دۆخى خوێندنى باڵا گۆڕاوە
د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: باردۆخى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان گۆڕانکارى گەورەى لە بوارى چەندایەتى و چۆنایەتى ڕویداوە، بەڵام ئەو یاسایەى کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کارى لەسەر دەکات لەگەڵ واقیعى ئەمڕۆى کوردستان ناگونجێ.
کێشەى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان تاوتوێکران
ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٣١/٥/٢٠١٧) لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەیەکى لەگەڵ سەرۆکى زانکۆ و ڕاگرى پەیمانگە تایبەتەکان هات.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبونى د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، د. نورى هەرزانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى پشکنین و دڵنیایى جۆرى و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى بەڕێوەچو گفتوگۆ لەبارەى بارودۆخى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کرا.
یاسای خوێندنى باڵا لەگەڵ بارودۆخى ئێستا ناگونجێ
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کورتەیەکى لەبارەى گرنگى ئەو کۆبونەوانە خستەڕو، وتیشى ئێستا ژمارەى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان زیادى کردوە، بۆیە هەوڵ دەدەین لێرە بەدواوە ئەو جۆرە کۆبونەوانە بەردەوامى پێ بدەین بۆ تاوتوێکردنى بابەتەکان و، دەستنیشانکردنى ڕێگەچارەى گونجاو بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان بەپییى یاسا کارپێکراوەکان، د.یوسف گۆران ڕاشگەیاند: بارودۆخى خوێندنى باڵا لە ئێستادا لە ڕوى چەندایەتى و چۆنایەتى گۆڕانکارى زۆرى بەسەردا هاتوە، بەڵام ئەو یاسایەى کە وەزارەت کارى لەسەر دەکات کۆن بوەو، لەگەڵ بارودۆخى ئەمڕۆى خوێندنى باڵا لە کوردستان ناگونجێ، ئەوەش بۆتە بەربەستێک لە بەردەم باشتر ڕاپەڕاندنى کارەکانمان.
سیستمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەئەلیکترۆنى دەکرێن
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا و، لە تەوەرى یەکەمدا تاوتوێى ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنى خوێندکاران بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) بەسیستمى ئەلیکترۆنى و پێوەرەکانى وەرگرتن تاوتوێ کرا، لەو چوارچێوەیەشدا د.جەمال کەمال سەرپەرشتیارى زانکۆ تایبەتەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کورتەیەکى لەبارەى ئامانج و گرنگى بەئەلیکترۆنیکردنى سیستمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان خستەڕو.
زانکۆکان دەکرێنە بەشێک لە سیستمى ئابورى کوردستان
هەر لەو کۆبونەوەیەدا باس لە کێشەى دانپیانان بە زانکۆ تایبەتەکان لەلایەن حکومەتى ئێراقى کرا، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: مەسەلەى دانپیانان بەزانکۆکان یەکێک بو لە هۆکارەکانى بانگهێشتکردنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئێراقى بۆ هەرێمى کوردستان، بۆیە لە سەردانەکەشیدا لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکى نێوانماندا کۆمیتەیەکى هاوبەش بۆ ئەو مەبەستە پێکهات، وتیشى بەڵام دواى گەڕانەوەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئێراقى بۆ بەغداد مەوداى وەڵامدانەوەیان بۆ ڕێکەوتنامەکە وەک پێویست نیە، هەرچەندە دانپیانان بەو زانکۆیان بەپێیى دەستور لە دەسەڵاتى هەرێمەکانە، بەڵام ئەو بابەتەش بەسیاسى کراوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا د.یوسف گۆران وتى: ئێمە لە هەوڵەکانماندا بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە بەردەوامین، بۆیە لە دواى شەش مانگ چاوەڕوانى لە دواین کۆبونەوەى بۆردى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە ئەنجومەنى وەزیران باسمان لە کێشەکانى ئەو بابەتە کرد و چەند بژاردەیەک لەو کۆبونەوەیە تاوتوێ کران، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراشیکرد، کە وەک حکومەتى و وەزارەت پڕۆژەیەکى ستراتیژى بۆ ئەوەى زانکۆکان بکرێنە بەشێک لە سیستمى ئابورى کوردستان بەتایبەت زانکۆ تایبەتەکان، ڕونیشیکردەوە لە ئێستادا هەنگاویان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ناوە، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئوردون و کۆمارى ئیسلامى ئێران ڕێکەوتنامە ئیمزا کراوە، وتیشى لەگەڵ تورکیا هەوڵەکانمان بەردەوامە و هەنگاومان ناوە، د.یوسف گۆران سەرۆکى زانکۆ تایبەتەکانى ڕاسپارد بۆ ئەوەى هەوڵ بدەن تا لە ڕێکخراوە هەرێمى و نێوەدەوڵەتیەکان ببنە ئەندام، ئەو هەنگاوەشى بەکارێکى گرنگ و پێویست زانى بۆ ئەوەى زانکۆ و پەیمانگە ببنە بەشێک لە سیستمى ئابورى کوردستان.
نابێ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کۆپیکراوى زانکۆ حکومیەکان بن
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە پڕۆژەى سەربەخۆى دارایى زانکۆکان کرد، کە لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران پەسند کرا، وتیشى وەک لە پڕۆژەکەدا هاتوە زۆربەى داهاتەکانى خوێندنى باڵا هەر لە بوارى خوێندنى باڵا خەرج بکرێتەوە، د.یوسف گۆران وتیشى وەک لە پڕۆژەکەدا هاتوە جێبەجێکردنى خاڵەکانى بەشێکى دەکەوێتە سەر زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، ڕونیشیکردەوە لە دەرکردن و پەسندکردنى ئەو ڕێنماییەدا پشت بەماددەکانى یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەستراوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى وەک تێبینى دەکەین ئەو ڕسوماتەنە لە سەر زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دیاریکراوە وەک پێویست جێبەجێى ناکەن و، پێدانى ڕسوماتەکان بەحکومەت زۆر دوا دەکەوێ، لە کاتێکدا لە زانکۆ حکومیەکان کارەکان باشتر دەڕۆن و لە کاتى خۆى ڕسوماتەکان بە حکومەت دەدەن، د.یوسف گۆران وتیشى نامانەوێ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کۆپیکراوى زانکۆ حکومیەکان بن، چونکە ئێستا گۆڕانکارى گەورە لە سیستمى خوێندنى باڵا لە ئاستى دونیا ڕویداوە، بۆیە زانکۆ تایبەتەکان زیاتر دەستکراوەترن لە جێبەجێکردنى ئەو سیاسەتە، وتیشى باوەڕمان وایە خوێندنى تایبەت زۆر گرنگە بۆ ئەم وڵاتە چونکە ئەرکى ئەو زانکۆ و پەیمانگەیانە تەنها پیدانى بڕوانامە نیە، بەڵکو دەبێ ببنە بەشێک لە سیستمى ئابورى وڵات، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشگەیاند: سیاسەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا بریتیە لە هاندانى کەرتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.
گۆڕانگارى بەرچاو لە ئاستى زانستى زانکۆکان بەدیهاتوە
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، بەگرنگیەوە باس لە ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان کرا، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: دیدگاى وەزارەتەکەمان خستۆتە ناو ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان بۆ ئەوەى زانکۆکان هان بدەین بەو ئاراستەیە کار بکەین، ڕونیشیکردەوە تا ئەو کاتەى دامەزراوەیەکى بێلایەن و ئەکادیمى دێ کارى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان دەکات، وەزارەت سەرپەرشتى ئەو پڕۆژەیە دەکات، ڕاشگەیاند: جیگەى شانازیە کە لە ناوچەکەدا جگە لە تورکیا هەرێمى کوردستان تاکە شوێنە، کە ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستانى تێیدا جێبەجێ دەکرێ، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراشیکرد بەهۆى ڕێزبەندیەوە گۆڕانگارى بەرچاو لە ئاستى زانستى زانکۆکان بەدیهاتوە و، زۆرێک لە زانکۆکان کە پێشتر لە ڕیزبەندیە نێودەوڵەتیەکان نەبون، ئێستا لەو ڕێزبەندیانە بەدەرکەوتون، لە بەرامبەردا سەرۆکى زانکۆ تایبەتەکان بەگرنیگەوە باسیان لەو پڕۆژەیە کرد و ستایشى کارەکانى وەزارەت بەتایبەت جیبەجێکردنى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان کرد.