بەڕێزان/ سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان
بابەت/ پیرۆزبایى
لە یادی (٤١) ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان پیرۆزبایی گەرم لە ئێوە و, سەرجەم خوێندکارانى کوردستان دەکەم.
کۆمەڵەى خوێندکارانى کوردستان هەر لەگەڵ دامەزراندنیدا لە پێناو بەدیهێنانى مافە ڕەواکانى خەڵکى کوردستان خەباتى شار و شاخى بەیەکەوە گرێدا و، هاوشانى هێزى پێشمەرگە لە کوردستان و شانە نهێنیەکانى ناو شار دەستى بەخەبات و شۆڕش و جوڵانەوەیەکى نوێى سیاسى کرد و، توانى ڕۆڵى گەورە لە جۆشدانەوەى شۆڕش و بەخشینەوەى هیوا بەگەلەکەمان بۆ بەردەوامیدان بەخەبات و گەیشتن بەقۆناغى ئازادى و بەدیهێنانى دیموکراسى بگێڕێ، بەهەمان شێوە لە دواى ڕاپەڕینی ساڵى (١٩٩١) درێژەى بەخەباتى مەدەنى خۆیدا و توانى دەسکەوتى گەورە بۆ خوێندکاران بەدیبێنێ.
کۆمەڵەى خوێندکاران لە مێژوى ڕێکخراوەیى خۆیدا توانى ببێتە سەدان سەرکردە و کادیرى دڵسۆز و کەسایەتى لێهاتو و بەتواناى پێشکەش بەهەرێمى کوردستان بکات.
ئێستاش کە ڕۆژ بەڕۆژ لە بەدیهێنانی خەونە لەمێژینەکەمان نزیک دەبینەوە، مایەى خۆشحاڵیە کە کۆمەڵەى خوێندکارانى کوردستان لە هەمو کات زیاتر درک بەهەستیاری قۆناغەکە بکەن و، ئەم یادەش بکەنە درێژەپێدەری ڕێڕەوی خەباتی ڕێکخراوەیان لە پێناو زیاتر خزمەت گەیاندن بە توێژی خوێندکاران، تا لە داهاتودا ببنە فاکتەری بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و مەعریفە لە کوردستان، لەهەمان کاتدا داواکارم ببنە پردێکی پەیوەندی تەندروست لە نێوان مامۆستاو خوێندکار و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە کوردستان، تا لەو ڕێگەیەوە هاریکارمان بن بۆ ئەوەى پێکەوە نەوەیەکی گۆشکراو بەبیروباوەڕی سەردەمیانە بۆ داهاتوى کۆمەڵگەکەمان ئامادە بکەین.
هیوادارم هەڵکردنی مۆمی ساڵێکی نوێی تەمەنى کۆمەڵەکەتان، ببێتە مایەی بەدیهێنانی خواستە دیموکراسیی وپیشەییەکانی خوێندکاران لەسەرجەم قۆناغەکانى خوێندن لە کوردستان....دوبارە پێرۆزە
د.یوسف گۆران
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى