بەئامانجى ڕێکخستنەوەى سێنتەرەکانى تویژینەوە لە زانکۆکانى کوردستان، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرپەرشتى کۆبونەوەیەکى لێژنەى باڵاى سەرپەرشتیکردنى کۆنفرانسى سێنتەرەکانى توێژینەوەى زانستى کرد.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (١٣/٢/٢٠١٨) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە کارى سێنتەرەکانى توێژینەوە کرد و ڕایگەیاند: یەکێک لە پایە گرنگەکانى پێشکەوتنى زانکۆکانى سێنتەرەکانى توێژینەوەن، بۆیە وەزارەت ئامانجێتى سێنتەرەکانى توێژینەوە ڕۆڵێکى کاریگەریان هەبێ، وتیشى دەبێ لێرە بەدواوە پێوەرێک بۆ سێنتەرەکانى توێژینەوە دابنێین، هەروەک مەرجەکانى کردنەوەى سێنتەر دیارى بکەین، چونکە چەندە گرنگە زانکۆکان سێنتەرى توێژینەوەیان هەبێ، لەوەش گرنگتر کارکردنى بەردەوامیانە بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى جیاى پەیوەست بەکێشەکانى هەرێمى کوردستان،بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کار بۆ دانانى ڕێزبەندیەک بۆ سێنتەرەکانى توێژینەوە لە زانکۆکانى کوردستان دەکەین.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى نەخشە ڕێى کارکردن و کارنامەى کۆنفرانسەکە کرا، هەروەک چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردە گەڵاڵە کران بۆ تەوەرەکانى کۆبونەوەکە.
واش بڕیارە لەبەر ڕۆشنایى ئەو کۆبونەوەیەدا، لە داهاتویەکى نزیکدا یەکەمین کۆنفرانسى زانستى سێنتەرەکانى توێژینەوە لە زانکۆکانى ڕاپەڕین بەڕێوەبچێت و لەبەر ڕۆشنایى ئەم تەوەرانەدا (پێکهاتەى ئیستاى سێنتەرەکانى و داهاتویان، توێژەران ئەرک و مافەکانیان، میکانزم و کارایى سێنتەرەکانى توێژینەوە لە نیوان زانکۆ و کۆمەڵگە، چۆنیەتى بەدەستهێنانى سەرچاوەى دارایى بۆ سێنتەرەکانى توێژینەوە، کۆکردنەوەى تواناکان) بەڕێوەبچێت.
سەر 2016