وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا رایگەیاند هیچ کۆمەڵ و ڕێکخراوێک بۆى نیە بڕوانامەى دکتۆراى فەخرى ببەخشێت و هەر رێکخراو و کۆمەڵەیەکیش ئەم کارەى ئەنجام دابێت رووبەرووى یاساى دەکەینەوە.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى ماوەیەکە ڕێکخراوێک بەناوى فورات بۆ ئاشتى جیهانى لە هەرێمى کوردستان، بڕوامانەى دکتۆراى فەخرى دەبەخشێت، لێرەوە بۆ ڕاى گشتى رایدەگەیەنین ئەم ڕێکخراوە دوورو نزیک پەیوەندى بە وەزارەتەکەمانەوە نیەو مافى ئەوەیان نیە بڕوانامەى دکتۆراى فەخرى ببەخشێت تەنها دەتوانێت لەچوارچێوەى کارى ڕێکخراوەیىیان خەڵات و بڕوانامەى ڕێزلێنان ببەخشن، بەخشینى بڕوانامەى دکتۆراى فەخرى کارى دام و دەزگا ئەکادیمییەکانە کە تەنها وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانسیتى ئەو مافەى هەیە ئەم بڕوانامەیە ببەخشێت.
عەباس ئەکرەم راشیگەیاند وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبەرامبەر دابەشکردنى بڕوانامەى بەناو دکتۆراى فەخرى، کاربەدەستانى ڕێکخراوەکە رووبەرووى یاسا دەکاتەوەو سکاڵاى یاساییان لەسەر تۆمار دەکات.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى بە پێویستى دەزانین بۆ راى گشتى رایبگەیەنین و داوا لە کەسایەتیەکان و کاربەدەستان بکەین، بەناوى وەرگرتنى بڕوانامەى دکتۆراى فەخرى نەکەونە ژێر کاریگەرى ئەم جۆرە ڕێکخراوانە، وەک وەزارەتەکەمان داوایان لێ دەکەین ناو و ناوبانگى خۆیان بپارێزن و بە وەرگرتنى بڕوانامەى ساختە بەناوى دکتۆراى فەخرى کەسایەتییان بپارێزن.