د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، ڕێككهوتی (14/8/2018) له‌گه‌ڵ (باربارا واڵف) كونسڵی گشتی ئاڵمانیای فیدراڵ له هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: دیدگای وه‌زاره‌ت بۆ هێنان و كردنه‌وه‌ی زانكۆی تایبه‌ت له كوردستان جیاوازه له ڕابردو، چونكه ئێستا پێویستمان به‌هێنانی نمونه‌ی زانكۆ سه‌ركه‌تو و ئاستبه‌رزه‌كانی دونیایه، ئه‌وه‌ش به‌شێكه له ئابوری مه‌عریفه، چونكه دۆخی كوردستان له تێڕوانینی خه‌ڵكی ده‌ره‌وه له‌باره بۆ خوێندن.
له‌و دیداره‌دا، كه به‌ئاماده‌بونی د.ئامانج سه‌عید ڕاویژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، د.محمد حسین سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری و، د.پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ی ستراتیجی به‌ڕێوه‌چو گفتوگۆ ده‌رباری گه‌شه‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه زانستیه‌كانی نێوان زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ئا‌ڵمانیا كرایه‌وه.
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، پێشتر جۆرێك له په‌یوه‌ندی له نێوان زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و زانكۆكانی ئا‌ڵمانیا هه‌بو، به‌ڵام دوای ده‌ستبه‌كاربونی كابینه‌ی هه‌شته‌م هه‌وڵماندا په‌یوه‌ندییه‌كان گه‌شه‌پێبده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ستمان به‌جێبه‌جێكردنی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك كرد به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی داد و ڕێكخراوی زێبا بۆ ئهكردیتشن، وتیشی پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌مان هه‌یه بۆ دامه‌زراندنی نمونه‌یه‌ك له زانكۆیه‌كی كوردی ئاڵمانی له كوردستان.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماژه‌ی به‌كۆمه‌لێك پڕۆژه‌ی دیكه كرد به‌تایبه‌ت بۆ دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌یه‌كی تایبه‌ت بهتهلسكۆبی بۆشایی ئاسمان له كوردستان، له‌هه‌مان كاتدا له ریفۆرمكردنی زانكۆپۆلیتهكنیكیهكان ده‌مانه‌وێ سود له ئه‌زمونی ئا‌ڵمانیا له‌و بواره وه‌ربگرین وه‌ك چۆن سودمان له ئه‌زمونی فنلاند وه‌رگرتوه. د.یوسف گۆران به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی ته‌رخانكرد بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی خوێندن بۆ ئه‌وه‌ش وتی: دیدگای وه‌زاره‌ت بۆ هێنانی بۆ كردنه‌وه‌ی زانكۆی تایبه‌ت له كوردستان جیاوازه له ڕابردو، چونكه ئێستا پێویستمان به‌هێنانی نمونه‌ی زانكۆ سه‌ركه‌تو و ئاستبه‌رزه‌كانی دونیایه، ئه‌وه‌ش به‌شێكه له ئابوری مه‌عریفه، چونكه دۆخی كوردستان له تێڕوانینی خه‌ڵكی ده‌ره‌وه له‌باره بۆ خوێندن، ئه‌وه‌ش ڕاستیه‌مان له ڕاگه‌یاندنی كوردسكۆلهرشیپ بۆ ده‌ركه‌وتوه كه له‌سه‌رانسه‌ری وڵاتانی جیهانه‌وه خه‌ڵك داواكارییان پێشكه‌شكردوه بۆ ئه‌وه‌ی بێن له كوردستان بخوێنن.
له كۆتایشدا. د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان له ڕوی سیاسیشه‌وه ستایشی هه‌ڵویسته به‌رزه‌كانی ئا‌ڵمانیا ده‌كه‌ین، كه هه‌میشه پشتگیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان بون، له‌هه‌مان كاتدا له‌شه‌ڕی دژ به‌داعش و، له ئێستاشدا هاوكار و هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بون.
له به‌رامبه‌ردا، (باربارا واڵف) كونسڵی گشتی ئاڵمانیای فیدراڵ له هه‌رێمی كوردستان وتی: خۆشحاڵم كه ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌م به‌تایبه‌ت له بواری خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ كوردستان ئه‌و به‌ره‌وپێشچونه باشه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه، وتیشی فێركردن باشترین ده‌رفه‌ته بۆ دابینكردنی داهاتوی گه‌نجان، چونكه زانكۆ و خوێندن دیدی مرۆڤ ده‌كه‌نه‌وه، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، دوای ئه‌وه‌ی پالپشتی خۆی بۆ به‌رده‌وامیدان و گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان دوپاتكرده‌وه وتی: ده‌كرێ پرۆژه‌یه‌كی به‌رفراوانمان هه‌بێ بۆ ئاڵوگۆڕی ستافی زانستی، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: له بواری شوێنه‌وارناسیش كار و پڕۆژه‌مان هه‌یه له كوردستان.