وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئهركی مامۆستايان لە ناوهندهكانى خوێندن بریتییه له بهرهوپێشبردن و سهرخستنی ئاستى زانست و پێشخستنى کۆمەڵگە، بۆیه سوپاسی و دەستخۆشى لە مامۆستایان دهكهین، كه سەرەڕاى قەیرانى دارایى ڕێگهیان نهدا كاریگهری بكاتە سهر پڕۆسهی خوێندن و، ئهركی خۆیان جێبهجێكردو و، درێژەیان بە پرۆسەى خوێندن دا.
ئەم ڕاگەیاندنەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى سەردانێکى دا هات کە ئێوارەى ئەمڕۆ دوشەممە رێکەوتى (١٥-٥-٢٠١٧) بەیاوەرى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت، بەبۆنەى یادى ٥٥ ساڵەى دامەزراندنى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان سەردانى بارەگاى یەکێتیەکەى لەشارى هەولێر کرد و، بەگەیشتنى بەگەرمى لەلایەن سەرۆک و ئەندامانى سکرتاریەتى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان پێشوازی لێکرا.
لەمیانى سەردانەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سڵاوى خەبات و تێکۆشان و ماندونەبونى گەیاندە یەکێتیى مامۆستایان و سەرجەم مامۆستایانى کوردستان و، ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستانى لێ پیرۆزکردن و ڕایگەیاند: وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا بەهاوبەشى لەگەڵ یهكێتیی مامۆستایانی كوردستان وهك ههمیشه ههوڵ بۆ بهدیهێنانی ئامانجەکانمان دەدەین، كە بریتیە لە خزمەتکردن بە توێژى مامۆستایان لەناوەندەکانى خوێندن و فەراهەمکردن و کارئاسانى بۆ مامۆستایان بەمەبەستى ڕەخساندنى دەرفەتى یەکسان بۆ ژیانێکى شایستەو پەرەپێدانى پسپۆڕییەتیان و جۆشکردنیان بەنوێترین زانست و پێشکەوتنى دونیا لەبوارە جیاکاندا.
هەر لەمیانى سەردانەکەیدا بۆ یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕو لە مامۆستایانى کوردستان وتى: درک بە بارودۆخى سەختى دارایى هەموان دەکەین و، کۆڵ نادەین بۆ داکۆکیکردن لە مافى مامۆستایان و باشکردن و بەرەوپێش بردنى بژێوى سەرجەم توێژەکانى کۆمەڵگە، هەر بۆیە بەپێویست و گرنگى دەزانم دەستخۆشى و سوپاستان ئاڕاستە بکەم، کە سەرەڕاى دو ساڵى قەیرانى دارایى هەرێمەکەمان، کۆڵتان نەداو نەتانهێشت قەیرانەکە كاریگهری بكاتە سهر پڕۆسهی خوێندن و، له کاتى سەرهەڵدانى قەیرانەكەوە ئهركی خۆتان بەباشى جێبهجێكرد.
لە بەرامبەردا، سەرۆک و ئەندامانى سکرتاریەتى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان پێزانینى خۆیان بۆ سەردان و پیرۆزیاییەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەت ڕاگەیاند و، ئاشکراشیان کرد هەردەم پاڵپشت و پشتیوانى بەرنامە و پرۆژەکانى وەزارەت دەبن بۆ بەرەوپێشبردن و سەرخستنى پرۆسەى خوێندن لە هەرێمى کوردستان.