ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا چه‌ند بڕیارێكی گرنگیدا

كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت111

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند:  دوای تێپه‌ڕاندنی چوار ساڵ پڕ له‌ قه‌یرانی دارایی لێره‌ به‌دواوه‌ زانكۆكان و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی بالا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پێ ده‌نێنه‌ قۆناخێكی نوێی زانستی و ئه‌كادیمی، ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتى (12/3/2019) لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت هات.

 

ده‌وام له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت و زانكۆكان ئاسایی ده‌بێته‌وه‌

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كه‌ تاوتوێی چه‌ند بابه‌تێكی گرنگ كرا، بڕیار له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكیش درا، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و، له‌سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌كه‌دا د.یوسف گۆران سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت، به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ دواین بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرد، بۆ هه‌ڵگرتنی پاشكه‌وتی موچه‌، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، چوار ساڵی ڕابردو له‌ڕوی داراییه‌وه‌ بارگرانییه‌كی زۆر قورسی كرده‌ ڕایكردنی كاره‌كانمان، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ دواین كۆبونه‌وه‌یه‌دا بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پاشەكه‌وتی موچه‌ ڕاگه‌یاند، لێره‌وه‌ جێی خۆیه‌تی جارێكی دیكه‌ بەناوی خۆم و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت سوپاسی خۆڕاگری یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران بكه‌م، بۆیه‌ بۆ باشتر ڕایكردنی كاره‌كانمان له‌ وه‌زاره‌ت و زانكۆكان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتوه‌وه‌ ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت و زانكۆكان و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاسایی ده‌بێته‌وه‌.

 

 

كۆچه‌ر بیركار دێته‌‌ كوردستان

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر داوای د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین/ هه‌ولێر، وه‌زاره‌ته‌كه‌مان بانگهیشتی زانای گه‌له‌كه‌مان كۆچه‌ر بیركار  ده‌كات بۆ هه‌رێمی كوردستان تا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ ئه‌نجامدانی سمینارێك و به‌شداریكردن له‌ وۆركشۆپێكی تایبه‌ت به‌ بواری بیركاری له‌ كوردستان، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بریاری پێكهێنانی لێژنەیەکى تایبەت بۆ بەشەکانى ماتماتیک درا، به‌مه‌به‌ستی گه‌شه‌پێدانی بەشەکانى ماتماتیک لە زانکۆکان، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هیوای خواست لێژنه‌كه‌ سود له‌ ئه‌زمونی كۆچه‌ر بیركار وه‌ربگرێت بۆ گه‌شه‌پێدانی به‌شه‌كانی بیركاری له‌ زانكۆكانی كوردستان، هه‌روه‌ك داواشیكرد لێژنه‌كه‌ هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆ پێشكه‌وتوه‌كانی دەرەوە ده‌ره‌وه‌ دروست بكه‌ن بۆ پەرەپێدانی تواناى مامۆستاکایان و پرۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکان.

 

بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین دادەمەزرێت

بە ڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی قۆناغەکانی دامەزراندنی بۆردی (نیشتیمانی متمانە بەخشین)ی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە، ئەم بۆردە  دەبێتە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی سەربەخۆ، کار دەکات بۆ داڕشتنەوەی چوارچێوەی گشتی پرۆسەی دڵنیایی  جۆری لە دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و ئامادەکردنیان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی، بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین بە هەماهەنگی و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی دامه‌زراوەی زێڤا کار دەکات بۆ ئەوەی هەموو پرۆگرامەکانی خوێندن لە هەموو زانکۆکانی کوردستان بتوانن متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن و بەتەواوەتی بچنە چوارچێوەی ستانداردە جیهانییەکانەوە.

بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیەش دامەزراوەی زێڤا لە ڕێگای تیمی نێودەوڵەتییەوە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکەن و دواتریش هەر خۆیان پرۆسەی بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی ڕێک دەخەن، پرۆژەکە  بە چوارقۆناغی سەرەکی جێبەجێی دکرێت:

قۆناغی یەکەم: بریتی دەبێت لە پێکهێنانی بۆردی نیشتیمانی متمانەبەخشین و دەستنیشانکردنی ئەندامەکانی، کە بریتی دەبن لە پسپۆڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەسەرپەرشتی دامەزراوەی زێڤا ڕاهێنانیان پێدەکرێت.

قۆناغی دوەم: بۆردی متمانەبەخشین چوارچێوەی نیشتیمانی پرۆسەی دڵنیایی جۆری خوێندن و فێرکردن دادەڕێژنەوە.

قۆناغی سێهەم: بریتییە لە پەرەپێدانی توانامرۆییەکان و پێکهێنانی تیمەکانی هەڵسەنگاندن و وردبینی.

قۆناغی چوارمیش: بریتی دەبێت لە ئەنجامدانی یەکەمین بازنەی بەخشینی متمانەی نێودەوڵەتی.

هەفتەی داهاتوو دەرگای پیشکەشکردن بۆ ئەندامێتی بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین دەکرێتەوە و مامۆستایانی بە ئەزموون لە بواری دڵنیایی جۆری لە زانکۆکانی کوردستان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین بە سەرپەرشتی ڕاستەخۆی دامەزراوەی زێڤا و بە هاوبەشی لەگەڵ پسپۆڕانی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت. 

ئەم پرۆژەیە هەموو زانکۆکانی کوردستان دەگرێتەوە و متمانەی دامەزراوەیی و متمانەی پرۆگرامەکانیش لەخۆ دەگرێت، بە پێی ئەم پرۆژەیە تا ساڵی (٢٠٢٣)هیچ زانکۆیەک و هیچ پرۆگرامێکی خوێندن نامێنێت لە هەرێمی کوردستان کە متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست نەهێنابێت.

بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و ئاستی پرۆسەی خوێندن دەگەیەنێتە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی و کارایی لەسەر کۆی پرۆسەی خوێندن و ئاستی زانستی و کارامەییەکانی دەرچوانی زانکۆکانمان دەبێت و دەرفەتەکانی دەستکەوتنی کار و توانای کارسازی دەرچوانمان فراوانتر دەکات.

 

بۆ یەکەمین جار هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی جیهانی ئاماژەی توانستی زمانی ئینگلیزی (English Proficiency Index)

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەکرد کە لە ساڵی  (٢٠١٩) و بۆ یەکەمین جار هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت لە هەڵسەنگاندنەکانی ئاماژەی توانستی زمانی ئینگلیزی (English Proficiency Index) کە لەلایەن دامەزراوەی (Education First) ەوە لە سەر ئاستی جیهان ڕێکدەخرێت، ئەم پرۆسەیەش لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی توانستی زمانی ئەنجام دەدرێت کە لەلایەن دامەزراوەی (Education first) سەرپەرشتی دەکرێت و تاقیکردنەوەکەش بێ بەرامبەرە و لە ڕێگای ئۆنلاین و لەناو کامپی زانکۆکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

بۆئەم بەبەستەش زانکۆکانی کوردستان لە ڕێگای تیمی لۆجیستییەوە ئامادەکاری بۆ ئەم پرۆژەیە دەکەن و تاقیکردنەوەکانیش لە سێنتەری کۆمپیوتەری زانکۆکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت و بڕیارە لە مانگی نیسانی ٢٠١٩ دا پرۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ، مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران لە بەش و کۆلێجە جیاجیاکانەوە بەشداری ئەم تاقیکردنەوەیە دەکەن، لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا داتایەکی دەوڵەمەند کۆدەبێتەوە و  بۆ مەبەستی داڕشتنی سیاسەتی گشتی و پەرەپێدانی توانستی زمانی ئینگلیزی سودی لێ وەردەگیرێت،هەروەها هەرێمی کوردستانیش دەچێتە سەر نەخشەی جیهانی ئاماژەکانی توانستی زمانی ئینگلیزی.

خوێندكاران به‌پێی پلان ڕه‌وانه‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێن

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا تاوتوێی پلانى زانکۆکان بۆ پێدانى مۆڵەتى خوێندن به‌فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان بۆ خوێندنى باڵا ماستەر/ دکتۆرا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كرا، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران وتی: بەهۆى ئەوەى ژمارەیەکى زۆر داواکارى بۆ خوێندن لە دەرەوەى وڵات هه‌یه‌، بۆیه‌ دەبێـت لێره‌ به‌دواوه‌ بەپێێ پلان مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر بۆ خوێندن ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: هەر کۆلێژ و بەشێک پلانى خۆى بۆ وه‌زاره‌ت به‌رز ده‌كاته‌وه‌، له‌ وه‌زاره‌تیش لەسەر بنەماى ئەو پلانە مۆڵەتى خوێندن دەدرێت، وتیشی ئامانج له‌و كاره‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ دەمانەوێت بەپێى پێویستى و داواکارىیەکان خەڵک ڕه‌وانه‌ی دەرەوەى وڵات بكه‌ین، ئاشكراشیكرد بۆ ئه‌و خوازیارانه‌ی له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ فه‌رمانبه‌رن، وەزارەته‌كه‌مان نوسراوى بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئەنجومەنى وەزیران به‌رزکردۆته‌وه‌، كه‌ تێدا داوامان كردوه‌ وه‌زاره‌ته‌كان پلانه‌كانیان بۆ وه‌زاره‌تی پلاندان ڕه‌وانه‌ بكه‌ن، تا دواتر به‌پێی پلان و پێویستی پسپۆڕییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كان مۆڵه‌ت بدرێ به‌خوازیارانی خوێندنی باڵا بۆ‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

گۆڕانكاری له‌ سیتمی وه‌رگرتنی خوێندكاران ده‌كرێ

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ گۆڕانكاری له‌ سیستمی وه‌رگرتن كرد و وتی: بۆ ساڵی خوێندنی (2019-2020) هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكاران له‌ زوترین كاتدا ده‌ست به‌خوێندن بكه‌ن، به‌تایبه‌ت خوێندكارانی قۆناخی یه‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ش ڕایگه‌یاند: ده‌ستپێكردنی ده‌وامی خوێندكاران له‌ كاتی خوێدا كارئاسنیمان بۆ ده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ند سیستمێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانكۆكان، بۆ ئه‌وه‌ش دوای تاوتوێكردنی لایه‌نه‌كانی بابه‌ته‌كه‌ و خستنه‌ڕوی  پێشنیازه‌كانی لێژنه‌ی باڵای وه‌رگرتن، كۆبونه‌وه‌كه‌ ئه‌م بڕیارانه‌یدا:

  1. هەردو پرۆسەى وه‌رگرتنی له‌ زانكۆ حكومی و تایبه‌ته‌كان یه‌كخراو و به‌یه‌ك پڕۆسه‌ و له‌ یه‌ك كاتدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
  2. سیستمى کردیتیت بۆ هەمو کۆلێژ و پەیمانگەکان لە زانکۆکان بەدرەوام دەبێت.
  3. ژماره‌یه‌ك زانكۆ، به‌تایبه‌ت زانكۆ تازه‌كان و ئه‌وانه‌ی (بۆلۆنیا پرۆسیس) جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ (1/9) ده‌ست به‌خوێندن ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ته‌نها ده‌رچوانی خولی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ و ساڵانی پیشتر وه‌رده‌گرن، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای خۆیانه‌.
  4. زانكۆكانی دیكه‌ خولی یه‌كه‌م و خولی دوه‌م وه‌رده‌گرن، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەی باڵای وەرگرتن میکانیزمی  پێویست بۆ هاوسەنگی نێوان کورسیاکانی خولی یەکەم و دووەم دادەڕێژێت، به‌مه‌رجێك جیاوازی کەمترین کۆنمرە لە هەر بەش و کۆلێجێک لە سێ نمرە زیاتر نەبێت.