وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ یادى چلەى کۆچى دوایى گەورە زاناى کورد و جیهانى ئیسلامى د.مستەفا زەڵمى مەراسیمێکى گەورەى بەڕێوەبرد.
لەو مەراسیمەدا، کە بەئامادەبونى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، ژمارەیەک لە وەزیرەکان و پاڕلەمانتاران و سەرۆکى زانکۆکان و مامۆستایان و ئەکادیمیەکانى هەرێمى کوردستان و کەسایەتى و حزب و لایەنە سیاسیەکان، ئەمڕۆ پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (١٤/٧/٢٠١٦)،لە هۆڵى سەعد عەبدوڵلا لە شارى هەوڵێر بەڕێوەچو، چەند وتارێکى تێدا پێشکەش کرا.
لە وتارى لێژنەى ئاڵاى ئامادەکارى مەراسیم کە لەلایەن د.مسڵح مستەفا سەرۆکى لێژنە خوێندرایەوە، دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان بەگرنگیەوە باسى لە ژیان و بەرهەمەکانى د.مستەفا زەڵمى کرد و بەزانایەکى جیهانى وەسف کرد بەتایبەت لە بوارى شەرع و یاسا.
زەڵمى کۆکەرەوەى سەرجەم دیدو بۆچونە جیاکانە
د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەو مەراسیمەدا وتارێکى پێشکەش کرد، لەو بارەیەوەو لەسەرەتای وتارەکەیدا بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى بەخێرهاتنى ئامادەبوانى کرد و، خۆشحاڵى خۆى پیشاندا کە هەموان پێکەوە ئامادەى بەرزڕاگرتنى چلەو یادى زاناى مەزنى گەلەکەمان د.مستەفا زەڵمى بون، وتیشى ئەو زانا ئاینى و یاساییەى ئەمڕۆ هەمومانى بەسەرجەم دیدو حزبە جیاکانەوە کۆکردەوە.
زەڵمى وەڵامى سەردەمیانەى بۆ بڕێکى زۆر لەو گرفت و کێشانە دۆزیەوە کە گیرۆدەى کۆمەڵگەى کوردى بون
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: پێم وایە باشترین یادکردنەوەى زانا مەزنەکان، قسەکردنە لەسەر بەرهەم و کاروداهێنانەکانیان، بۆیە دەمەوێ ئەمڕۆ هەندێ لە کارەکانى مامۆستاکەم بخەمەڕو، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: گەر ئاوڕێک لە مێژوى کەسایەتى و فکرى ئەو زانا مەزنە بدەینەوە دەبینین مێژوى ژیانى زاناى گەورە مستەفا زەڵمى، مێژوى بزوتنەوەى ڕوناکبیرى و بزاڤى زانایانى ئاینى کوردە و، هەڵگرى ڕوحى پێکەوە ژیان و ئاشتى و نوێبونەوەیە، ڕونیشیکردەوە کە هەر کەسێک کەمێک ئاوڕ لە مێژوى خوێندن و هەوڵەکانى د.مستەفا زەڵمى بداتەوە بۆ گەیشتن بەسەرچاوەکانى زانست و پێداگرى و خوڕاگرى لە پڕۆسەى خوێندن، ئەوا سەربارى چەندین گرفت و کێشەو ئاستەنگى هەمەجۆر لە ژیاندا، تێ دەگات کە ئێمە لەبەردەم مرۆڤێکى گەورەى زانست پەروەرین، لەهەمان کاتدا لەبەرەم کەسێکى خەمخۆر وەستاوین، کەسێک دەیویست لە ڕێیى قوڵبونەوەو، وردبونەوەو خوێندنى زیاترى شەریعەت و سەرچاوەکانى بەتایبەت قورئان، وەڵامى سەردەمیانە بۆ بڕێکى زۆر لەو گرفت و کێشانە بدۆزێتەوە کە گیرۆدەى کۆمەڵگەى کوردى بون، د.یوسف گۆران وتیشى د.مستەفا زەڵمى تا تەمەن ڕێى پێدا هەر وایکردو بۆ یەک چرکەش دەستبەردارى خەمى کۆمەڵگەو خەمى پێشخستنى نەبو، کە ئەوەش بۆ خۆى ئەرکى ڕاستەقینەى زانست و ڕوحى پەیامى زانستخوازیە.
زەڵمى و تایبەتمەندییەکانى
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە خەرمانى پڕ زانست و زانیارى د.مستەفا زەڵمى کرد و وتى: باسکردن لە هەوڵ و بەشدارى و ڕۆڵى زاناى گەورە مستەفا زەڵمى، کارێکە بەوتارێک و بگرە بەچەندین توێژینەوەش ئەمسەرو ئەوسەرى ناگیرێ، بۆیە لێرەوە بەناچارى هەوڵدەدەین لەسەر چەند تایبەتمەندییەکى کۆى پڕۆژەکەى ئەم زاتە گەورەیە بوەستین، بەو هیوایەى کە کارەکانى زەڵمى ببنە هەوێنى چەندین توێژینەوەى زانستى و بڕوانامەى بەرز.
زەڵمى توانى ببێتە سەرمەشقى پێداچونەوەى زانستى شەریعەت
لەو چوارچێوەیەدا د.یوسف گۆران وتى: یەکێک لە تایبەتمەندیە هەرە سەرەکیەکانى زەڵمى بریتى بو لە گەڕانەوە بۆ ئەقڵ، لاى ئەو ئەقڵ سەرچاوەى تێگەیشتن و بەرهەمهێنانى شەریعەتە، هەر بەم میتۆدەش جارێکى تر مەرجەکانى ئیجتیهادى هەڵسەنگاندو دەستکاریکرد، هەر لە سایەى ئەم ئەقڵگەراییەوە مەزهەبیەتى ڕەتکردەوەو دەرگاى داخراوى ئیجتیهادى بەڕوى قورئاندا واڵا کرد، ئەو دەیوت ئیمانێک کە پشت بەئەقڵ ببەستێ، ئیمانێکى بەهێزترو یەقین ترە بەبەراورد بەئیمانێکى تەقلیدى و مەزهەبى، کە وەک میرات لە باوباپیرانەوە ماوەتەوە. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى درێژەى بەقسەکانیداو وتى: لەهەمان گۆشەنیگاوەو بەپشت بەستن بەخودى قورئان وتویەتى: لە قورئاندا نەسخ نیەو حوکمى کوشتنى مورتەدیش حوکمێکى قورئانى نیە، سەربارى ئەوەى ئەو لە ڕێگەى بایەخى بەفەلسەفەى سوقرات و گەشەکردنى یاساکانى جیهانى نوێ، جارێکى تر پێداچونەوەى بەزۆر چەمک و یاساى ئسوڵى فیقهى کردو، سەرئەنجام توانى ببێتە سەرمەشقى پێداچونەوەى زانستى شەریعەت، بەجۆرێک لەگەڵ ئەقڵ و ڕوحى قورئان و ئەحکامەکانى گونجاو بێ.
زەڵمى لەکارەکانیدا پشتى هەم بەقورئانى پیرۆزو، هەم ئەقڵ و زانست بەستبو
د.یوسف گۆران هەر لە چوارچێوەى باسکردنى تایبەتمەندییەکانى د.مستەفا زەڵمى وتى: تایبەتمەندییەکى دیکەى شەرعناسى زەڵمى بایەخدانى بوو بەمافەکانى ژن و هەوڵەکانى بۆ لابردنى هەندێک لەو ئەحکامانەى کە ناکۆکن بەمافەکانیان، وتیشى لەو کارەشیدا هەم پشت بەست بوە بەقورئانى پیرۆزو، هەمیش گەڕانەوە بوە بۆ ئەقڵ و زانست، بۆیە ئەو زۆر ڕاشکاوانە ڕاى خۆى لەسەر مەسەلەى فرە ژنى داوە و تەنانەت ڕۆڵى گەورەو یەکلایکەرەوەى لە یاساى بارى کەسێتى و فرە ژنى لە هەرێمى کوردستاندا بینى، بگرە ئەو لە کۆتایى ژیانیدا ڕەخنەى ئەوەى هەبو، کە چۆن دەبێ کەسانێک هەبن هاوڵاتى هەرێمى کوردستان بن و، بۆ خۆدەربازکردن لەو یاسایە بچنە ناوچەکانى دیکەى دەرەوەى هەرێمى کوردستان و، لەهەمان کاتدا لە هەرێمى کوردستانیشدا نیشتەجێ بن؟. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئەم هەڵوێستەى جارێکى دیکە بایەخ و جدیەتى ئەو کەسایەتیە دەردەخات لە هەوڵەکانى بۆ چارەسەرکردنى پرسە سەرەکیەکانى کۆمەڵگەو ژنانى کورد بەتایبەت، لەهەمان کاتدا ئەو بەردەوام پشتیوانى بەشدارى ژنان بوە لە کەرتى گشت و دەزگاودامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان.
لاى زەڵمى فەتواو تێگەیشتن و لێکدانەوەى زانایانى موسڵمان پیرۆزو نەمر نەبون!
د.یوسف گۆران لە خستنەڕوى تایبەتمەندییەکانى د.مستەفا زەڵمیدا بەردەوامى بەوتارەکەیدا و وتى: یەکێکى دیکە لە تایبەتمەندییەکانى موستەفا زەڵمى ڕەخنە بوە لە واقیعى فیقهى و تەشریعى، ڕونتر لەو بوارە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئەو پێیى وابوو ئەقڵیەتى مەزهەبى و دەمارگیرى ناتوانێ لەگەڵ سەردەم و پێشکەوتن و ئاڵۆزیە نوێیەکانى ژیان بگونجێ، بۆیە بانگەوازى ئەو بۆ هەمو لایەک ئەوەبو، کە بایەخ بەپرسە سەرەکى و جەوهەرییەکان بدەن و، ئاوەڕ لە کێشە ڕاستەقینەکانى ئەمڕۆ بدنەوەو بەڕوحیەکى نوێ و ئەقڵانى هەوڵبدەن جارێکى دیکە تەفسیرى دەقە پیرۆزەکان بکەنەوە. بەکورتى لاى ئەو فەتواو تێگەیشتن و لێکدانەوەى زانایانى موسڵمان پیرۆزو نەمر نین، ئەوەى پیرۆزە تەنها دەقە خواییەکانن، کەواتە زانا ئەو کەسەیە کە جیاکارى لە نێوان دەقى پیرۆزو کەلتورى دەق دەکات، هەروەک جیاوازى لە نێوان ئەوەى وەحیەو ئەوەش کە هەوڵى مرۆڤە بۆ تێگەیشتن لە وەحى دەکات، لەوەشدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتى: کەواتە زەڵمى وەک چۆن ئەو کوڕى ناوچەى زەڵم و ئاو و هەواوى پاک و جووانى زەڵم بو، بەهەمان شێوە سەرچاوەى فیکر و مەعریفەکەشى گەڕانەوە بو بۆ سەرچاوەى پاک و بێ دەسکارى و زیادو کەمى شەریعەت بو، کە قورئانە.
بایەخدان بەزەڵمى و نوسین و بیروڕاکانى و گەیاندنیان بەنەوەى نوێ تەنها ئەرکێکى ئەخلاقى نیە، بەڵکو درێژەدانە پاراستنى کەرامەتى مرۆڤ
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخان کرد بۆ گرنگى و پێویستى ڕۆڵ و بایەخى بۆچونەکانى زەڵمى بۆ ئێستاو لەو بارەیەوە وتى: هیچ کات بەئەندازەى ئێستا ڕۆڵ و بایەخ و پێویستى کارەکانى زەڵمى بۆ کۆمەڵگەى مرۆیى و موسڵمان دیار نەبوە، ئەمرۆ ئێمە لە سایەى تێگەیشتنى توندڕەو مەزهەبى داخراو باش لەو ڕاستیە تێدەگەین، کە زەڵمى هەمو تەمەنى خۆى بۆ هەڵوەشاندنەوەو داڕشتنەوەى تەرخان کردبو، بەشێوەیەک کە لەگەڵ پەیامى ئاشتى و پێشکەوتن و پێکەوەژیانى قورئانى یەکسان بێت، پەیامێک کە تا دێت لە سایەى وتارى مەرگدۆستى هێزە ڕادیکاڵەکان فشارى زیاترى بۆ دەهێنرێ، د.یوسف گۆران وتى: لێرەوە بایەخدان بەزەڵمى و نوسین و بیروڕاکانى و گەیاندنیان بەنەوەى نوێ تەنها ئەرکێکى ئەخلاقى و نیشاندانى وەفا بۆ کەسایەتیەکەى نیە، بەڵکو درێژەدانە بەتێکۆشانى ئەو کەسایەتیە مەزنەى هەمو تەمەنى خۆى بۆ پاراستنى کەرامەتى مرۆڤ و بەدیهێنانى خۆشگوزەرانى و ڕزگارکردنى دیندارى لە توندڕەوەى و دواکەوتوى تەرخانکرد.
با پەیامى زەڵمى بکرێتە هۆى بەهێزکردنى گیانى لێبوردەیى و پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن لە کوردستان
لە کۆتایى وتارەکەیدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە گرنگى بۆچونەکانى د.مستەفا زەڵمى کرد بۆ یەکلایکردنەوەى چەندین بۆچون و بیروڕاى شەرعى و فقهى و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: زەڵمى درێژبونەوەى هەوڵ و کارى زانایانى ئاینى کوردە، لەسەردەمانى زەوە، گواستنەوەى ڕوحى یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان و ژیان دۆستى حوجرەکانى کوردستانە بۆ ناو کێڵگەى ئەکادیمى و ناوەندە زانستیە هەر باڵاکانى جیهان، ئەو توانى بەهەوڵ و ماندوبون و تێکۆشانى خۆى هەمو پلە زانستیەکان ببڕێ و ببێتە مەرجەعێکى سەرەکى بۆ یەکلایکردنەوەى چەندین پرسى یاسایى لە جیهانى ئیسلامیدا، بەبێ ئەوەى بۆ یەک چرکەش لە ژێر کاریگەرى هیچ مەزهەب و گروپ و ناوەندێکى ئیسلامى دەستبەردارى پەیامى ئاشتیخوازى و نوێخوازى ببێت، کە ئەوەش تایبەتمەندییەکى لە مێژینەى زانایانى ئیسلامى کوردە، کە لەسەردەستى مستەفا زەڵمى ئەم پەیامە دەبێتە زانست و لە ناوەندە ئەکادیمیەکانى جیهاندا دەخوێندرێ و بایەخى زۆرى پێ دەدرێ، لە دواجاریشدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: با یاد و پەیامى ئەم زانا مەزنە بکەینە بۆنەیەک بۆ بەهێزکردنى گیانى لێبوردەیى و پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن کە ئاشکرایە لە مێژینەى ناسنامەى وڵاتەکەمان بوەو کۆمەڵگەى کوردستانى ئەمڕۆ زۆر پێویستى پێیەتى.
ئەرکى هەموانە ڕێز لە خزمەتە زانستییەکان و یادو یادەوەری زەڵمى بگرن
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێک پێشکەش کرا، لەسەرەتایى وتارەکەیدا سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: ئەرکی من و ئێوەو هەمو خەڵکی کوردستان و هەمو جیهانی ئیسلام و زانست پەروەران و پێشکەوتنخوازانە، ڕێز لە خزمەتە زانستییەکان و یادو یادەوەری مامۆستای گەورەو خوالێخۆشبوو مامۆستا مستەفا زەڵمی بگرین.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: ئەرکی من و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، رێز لەو زانا فرە بەرهەمەی نەتەوەکەمان بگرین، زۆریش خۆشحاڵم، کە بوومە هۆی ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ کۆردستان و لێرە بمێنێتەوە، دروست وابوو، کە ئەو لە بیرەوەرییەکاندا نووسیویەتی، پێم گوت مەگەڕێوە بەغدا ئێمە لە کوردستان پێویستیمان پێتە، ئەویش داواکارییەکەی قبووڵ کرد و مایەوە، خۆی پێشتر بیری لە گەڕانەوە کردبو، بەڵام لە هەمان کاتدا نەیتوانیبوو هیچ لەو داوایەنەش قبووڵ بکات، کە لەدوای راپەڕینەوە لێی کرابوون بۆ هاتنەوە بۆ کوردستان.
گەڕانەوەى بۆ کوردستان قۆناخێکی دیکەی زۆر بەرهەمداری ئەو بو بۆ کوردستان
هەر لە وتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانى بەگرنگى باسى لە گەڕانەوەى بۆ کوردستان کرد وتى: گەڕانەوەی بۆ کوردستان و سەردانەکانی بۆ شارەکەی و ناوچەی هەڵەبجە، نەک هەر گەشانەوەیەکی تایبەت بو بۆ ئەو، بەڵکو قۆناخێکی دیکەی زۆر بەرهەمداری ئەو بو بۆ کوردستان. بەهاتنەوەی خۆی بووە یارمەتیدەرێکی سەرەکی ئێمە بۆ گۆڕینی زۆر لەو تێگەیشتنە کۆمەڵایەتیانەی کە لە کوردستان هەن.
بەرهەم و چاکسازییەکانى زەڵمى لە یاساکانى هەرێمى کوردستان زیندون
لە کۆتایى قسەکانیدا سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان وتى: ئەمڕۆ مامۆستا زەڵمی، بە جەستەدا لەنێو ئێمەدا نییە، بەڵام بەرهەم و چاکسازییەکانی ئەو لە یاساکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی مافەکانی ئافرەتەوە بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ ئێراقیش زیندوون، تێگەیشتنە زانستییەکانی لەناو بیری ئێمەدان و، هەندێک لە کتێبەکانیشی بوونەتە پرۆگرامی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا و ڕۆڵەکانی ئەو میللەتانەی پێ پەروەردە دەبن.
لە کۆتایشدا سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى تایبەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەت و لێژنەى باڵاى ئامادەکارى مەراسیمەکەى کرد، کە توانیان لە یادى چلەى ماتەمنیى مستەفا زەڵمیدا ئەو مەراسیمە مەزنە ڕێکبخەن.
هەر لەو مەراسیمەدا چەند فیچەرێک لەبارەى ژیان وبەرهەمەکانى د.مستەفا زەڵمى نمایش کرا، لە کۆتایى مەراسیمەکەدا لەلایەن د.مەسعود مستەفا زەڵمى وتارى بنەماڵەى زاناى گەورەى کورد مستەفا زەڵمى پێشکەش کرا، لە وتارەکەدا سوپاسى ئامادەبوان و وەزارەتى خوێندنى باڵا کرا بۆ ڕێکخستنى مەراسیمەکە.
ژیان و بەرهەمەکانى مستەفا زەڵمى
پ.د.مستەفا زەڵمى لە ساڵى (1924) لە گوندى زەڵم لە ناوچەى هەورامان لە دایک بوە. لە ساڵى (1946)دا خوێندنى زانستى ئیسلامى تەواو کردوە، لە ساڵى (1965)یش بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە بوارى یاسادا لە زانکۆى بەغداد بەدەست هێناوە، بڕوانامەى ماستەرى لە (شەریعەى ئیسلامى ) و (فقە بەراوردکارى) لە زانکۆى بەغداد و لە زانکۆى قاهیرە بەدەست هێناوە، لەساڵى (1975)دا دکتۆراى لە (فقە بەراورد) لە زانکۆى ئەزهەر لە میسر بەدەست هێناوەتەوە.
لە ژیانى ئەکادیمى و زانستیدا ، (٧٥) کتێبى نووسیوە. و سەرپەرشتى دەیان نامەى ماستەر و تێزى دکتۆرا و توێژینەوەى زانستى لە بوارى فقه و شەریعەت و یاسادا کردوە.