وەزیرى خوێندنى باڵا و چەند وەزیرێکى حکوومەت بۆ گفتوگۆکردن دەربارەى پڕۆژەى بنیاتنان و دروستکردنى باڵەخانەى تازەى زانکۆى سەڵاحەددین کۆدەبنەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 6/10/2010 پڕۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە شارى هەولێر بە گەرمى پێشوازیکرد لە هەریەک لە وەزیرى دارایى و وەزیرى پلاندانان و وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و وەزیرى ئاوەدانکردنەوە.
لەکۆبوونەوەیەکدا لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا وێڕاى بەخێرهێنانیان، گفتوگۆکرا لەبارەى چۆنیەتى ئامادەکردنى دیزانین و نەخشەى کامپى تازەى زانکۆى سەڵاحەددین، کە بڕیارە لە ئایندەدا پڕۆپۆزەلیکى تێر و تەسەلى بۆ ئامادە بکرێت، لەڕووى چۆنیەتى دابینکردنى بودجە و پەسندکردنى لەلایەن پەرلەمان و حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە.
لەمیانى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا داواى کرد پەلە بکرێت لە دەست کردن بە قۆناخەکانى ئامادەکارى بۆ ئەم پڕۆژەیە، پێشبینیشى کرد کە تەواوبوونى ئەم کامپە رۆڵى خۆى دەبینَت لە گرنگیدان و پێشکەوتنى رەوتى زانست لە هەرێمى کوردستان.
هەر لەو کۆبوونەوەیدا کە چەند وەزیرێکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئامادەی بوون، سەبارەت بە ئاڵوگۆڕکردنى شارەزایى و هاندانى کەرتى تایبەت و وەبەرهێنەران، وەزیرى خوێندنى باڵا و وەفدى میوان، زانکۆى سەڵاحەددین و لایەن پەیوەندیدارەکانیان راسپارد کە بەشێوەیەکى جددى کار لەسەر ئامادەکارییەکانى ئەم پڕۆژەیە بکەن و نەخشە و دیزانى تەواوى بۆ بکێشن. تاکو لە ساڵانى داهاتوودا ئەم پڕۆژەیە بە ئەنجام بگات و تاکو خزمەت بە رۆڵەکانى هەرێمى کوردستان بگەیەنێت.