سیمینارى فراوانى فه‌ره‌نسى – كوردى له‌ پاریس به‌ڕێوه‌ده‌چێت

newsitem-1878-16.12.2014-ku.jpg

وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى هه‌رێم له‌میانى پێشوازیكردنى له‌ وه‌فدێكى وڵاتى فه‌ره‌نسا جه‌خت له‌سه‌ر بوونى په‌یوه‌ندى به‌رده‌وام و هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوولا ده‌كاته‌وه‌ بۆ گۆڕینه‌وه‌ى شاره‌زایى و پسپۆڕییه‌تى له‌نێوان زانكۆكانى هه‌رێم و وڵاتى فه‌ره‌نسادا، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو پێشخستنى بواره‌كانى زانستى و ئابورى و سیاسی و ئه‌كادیمى.


ئه‌و جه‌ختكردنه‌وه‌ى (د.یوسف گۆران) وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌میانى پێشوازیكردنى له‌ پرۆفیسۆرى فه‌ره‌نسى (گیڵس كیپێڵ) و (ستیڤان ته‌بڵن) به‌رپرسى ناوه‌ندى ڕۆشنبیرى له‌كونسڵگه‌رى فه‌ره‌نسا له‌ شارى هه‌ولێر هات، كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، ڕیكه‌وتى (15/12/2014)  له‌دیوانى وه‌زارت به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ دیدارێكى هاوبه‌شه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى به‌رده‌وامى هه‌ردوو گه‌لى كورد و فه‌رنسا كرده‌وه‌، كه‌ مێژوه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مانى شۆڕش و خه‌بات و ڕاپه‌ڕینه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان، كه‌ ئه‌وكات گه‌لى فه‌ره‌نسا هاوسۆز و هاریكارى گه‌لى كورد بون بۆ گه‌یاندنى ده‌نگى زوڵم لێكراویان به‌ دونیاى ده‌ره‌وه‌. له‌ دونیاى ئه‌مڕۆشدا حكومه‌تى فه‌ره‌نسا له‌ ڕێگه‌ى گۆڕینه‌وه‌ى پسپۆرییه‌ت و شاره‌زایى و هاوكاریكردنى زانكۆكانى كوردستان هاریكارو هه‌ماهه‌نگى كوردستان ده‌كات.

د. یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى دواى به‌خێرهێنانى وه‌فده‌كه‌ى وڵاتى فه‌ره‌نسا، په‌یوه‌ندى نێوان فه‌ره‌نساو كوردستانى گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ شۆڕشى فه‌ره‌نساو كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر بزاوتى رۆشنبیرى كوردى، وتیشى: "فه‌ره‌نسا به‌ر له‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كى سیاسى هه‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كى رۆشنبیرى هه‌بووه‌و، خاڵى ئه‌رێنى فه‌ره‌نسا-ش ئه‌وه‌یه‌ به‌چاوى دۆست له‌ كوردستان ده‌ڕوانێ "، ڕونیشیكرده‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولامان پێویستمان به‌ دروستكردنى تیمى هاوبه‌شى  زانستى و ئه‌كادیمییه‌. هه‌روه‌ك ئه‌نجامدانى كۆڕو كۆبونه‌وه‌ى هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوولا به‌پێویستى زانى بۆ لێك نزیكبوونه‌وه‌و تێكه‌ڵ بوونى كه‌لتور و پسپۆڕییه‌تى هه‌ردوولا به‌تایبه‌ت له‌ بوارى توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌نێوان زانكۆكانى هه‌رێم و فه‌ره‌نسادا.

له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌فده‌كه‌ى وڵاتى فه‌ره‌نسا ئاماده‌یى خۆى و وڵاته‌كه‌یانى نیشادا بۆ هاوكاریكردنى بوارى خوێندنى باڵا و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ كوردستان، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ى دروستكردنى تیمى هاوبه‌شى زانستى له‌سه‌ر ئاستى زانكۆكان و پێشكه‌شكردنى شاره‌زایى بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌ت له‌و بوارانه‌ى كه‌ بۆ ئه‌مڕۆى هه‌رێمى كوردستان پێویستن، وتیشى له‌ به‌رنامه‌ماندایه‌ له‌ داهاتوودا له‌پێناو تێڕوانینى زیاتر له‌ نێوان هه‌رێم و فه‌ره‌نسا سمینارێكى فراوانى فه‌ره‌نسى – كوردى له‌ پاریس به‌ڕێوه‌به‌رین  بۆ تێگه‌یشتنى زیاتر له‌ نێوان هه‌ردوولا