کرێى خوێندن بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت وتى: وەزارەتى خوێندنى باڵا هەوڵەکانى بۆ ئەو مەبەستە چڕکردۆتەوەو پلانى کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى هەیە، ئەمەش پاڵپشت بە خاڵى ١٣ لەکارنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەنگاوەکانمان دەست پێکردووە.
مینبەرى ئێمە سایت و پەیجى وەزارەتى خوێندنى باڵایە
د.خەتاب ئەحمەد سەبارەت بە هەبوونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن وتى: ئێمە وەک ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى ئێمە لەڕیگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە.
سوپاسى وەزارەت پەروەردە کرا
لەکۆتایى وتەکانیشیدا بەرێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت سوپاسى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ هاوکارى و هەماهەنگى بەردەوامیان بۆ سەرخستنى پڕۆسەى وەرگرتنى خوێندکاران لەزانکۆ و پەیمانگەکان.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا نێردراوانى دەزگاکانى راگەیاندن لەبارەى چەند پرسێکى دیکەى تایبەت بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چەند پرسیارێکیان ئاراستەى ستافى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان کردو لەچوارچێوەى پلان و بەرنامەى کارو ڕێنماییەکانى وەزارەت لەلایەن نوێنەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەڵام درانەوە.