سه‌ردانی شاندێكی یابانی

newsitem-1170-02.11.2011-ku.JPG

 ئه‌مڕۆ كاتژمێر 12:30 ی نیوه‌ڕۆ، شاندێكی یابانی سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌ی زانستییان كرد و له‌ لایه‌ن دكتۆر گۆڤه‌ند حسێن شێروانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕۆشنبیری و نێردراوان و ستافێكی وه‌زاره‌ت پێشوازیان لێكرا و دوایی گفتوگۆیه‌كی چڕ، وا بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی داهاتوو بڕیار له‌سه‌ر ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی 100خوێندكاری پڕۆژه‌ی تواناسازی بۆ خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا بدرێت بۆ زانكۆ به‌ناوبانگه‌كانی یابان.

شاندی میوان  پێكهاتبوون له‌ سه‌رۆكی ڕێكخراوی (جایس) و راوێژكاری ڕێكخراوی (جای كا)، كه‌ دوو ڕێكخراوی به‌ناوبانگی وڵاتی یابانن له‌ بواری خوێندنی باڵا و دابینكردنی كورسی خوێندن له‌ زانكۆكانی ئه‌و وڵاته‌. له‌ دانشتنه‌كه‌یاندا، ڕه‌شنوسی پڕۆپۆزه‌ڵێكیان خسته‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و باسیان له‌وه‌ كرد، كه‌ وڵاتی یابان ده‌رگه‌ی به‌سه‌ر خویندكاران هه‌رێمی كورستان ده‌كاته‌وه،‌ تاوه‌كو بتوانن له‌م وڵاته‌ درێژه‌ به‌ خوێندنی ئه‌كادیمی خۆیان بده‌ن.

دكتۆر گۆڤه‌ند شێروانی له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌، ئامانجی پرۆژه‌ی تواناسازی و هه‌ڵی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانكۆكانی هه‌رێم بۆ میوانه‌كان شیكرده‌وه‌و خۆشحاڵی خۆشی ده‌ربڕی ، به‌وه‌ی قوتابیانی هه‌رێمی كوردستان بتوانن، له‌ وڵاتێكی پێشكه‌وتووی وه‌كو یابان بڕوانامه‌ی زانستی و پسپۆڕی به‌ده‌ستبێنن.

له‌ كۆتاییدا هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌  ڕێككه‌وتن ، كه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا پێداچونه‌وه‌یه‌كی  وردی پڕۆپۆزه‌له‌كه ‌ بكات و هیوایان خواست له‌ دانیشتنه‌كانی  داهاتوودا، بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتنی كۆتایی به‌و شێوه‌یه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی قوتابیان و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و ئه‌و ڕێكخراوانه‌ش دابێت.