وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سێنتەرى توێژینەوەى زانکۆى هەولێرى پزیشکى یەکێکە لە باشترین سێنتەرەکانى توێژینەوە لەنێو دامەزراوە زانستیەکان، کە توێژینەوەکانیان لە ناوەندە ئەکادیمییە جیهانییەکان و کەرتى تەندروستى کوردستان سودى لێ دەبینرێت.
ئەو جەختکردنەوەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٥/٢/٢٠٢٠) لەمیانى بەشداریکردنى هات لە کۆبونەوەیەکى ئەنجومەنى زانکۆى هەولێرى پزیشکى، کە بە ئامادەبونى هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و ڕاگرى کۆلێژە پزیشکییەکان بەڕێوەچو.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکە د. دارا میران سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى لە وتەیەکدا بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەتى کرد بۆ بەشدارییان لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى هەولێرى پزیشکى، بۆ ئەمەش کورتەیەکى لەبارەى زانکۆکەکەو پێویستى و گرفتەکانى تایبەت بۆ بەرەو پێشبردنى کاروبارەکانى تایبەت بە زانکۆ و کۆلێژەکان خستەڕو.
لە بەرامبەردا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا لەبەردەم ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى هەولێرى پزیشکى ڕایگەیاند: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ زانکۆکەتان کۆدەبمەوەو لە نزیکەوە گفتوگۆ بۆ بەرەو پێشبردنى زیاترى دەکەین، بۆ ئەمەش وتى: لەسەرەتاى کارکردنمان لە وەزارەت ناو و ناوبانگى ئەم زانکۆیە جێگەى خۆشحاڵى ئێمە بوە، بۆ هەموشمان جێگەى خۆشحاڵیە کە زانکۆکەتان تاکە زانکۆى تایبەتمەندە لە بوارى پزیشکى و تەندروستى لە هەرێمەکەمان کە کار بۆ بەرەو پێشبردنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى دەکات.
بۆ ئاستى زانستى زانکۆى هەولێرى پزیشکى د. ئارام محمد ڕایگەیاند: جێگەى خۆیەتى سوپاسى سەرۆک و ئەندامانى ئەندامانى ئەنجومەن و مامۆستاو فەرمانبەرو خوێندکارانتان بکەم کە لەماوەى پێنج ساڵى رابردو توانیوتانە لە ڕیزبەندنى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان لە گروپى B بمێنیتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە داهاتودا چاوەڕوانى زیاترمان بۆ زانکۆکەتان هەیەو بەو هیوایەین بتوانین زیاتر خزمەت بە وڵاتەکەمان بکەین، وەک وەزارەتیش ئامادەى هەمو پشتیوانى و هاوکارییەکین بۆ زانکۆکەتان و چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکانى.
هەر لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە: سێنتەرى توێژینەوەى زانکۆى هەولێرى پزیشکى یەکێکە لە باشترین سێنتەرەکانى توێژینەوە لە نێو زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانى هەرێمەکەمان، توێژینەوەو لێکۆڵینەوە زانستى و تەندروستییەکانى ئەم سێنتەرە جێگەى دڵخۆشى ئێمەیە، بۆیە جێگەى خۆیەتى سوپاس و دەستخۆشى ئاراستەى توێژەرانى سێنتەرەکە بکەین کە توێژینەوەکانیان لە ناوەندە ئەکادیمیە جیهانییەکان و کەرتى تەندروستى کوردستان سودى لێ دەبینرێت.
لەکۆتاى کۆبونەوەکەدا هەریەک لە ڕاگرى کۆلێژەکان ڕاو و پێشنیاز و بۆچونیان بۆ بەرەو پێشبردنى ئاستى زانکۆکەیان و چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکان خستەڕو، لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە بونم لێرە بۆ ئەوەیە ئاشناى گرفتەکان بین و چۆن بتوانین چارەسەریان بکەین، چونکە ئەم زانکۆیە بۆ ئێمە مەرجەعى کەرتى تەندروستى هەرێمەکەمانەو دەمانەوێت زیاتر بەرەو پێش بچێت.
زانکۆى هەولێرى پزیشکى لەپێنج کۆلێژى (پزیشکى گشتى– پزیشکى ددان– دەرمانسازى– پەرستارى– زانستە تەندروستییەکان) پێکهاتوەو تا ئێستا (١٤) خولى دەرچونى هەیەو لە ئێستادا (٣٦٠٠) خوێندکارى هەیە لەو ژمارەیەشدا (٨٥٠) خوێندکار بەسەر چوار بەشەناوخۆى دابەش بون.