د.ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: هونەرمەند مەزهەرى خاڵقى سەرمایەکى گەورەى ئەم نیشتمانەیە و کارەکانى جێگاى شانازین کە لەڕێگەى ئینیستیوتەکەیەوە پێشکەشى کلتور و کەلەپورى کوردى دەکات.
ئەم وتانەى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى سەردانێکى دا هات بۆ ئینیستیوتى کەلەپورى کورد، کە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٤/٨/٢٠١٩) کە سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکارو ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانى گشتى یاوەریان دەکرد، و لەلایەن هونەرمەند مەزهەرى خاڵقى سەرۆکى ئینیستیوتى کەلەپورى کورد پێشوازییان لێکرا.
لەمیانى پێشوازى کردنى لە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هونەرمەند مەزهەرى خاڵقى کورتەیەکى لەبارەى ئینیستیوتەکەى پێشکەش کردو کارو چالاکى و پوختەیەکى لەبارەى دابونەریتى کوردەوارى و پێکهاتەى ئاین و نەتەوەکانى کە لەکوردستان دەژین خستەڕو، ڕاشیگەیاند: لەهەرێمى کوردسان نەتەوەو ئاینە جیاوازەکان بەئاشتى بەیەکەوە دەژین، لەو ڕوانگەیەوەش بەپێویستى زانى ڕۆحیەتى بەیەکەوە ژیان لە کوردستان کارى لەسەر بکرێت و پیشانى دونیا بدرێت، هاوکات لە دووتوێى نمایشکردنى چەند بابەتێکى بەڵگەنامەیى دۆکیۆمێنتارى ئامانجى ئینیستیوتى کەلەپورى کورد ڕوونکرایەوە.
لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: هونەرمەند مەزهەرى خاڵقى سەرمایەکى گەورەى ئەم نیشتمانەیەو ئێمە شانازى دەکەین تۆ بەو تەمەنەوە بەدواى داهێنان و کۆکردنەوەى گەورەترین سەرمایەى نەتەوایەتیت ئەویش کلتور و کەلەپورى کوردییە، وتیشى: ئێمە وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا ئامادەى تەواوى هاوکارى و پشتیوانیتین لە پڕۆژەو بەرنامەکانت و هیوادارین وەکو گروپێک لە گروپەکانت هەژمارمان بکەیت بۆ کارەکان، هاوکات د.ئارام محمد قادر هیواى تەندروستى و سەلامەتى بۆ هونەرمەند مەزهەرى خاڵقى خواست.