وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: داتاکانی وەزارەتی تەندروستی پێمان دەڵێن سنوری پارێزگای دهۆک پێویستیەکی زۆری بە نوژدارە، لەژێر ڕۆشنایى ئەو داتایانەش ساڵى ڕابردو بەسیستمێکى مۆدێرن کۆلێجى پزیشکى گشتى لە زانکۆى زاخۆ کرایەوە، کردنەوەی ئەم کۆلێجەش بۆ شاری زاخۆ و تەواوی دەڤەرەکە لەڕوى تەندروستییەوە گرنگی خۆی هەیە.
ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى ڕێکەوتى (٨/١١/٢٠١٩) بە چاودێرى و ئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و پارێزگارى دهۆک و لێپرسراوان و مامۆستایانى زانکۆ و دەرچوان و کەسوکارەکانیان، ڕێوڕەسمى خولى نۆیەمى دەرچوانى زانکۆى زاخۆ لە یاریگەى نێودەوڵەتى زاخۆ بەڕێوەچو، کە تیایدا (١٠١٥) دەرچو بڕوانامەى بەکالۆریۆسیان لە (٢٧) بەشى زانستى جیاجیا پێبەخشرا.
لە وتەیەکدا بەناوى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەردەم دەرچوانى زانکۆى زاخۆ، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: جێگەی شانازییە ئەمرۆ لە شاری زاخۆکا دەلال لە گەرنەڤاڵی دەرچوونی پۆلێکی نوێ لە دەرچوان لەگەڵتاندام، پیرۆزبایی لە هەموو دەرچوان و خانەوادەکانیان دەکەم، پیرۆزبایی لە شاری زاخۆ دەکەم، کە ئەم شارە مەڵبەندی بیری پێشکەوتووخواز و کوردایەتی و خەبات و قوربانیدانە، هەروەها سوپاسى سەرۆکى زانکۆ و ئەندامانى ئەنجومەن و مامۆستاو فەرمانبەرانى زانکۆ دەکەم کە ماندوبون لە پێگەیاندنی ئەم پۆلە گەنجە.
د. ئارام محمد قادر وتیشى: زانکۆى زاخۆ لەماوەى تەمەنیدا توانیویەتی هەنگاوی گرنگ بنێ و لەڕوی گەشەپێدانی کواڵیی خوێندن و بنیادنانی کامپەس و ژێرخان و پێداویستییە زانستییەکان، جێگەی شانازیشە لەڕیزبەندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا توانیویەتی پێگەیەکی بەرچاوی هەبێت و لە ساڵی خوێندنی ڕابردوشەوە توانی کۆلێجی پزیشکی گشتی دابمەزرێنێت و بەسیستمێکی مۆدێرن پرۆسەی خوێندن لەم کۆلێجە دەستپێبکات.
وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: کردنەوەی کۆلێجی پزیشکی گشتی بۆ شاری زاخۆ و تەواوی دەڤەرەکە گرنگی خۆی هەیە، داتاکانی وەزارەتی تەندروستی پێمان دەڵێن کە سنوری پارێزگای دهۆک پێویستیەکی زۆری بە نوژدارەو دەبێت زانکۆکان لەم ڕوەوە وەڵامی پێداویستییەکانی بازاری کار بدەنەوە .
لەبارەى پشتیوانى و هەماهەنگى کەرتى گشتى و تایبەت، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: پشتیوانی تەواوی زانکۆکەتان دەکەین بۆ ئەوەی زیاتر هەماهەنگی لەگەڵ لەهەردو کەرتی گشتی و تایبەت بکات، بۆ ئەوەی بەشەکان و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن زیاتر ببەستینەوە بەپێداویستییەکانی بازاڕی کارو، گرنگی بەو کارامەییانە بدەین کە دەرفەتی کاری زیاتر بۆ دەرچوانمان فەراهەم دەکات و لەگەڵ تواناو پۆتێنشیاڵی ئابووری ناوچەکەدا دەگونجێ.
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئێمە پابەند دەبین بە جێبەجێکردنی پلان و کارنامەی وەزارەتەکەمان، هەروەها پابەند دەبین بەهەمو ئەو بەڵێنانەی کە بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستانمان داوە، بەش بە حاڵی خۆم لە ڕۆژی دەستیبەکاربوونم تا ئێستا دەرگام کراوە بووە بۆ مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی زانکۆ و بۆ هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، بەڵێن بێت بەردەوام دەبم لە گوێگرتن لە سەرنج و تێبینی و داواکارییەکای کۆمیونیتی ئەکادیمی هەرێمەکەمان و هەموو کۆمەڵانی خەڵک بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە گرفتەکان چارەسەر بکەین.
هەر لە ئاهەنگى نۆیەمین خولى دەرچوانى زانکۆى زاخۆ، د. لەزگین عەبدى سەرۆکى زانکۆى زاخۆ لە وتەیەکدا دەستخۆشى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ پرۆژەو پلانەکانى بەئاراستەى بەرەو پێش بردنى رەوشى خوێندنى باڵا لە کوردستان و بایەخدان بە بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و توێژینەوەو بەرزکردنەوەى ئاستى مامۆستاو خوێندکاران، هەروەک ئاماژەشى بە ژمارەى فاکەڵتى و کۆلێژ و بەشەکانى زانکۆ کردو رایگەیاند، زانکۆى زاخۆ لە ٣ فاکەڵتى و ٤ کۆلێژ پێکهاتوە کە ٢٧ بەش لەخۆدەگرێت، هەروەک وتیشى: لەخولى نۆیەمدا ١٠١٥ دەرچو بڕوانامەى بەکالۆریۆسیان لە پسپۆرى جیا جیا پێدەبەخشرێت.
بۆ خوێندنەوەى تەواوى وتارەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کلیک (لێــــــــره) بکە...