پرۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دیوانى وەزارەت پێشوازیکرد لە (چارلس تەکر) نوێنەرى زانکۆى دیپۆل و (فەیسەل ئەمین)ى بالیۆزى پێشوى عێراق و نوێنەرى ئێستاى زانکۆى ئیدیانەى ئەمریکى و چەندین تەوەر کەوتە بەرباس و گفتوگۆوە.
رۆژى دووشەمە11/10/2010 لە دانیشتنێکدا نوێنەرانى هەردوو زانکۆکە و وەزیرى خوێندنى باڵا گفتۆگۆیان لە بارەى کردنەوەى بەشى کوردى (زارى سۆرانى) لە یەکێک لە زانکۆکانى ئەمریکا کرد. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیش خۆشحاڵى خۆى بەرامبەر ڕەزامەندى حکومەتى ئەمریکا بەکردنەوەى ئەم بەشە دەبڕى و ڕایەگەیاند،کە لەماوەیەى داهاتوودا وەزارەت دەیخاتە بەرنامەى کارى خۆیەوە.
لەتەوەرێکى دیکەى دانیشتنەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئومێدى خواست،کە زانکۆکانى ئەمریکا هاوکارى بەرنامەى تواناسازى وەزارەت بن بە دابینکردنى شوێنى حەوانەوەو پێداویستەکانى خوێندن بۆ خوێنداکاران.
لەسەر داواى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى .نوێنەرانى هەردوو زانکۆکە بەڵێنى هەماهەنگى و هاوکارییان دا بۆ ناردنە دەرەوەى مامۆستایان بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و بەستنەوەى پەیوەندەییەکانیان بە زانکۆ و سەنتەرە جیهانییەکان . هەروەها بانگێهشتکردنى ئەکادیمستەکانى زانکۆکانى ئەمریکا بۆ کۆنفراسى وەزارەتى خوێندنى باڵا، کە وابڕیارە لەماوەى داهاتوودا ببەسترێت.