بەمەبەستى چاکسازیکردن لە پڕۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگه تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان و، بەرزکردنەوەى کوالێتى خوێندن، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رێنمایى ژمارە (٢)ى ساڵى (٢٠١٥) ى زانکۆ و پەیمانگه تایبەتەکانى لە هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦) دەرکرد. لە گرنگترین بڕگەکانى ناو رێنمیاییەکەدا کۆنمرەى چوونە پێشبڕکێى وەرگرتن بەرزکراوەتەوە.
لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان کارى جدى دەکات بۆ چاودێریکردن و بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن و فێرکردن لە زانکۆ و پەیمانگه تایبەتیەکان، لەو چوارچێوەیەشدا دواى ئەوەى لەلایەن لێژنەیەکى باڵا لەسەر ئاستى وەزارەت و بەلەبەر چاوگرتنى کوالێتى خوێندن و فێرکردن ڕێنماییەکان ئامادەکرا، ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتى (٢٦/٨/٢٠١٥) د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێنمایى ژمارە (٢)ى ساڵى (٢٠١٥)ى زانکۆ و پەیمانگه تایبەتەکانى لە هەرێمى کوردستان پەسەند کرد.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا وتیشى لە گرنگترین خاڵەکانى نێو رێنماییەکەدا هاتووە، بۆ ئەمساڵى خوێندن خوێندکاران بەنمرەى (٥٥%) کەمتر نەبێت دەتوانن بچنە پێشبڕکێى وەرگرتن، ئهوه له كاتێكدایه لەساڵانى پێشوو چونە پێشبڕکێ بۆ وەرگرتن لە (٥٠%) بوو. هەروەک لە رێنماییەکەدا هاتوه ڕێژەیەکى بەرچاو لە کورسی خوێندن له بهشهكانی زانكۆ تایبهتهكان کەمکراوەتەوە، بۆ نمونە لە بەشەکانى (کارگێڕى کار، ژمێریارى، دارایى و بانک، کارگێڕى تەندروستى و کارگێڕى یاسایى) لە (٢٠٠) کورسی خوێندن كهمكراوهتهوه بۆ (١٥٠) کورسى. لە بەشەکانى (یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان) ژمارهی کورسییەکانی خوێندن لە (١٦٠) کورسى كهمكراوهتهوه بۆ (١٢٠) کورسى خوێندن.
بهههمان شێوه له بهشهكانی ئەندازهش (١٠) کورسى خوێندن کەمکراوەتەوەو، ٧٠ کورسى خوێندن بۆ بەشەکانى (ئەندازەى شارستانى، ئەندازەى نەوت و IT) تەرخانکراوە. لەبارەى بەشەکانى تریش بەهەمان شێوە لە زۆربەى بەشەکان ژمارهیهكی بەرچاو لە کورسییەکان کەمکراونەتەوە.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینهوهی زانستی ڕاشیگەیاند: لەڕوى کۆنمرەوە لە هەندێک لەبەشەکاندا کۆنمرەى وەرگرتن بەرزکراوەتەوە، بەشێوەیەک بۆ نمونه لەبەشى یاسا کۆنمرەى چوونە پێشبڕکێى وەرگرتن لە (٦٠%)وە بهرزكراوهتهوه بۆ (٦٥%). لەبەشى ئەندازەى شارستانى و تەلارسازى کۆنمرەى چوونە پێشبڕکێى وەرگرتن لە (٨٠%)وە بهرزكراوهتهوه بۆ (٨٥%). بهههمان شێوه لەبەشى ئەندازەى (نەوت، کۆمپیوتەر، گەیاندن) کۆنمرەى چوونە پێشبڕکێى وەرگرتن له (٧٥%)وە بهرزکراوەتهوه بۆ (٨٠%). لەبەشى ئەندازەى ژینگەش کۆنمرەى چوونە پێشبڕکێى وەرگرتن لە (٧٠%)وە بهرزکراوەتهوه بۆ (٧٥%). جگە لەبەشەکانى تریش بەهەمان شێوە کۆنمرەى وەرگرتن بەرزکراونەتەوە.
عهباس ئهكرهم ڕاگهیاند: ئامانج لە بەرزکردنەوەى کۆنمرەى وەرگرتن و، کەمکردنەوەى ژمارهی کورسییەکانی خوێندن له بهشهكانی زانكۆ تایبهتهكانی ههرێمی كوردستان لهپێناو چاکسازیکردنه لە پڕۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگه تایبەتەکان و بەرزکردنەوەى کوالێتى خوێندن و فێربوونە.
بۆ کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگه تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان، وتهبێژی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی وتی: کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگه تایبەتەکان بەرزناکرێتەوە، بۆ ئەوەش وەزارەتەکەمان نوسراوی ئاڕاستەى سەرجەم زانکۆکان کردوە، كه ڕەچاوى دۆخى ئابورى هەرێمى کوردستان بکەن و نرخى خوێندن بەرز نەکەنەوە، خۆشبەختانە زانکۆکان بەدەم داواکەمانەوە هاتون و پابەندبونیان بە بڕیارەکانى وەزارەت دوپات کردەوە.
له كۆتای لێدوانهكهیدا عهباس ئهكرهم وتی: وەزارەتەکەمان نوسراوى ڕەسمى ئاڕاستەى زانکۆ و پەیمانگه تایبەتەکانی ههرێمی كوردستان کرد بۆ پەیڕەوکردنى ڕێنماییەکان و دەستکردن بە دابەشکردنى فۆڕمى وەرگرتن و، دابەشکردنى ڕێنماییەکان بەشێوەى ڕێبەر بەسەر خوێندکارانی ئارەزومەند.