وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چلەى ماتەمینى پڕۆفیسۆر د. مستەفا زەڵمى بەرز ڕادەگرێ.
لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان بۆ یادى چلەى کۆچى دوایى گەورە زاناى کورد و جیهانى ئیسلامى د.مستەفا زەڵمى مەراسیمێکى گەورە ڕێکدەخات، ڕونیشیکردەوە مەراسیمەکە بەئامادەبونى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، وەزیرەکان و پاڕلەمانتاران و سەرۆکى زانکۆکان و مامۆستایان و ئەکادیمیەکانى هەرێمى کوردستان و کەسایەتى و حزب و لایەنە سیاسیەکان سبەى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (١٤/٧/٢٠١٦)، سەعات (١٠:٠٠) لە هۆڵى سەعد عەبدوڵلا بەڕێوەدەچێ.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕونکردەوە کە لە مەراسیمەکەدا چەند وتارێک لەلایەن سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بنەماڵەکەیەوە پێشکەش دەکرێ.
پ.د.مستەفا زەڵمى لە ساڵى (1924) لە گوندى زەڵم لە ناوچەى هەورامان لە دایک بوە. لە ساڵى (1946)دا خوێندنى زانستى ئیسلامى تەواو کردوە، لە ساڵى (1965)یش بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە بوارى یاسادا لە زانکۆى بەغداد بەدەست هێناوە، بڕوانامەى ماستەرى لە (شەریعەى ئیسلامى ) و (فقە بەراوردکارى) لە زانکۆى بەغداد و لە زانکۆى قاهیرە بەدەست هێناوە، لەساڵى (1975)دا دکتۆراى لە (فقە بەراورد) لە زانکۆى ئەزهەر لە میسر بەدەست هێناوەتەوە.
لە ژیانى ئەکادیمى و زانستیدا ، نزیکەى 70 کتێبى نووسیوە. و سەرپەرشتى دەیان نامەى ماستەر و تێزى دکتۆراى کردوە.