زانكۆى دهۆك كۆڕبه‌ندێك بۆ یه‌كگرتنى نێو ماڵى كورد سازده‌كات

4 (1).jpg
د.یوسف گۆران  ڕایگه‌یاند: "له‌ هه‌موو ئه‌و كێشه‌ سیاسى و ئابورییانه‌ى ڕوبه‌روى هه‌رێمى كوردستان بۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر گه‌له‌كه‌مان یه‌كگرتوو و یه‌ك هه‌ڵوێست نه‌بوایه‌ قه‌یرانه‌كان قوڵتر ده‌بوونه‌وه"‌.

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران له‌ میانه‌ی پێشكه‌شكردنی وته‌یه‌كیدا له‌ كۆڕبه‌ندى زانكۆى دهۆك هات كه‌ تایبه‌ت بو به‌یه‌كگرتنى ماڵى كورد وه‌ك ستراتیژیه‌ك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسیه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستا، ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتى (2/3/2015)  له‌ هۆڵى كۆنفرانسه‌كان له‌ زانكۆى دهۆك به‌سه‌رپه‌رشتى و ئاماده‌بونی د. یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و سه‌رۆكى زانكۆكان  (دهۆك، زاخۆ، سۆران و نه‌ورۆز) و مامۆستایانى زانكۆ و پسپۆران و شیكه‌ره‌وانى سیاسی، كۆڕبه‌ندى زانكۆى دهۆك كه‌ تایبه‌ت بو به‌ (یه‌كگرتنى ماڵى كورد وه‌ك ستراتیژیه‌ك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسیه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان) به‌ڕێوه‌چوو.

 له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ى سیاسى جۆراو جۆر له‌لایه‌ن مامۆستایانى زانكۆ له‌باره‌ى بابه‌ته‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانى گۆڕه‌پانى سیاسى كوردستان پێشكه‌ش كران و، تیایدا تیشك خرایه‌ سه‌ر خاڵه‌ به‌هێزه‌كانى هه‌رێم له‌ ناوچه‌كه‌ و، ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ى ئێستا ڕوبه‌ڕوى هه‌رێمى كوردستان بۆنه‌ته‌وه‌.

له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا د. یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى وته‌یه‌كى پێشكه‌ش كردو تیایدا ده‌ستخۆشى له‌ زانكۆى دهۆك كرد بۆ ڕێكخستنى كۆڕبه‌نده‌كه‌و به‌هه‌ند وه‌رگرتنى بابه‌ته‌كه‌، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ژیانى تاكه‌كانى ناو كۆمه‌ڵگه‌و ڕێكخستنی یه‌ك وتارى كورد له‌ به‌رامبه‌ر بابه‌ته‌ چاره‌نوسازه‌كاندا، بۆ ئه‌وه‌ش وتى: "پێویسته‌ هه‌موو زانكۆكانى كوردستان په‌نجه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌كانى ئه‌مڕۆى كوردستان، له‌ پێناو ‌ڕێكخستنی كۆڕبه‌ندى هاوشێوه‌ بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى كوردستان له‌ كێشه‌كانى هه‌رێم و ده‌ستنیشانكردنى چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ بابه‌ت و كێشه‌كان".

 له‌باره‌ى یه‌كگرتووى نێو ماڵى كورد و هه‌ستیارى قۆناغه‌كه‌ و مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر هه‌رێم، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى ڕایگه‌یاند: "ده‌بێت هه‌موو تاكێك هۆشیار و به‌ئاگا بێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ستیارى بارودۆخه‌كه‌و ئه‌و كێشانه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌رێمى كوردستانى گرتۆته‌وه‌، جا ئه‌و كێشانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌ جه‌نگى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى تیرۆر له ‌ناوچه‌كه‌، كه‌ گه‌لى كورد و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان تیایدا به‌شدارن، یان ئه‌و كێشانه‌ى ئه‌مڕۆ له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند له‌باره‌ى هه‌ندێك بابه‌ت بونه‌ته‌ جێگه‌ى نیگه‌رانى شه‌قامى كوردى.

بۆ ئه‌وه‌ش وتى: "ده‌بێت هه‌موومان قسه‌ له‌سه‌ر یه‌كخستنى ماڵى كورد و یه‌كگرتوى په‌یامى سیاسى گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین، چونكه‌ له‌م كێشانه‌ى ئێستا ڕووبه‌روى هه‌رێمى كوردستان بۆته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ماڵى كورد یه‌كگرتو نه‌بوایه‌، ئه‌و كات دۆخمان خراپتر و كێشه‌كان به‌جۆرێكى تر كاریگه‌رى خراپیان به‌سه‌ر بارودۆخه‌كه‌ ده‌بو، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى داواى له‌ مامۆستایانى زانكۆ كرد توێژینه‌وه‌ى زیاتر له‌باره‌ى مه‌سه‌له‌ هه‌ستیاره‌كان ئه‌نجام بده‌ن و، هه‌وڵ بدرێت ئه‌و كێشانه‌ زیاتر له‌ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمى و زانستیه‌كان دیالۆگیان له‌باره‌وه‌ بكرێت.
  
هه‌ر له‌و ‌كۆڕبه‌نده‌دا له‌لایه‌ن به‌شداربوانه‌وه‌ چه‌ندین بابه‌ت و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌داتاو ئامار خرانه‌ڕو، وه‌ك چاره‌سه‌ر و ستراتیژێك بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كان.

 ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی