لە ئاهەنگى دەرچوانى خولى سێیەمى ئەنجوومەنى کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکیەکان بڕوانامەى بۆردی پزیشکى کوردستانى بەخشرایە (٧٠) دەرچو لە (١٢)پسپۆڕى جیا .
لەو ئاهەنگەدا، کە ئەمڕۆ پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (٢٢/١٢/٢٠١٦) بەئامادەبونى د.کەریم ساڵح عەبدول نوێنەرى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هۆڵى سێنتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەددین لە شارى هەولێر بەڕێوەچو، چەند وتەیەکى تیادا پێشکەش کرا.
بەر لە پێشکەشکردنى وتارەکان، ئاهەنگەکە بەهاتنەناوەوەى دەرچوان و مامۆستایان دەستپێکرد، پاشان ئامادەبوان بەوتنەوەى سرودى نیشتیمانى (ئەى ڕەقیب) ڕێزیان لە شەهیدانى ڕێگەى ڕزگارى گەلەکەمان نا.
دواتر وتارى بەخێرهێنان لەلایەن (دکتۆر حەمە نەجم جاف) سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان خوێندرایەوە, لەوتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبووان, ئاماژەى بەوەدا کە لە خولى سێیەمدا پاش تەواوکردنى ڕاهێنان و دەرچونیان بەسەرکەوتویى لە تاقیکردنەوەکان (٧٠) پزیشک لە (١٢) پسپۆڕى جیاواز بڕوانامەى بۆردی پزیشکى کوردستانیان پێ دەبەخشرێ، وتیشى ئەم خولەى دەرچوان سامانێکى زۆر گرنگ و پڕ بەهان بۆ وڵاتەکەمان و، ئامادەى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى تەندروستین لە سەرجەم دەزگاو دامەزراوە تەندروستیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان .
هەر لە وتارەکەیدا سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان وتى : یەکێک لە پلانە گرنگەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى, بەستنەوەى خوێندن و ڕاهێنانە بەپێداویستیەکانى کۆمەڵگە, لەو ڕوەشەوە خوێندن و ڕاهێنانى پزیشکى گرنگیەکى تایبەتى هەیە و، ئەنجومەنەکەمان پشتگیرى ئەم پلانە دەکات، هەربۆیە دەرگاى بۆ خوێندنى باڵا لە بوارى پزیشکى کردۆتەوە.
لە بەشێکى دیکەى ئاهەنگەکەدا نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد.
لە سەرەتاى وتارەکەیدا بەناوى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزباى لە دەرچوانى و کەسوکاریان کرد، پاشان باسى لە گرنگى بوارى پزیشکى بۆ کۆمەڵگە کردو لەو بارەیەوە وتى: گومان لەوە دا نیبیە کە ئاستى پزیشکى وخزمەتگوزارى تەندروستى، لە هەر وڵاتیک یان هەرێمێیک پێوەرێکى گرنگە بۆ خزمەتى هاوڵاتى، چونکە ئاستى ئەو خزمەتگوزاریانە و کار و بوارەکانى پزیشکى پەیوەندیدارە بەژیانى هەمو تاکەکانى ئەو کومەڵگە و ژیانى دانیشتوانى، بۆیە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگیەکى زۆرى بەم لایەنە داوە، بۆ نمونە لە کاتیکدا دواى ڕاپەرینى ساڵى (1991) تەنها کۆلێژى پزیشکى گشتى لە هەولێر هەبو، بەڵام ئەوەتا لە ئێستادا (4) کۆلێژى پزیشکى و، (4) کۆلێژى پزیشکى ددان و (3) کۆلێژى دەرمانسازى و (4) کولێژى پەرستارى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستاندا بوینان هەیە، ئەوە جگە لە چەندین بەشى تەندروستى وپزیشکى لە پەیمانگە تەکنیکیەکانى هەریمى کوردستان. هاوکات دامەزراندنى بۆردى کوردستانى یەکێکى دیکەیە لە دەسکەوتە پزیشکیەکان.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا د.کەریم ساڵح ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوانى ئەم خولەش دەچنە پاڵ دەرچوانى بۆردى ئێراقى و عەرەبى و بۆردەکانى تر و، شانبەشانى ئەوان کاریگەرییەکى زۆریان لە بوژانەوەى کەرتى تەندروستى دەبێت.
نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە تایبەتمەندییەکانى خوێندنى باڵا کرد و لەو بارەیەوە وتى: تایبەتمەندى خوێندنى باڵا ئەوەیە کە هیچ بواریکى ژیان و هیچ کەرتیک لە بیر ناکات و پەرەى پێدەدات، بۆ نمونە پەرەپێدانى کەرتى تەندروستى پێویستى بە پسپۆڕ و شارەزا و زانایانى لێهاتووى زانکۆکان و خوێندنى باڵا هەیە، بەهەمان شێوە پەرەپێدانى پەروەردە و ئەندازیارى و کشتوکاڵ و ڕۆشنبیرى و یاسا و هونەر و ئاوەدانکردنەوە و پیشەسازى و...، هەمویان پێویستیان بە پسپۆڕ و مامۆستایانى زانکۆکانە، بۆیە ئێمەش لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەرکیکى قورسمان لەسەر شانە، کە بەشدارى فراوان لە هەمو سێکتەرەکانى تر بکەین، ئەوەش بەدو ڕێگە دەکرێ، یەکەمیان بریتیە لە ئامادەکردنى پسپۆڕى لیهاتو لە بوارە جیاکانى خوێندن، هەروەک دوەمیشیان بریتیە لە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى رەسەن و ئاست بەرزە، کە ڕێگە چارە بۆ کێشەکانى کومەڵگەکەمان دەدوزنەوە، جگە لە ئەرکى ڕاوێژکارى و بەشداریکردن لە بوارەکانى تر.
لە بەشى کۆتایى وتارەکەشیدا دواى خستنەڕوى چەند پێشنیازێک بۆ ئەنجومەنى کوردستانى بۆ پسپۆڕە پزیشکیەکان بۆ کارى داهاتویان، ئینجا ڕو لە دەرچوان وتى: ئێوەش ئەى پزیشکانى دەرچوى هەڵگرى بڕوانامەى بۆردى کوردستان پێوستە هەردەم لە هەوڵ و کوشش و بە دواداچونى زانستى پزیشکى بن، چونکە هەمو زانستیک گەر گەشەى پێنەدریت ئەوا لە قوناغیکدا دەوەستیت، بەڵام بۆ بوارە پزیشکیەکان ئەم دیاردەیە زۆر زەق ترە وەک لە بوارە زانستیەکانى تر.
لە بەشێکى دیکەى ئاهەنگەکەدا نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خەڵاتى ڕێزلێنان بەخشرایە سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان و یاریدەدەرکانى.
هەر لە ڕێوەڕەسمى ئاهەنگەکەدا دواى سوێند خواردنى دەرچوان، لەلایەن سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان بڕوانامەى بۆردى پزیشکى کوردستانى بەخشرایە دەرچوان، کە ژمارەیان (٧٠) دەرچو بو.
بەپێشکەشکردنى ڕاپۆرتێکى زانستى تەندروستى، کە لەلایەن کۆمپانیاى (الدولة للدواء) ئامادەکرابوو کۆتایی بەئاهەنگەکە هات .