وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاگادارى سەرجەم دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى دەکات، بۆ وەرگرتنى زانیارى جگە لە پەیج و وێبسایتى ڕەسمى وەزارەت پشت بەهیچ پەیج و ئەکاونتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبەستن.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ماوەیەکە چەند پەیج و وێبسایتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زانیارى و ڕونکردنەوەى نادروست بە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى دەدەن و، بە بڵاوکردنەوەى زانیارى نادروست لەبارەى کۆنمرەى وەرگیراو لە زانکۆ و پەیمانگەکان، خوێندکاران دەخەنە دڵەڕاوکێ، لێرەوە ڕایدەگەیەنین سەرجەم ئەو زانیارییانەى لەو پەیج و سایتانە بڵاودەکرێتەوە دورو نزیک پەیوەندییان بە وەزارەتەکەمانەوە نیە و، هیچ بنەمایەکیان نیە و دورن لەڕاستیەوە.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى ڕادەگەیەنێت، بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان لەهەرێمى کوردستان تەنها پشت بە زانیارییەکانى وێبسایتى وەزارەت بەناونیشانى (www.mhe-krg.org) و لاپەڕى ڕەسمى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوکى وەزارەت بەناونیشانى (www.facebook.com/mhekrg) ببەستن، كە ئەمانە کەناڵى ڕەسمى وەزارەتن و، دەتوانن لە ڕێگەى ئەو کەناڵانەوە بگەنە زانیارى دروست.
عەباس ئەکرەم ڕاشیگەیاند بەپێچەوانەوە ئێمە لە هیچ زانیاریەکى ئەو وێبسایت و پەیجانە بەرپرسیار نین، بەتایبەت بۆ پڕۆسەکانى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.