وفدی زانستی فنلاند زانکۆی سلێمانی و پۆلیتەکنیکی سلێمانیان بەسەرکردەوە

finlandd0

 لە درێژەی سەردانەکەیاندا بۆ هەرێمی کوردستان، وفدی زانستی وڵاتی فنلاند بەسەرۆکایەتی کارل هۆڵم زانکۆی سلێمانی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیان بەسەرکردەوە.

لەو چوارچێوەیەدا و، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیاندا، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی 25/4/2018 سەردانی زانکۆی سلێمانیان کرد، دوای پێشوازیکردنیان لەلایەن د.ڕەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، بەشدارییان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی زانکۆ کرد.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بەخێرهێنانی وەفدی فنلاندی کرد، هەروەک کورتە باسێکی مێژوی لەبارەی دامەزراندن و قۆناخەکانی گەشەکردنێ زانکۆکەیان باسکرد، وتیشی لەپاڵ پاڵپتشیکردنی زانکۆکەمان لە ڕوی دڵنیای جۆری و ڕاهێنانی ستافی زانستی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی زانستی، داواکارین لە کردنەوەی قوتابخانەیەکی بنەڕەتی و ئامادەیی بۆ منداڵانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکەمان هاوکاریمان بکەن، بۆ ئەوەش وتی باڵەخانەی پێویستمان هەیە، بەڵام پێویستمان بەڕاهێنانی ستافی مامۆستا و دانانی پرۆگرامەکانی خوێندن هەیە.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ سەرەنج و بۆچون و پرسیارەکانیان لەبارەی جۆری هاوکارییەکانیان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان پێشکەش بەوەفدی میوان کرد.

لەبەرامبەردا، وفدی میوان دوای ئەوەی خۆشحاڵی خۆیان بەو سەردانە بۆ هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە، گفتوگۆیان لەبارەی هاوکارییەکانیان بۆ زانکۆکانی کوردستان کرد، هەروەک باسیان لە گرنگی بەستنەوەی سیستمی پەروەدە بەخوێندنی باڵا لەلایەک و، زانکۆکان بەبازاری کار لەلایەکی دیکە کرد، وتیشیان گرنگە لەم قۆناخەی هەرێمی کوردستاندا بایەخی زیاتر بەپەروەردە و خوێندنی باڵا بدرێ.

لە کۆتای کۆبونەوەکەشدا، لەلایەن د.ڕەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لۆگۆی زانکۆ و دیارییەکی کوردەواری پێشکەش بەئەندامانی وەفدی میوان کرا.

لە وێستگەیەکی دیکەی سەردانەکەیاندا، وەفدی زانستی فنلاند زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیان بەسەرکردەوە، لە سەرەتادا لە دیدارکدا لەگەڵ د.ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستیەکانی نێوان زانکۆکانی کوردستان و وڵاتی فنلاند کرا، بۆ ئەوەش سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد، کە دەرگای بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیانی لەگەڵ زانکۆکانی فنلاند کردۆتەوە، هیواشی خواست ئەم سەردان و بەسەرکردنەوانە ئامانجی ئەرێنی و دەسکەوتی زانستی بەدوای خویدا بهێنێ.

لەبەشێکی دیکەی سەردانەکەیاندا بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، وەفدی زانستی فنلاند لە کۆبوەوەیەکدا لەگەڵ یاریدەدەرى سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکى سلێمانی و بەڕێوەبەرە پەیوەندارەکانى زانکۆکە لەبەر ڕۆشنایی ستراتیژییەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان و، پڕۆژەی (ژیانەوەی ئێراق)ی وڵاتی فنلاند گفتوگۆیان لەبارەی نەخشەڕێگەی بوارەکانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیان کرد، بۆ ئەوەش چەندین پێشنیازییان گەڵاڵەکرد.