رۆژی جیهانی تەندروستی و سەلامەتی لە زانكۆ و پەیمانگەكان بەرز راگیرا

newsitem-1320-30.04.2012-ku_01.jpg

لە چوارچێوەی كارو چالاكیەكانی رۆژی جیهانی تەندروستی و سەلامەتی و بەئامانجی زیاتر هۆشیاركردنەوەی خوێندكاران و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران، و لەبەر رۆشنایی بڕیارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە زۆربەی پەیمانگەو زانكۆكانی هەرێمی كوردستان چەندین چالاكی بۆ ئەو یادە بەرێوەچوو، هەر بۆ ئەو مەبەستە لە زانكۆی سلێمانی بەفیستیڤاڵێك ئەو یادە بەرزو پیرۆز راگیرا.

لە پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی و شەقلاوە و شێخان و كۆلیژی كشتوكاڵی لە بەكرەجۆ بەمەراسیم و سمینارو هەڵواسین پۆستەرو لافیتە كە گووزارشتیان لەو رۆژە دەكرد رۆژی جیهانی تەندروستی سەلامەتی كرایەوە، ئەو جگە لەوەی خوێندكاران و قوتابیان و مامۆستایان بەشداریان كرد لە هەڵمەتی پاكردنەوەی كۆلێژو پەیمانگەكان و باخچەكان.

28 نیسان كە رۆژی جیهانی تەندروستی و سەلامەتیە، ساڵانە لەو رۆژەدا لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان چەندین چالاكی جیا بەو یادە ریك دەخرێت، بەئامانجی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، هەربۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2011ەوە بڕیاریدا 28ی نیسانی هەموو ساڵێك بكاتە رۆژی تەندروستی سەلامەتی، و لەسەرانسەری زانكۆ و دەستەكانی هەرێمدا بەچالاكی جیا ئەو یاد بكەنەوە بەئامانجی هۆشیاركردنەوەی خوێندكاران و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ چۆنێتی پاراستنی گیان و ژیانیان لەكاری رۆژانەیاندا.