د.یوسف گۆران: فەرەنسا ناوەندێکى گرنگى جیهانە بۆ بەرگریکردن لە ئازادى و چەسپاندنى دیموکراسى

فەرەنسى

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: فەرەنسا لەسەردەمى شۆڕشى فەرەنسیەوە بۆتە ناوەندێکى گرنگى جیهان بۆ بەرگریکردن لە ئازادى و چەسپاندنى دیموکراسى، بۆیە شەڕکردنى فەرەنسا دژى داعش و، یارمەتیەکانیان بۆ پێشمەرگە و هەرێمى کوردستان بۆ بەرگریکردنە لە ئازادى، ئەوەش ئەرکێکى مرۆیى و ئاکارى و مێژوى فەرەنسا لەو بوارەدا.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (٣/٤/٢٠١٧) لە میانەى دیدارێکى لەگەڵ وەفدێکى باڵێۆزخانەى فەرەنسا بەسەرۆکایەتى (تیرى دانا) ڕاوێژکارى هاوکار و چالاکیە ڕوناکبیرى و مرۆییەکان لە باڵیۆزخانەى فەرەنسا لە ئێراق هات.

لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، تیرى فیرگۆن جێگیرى ڕاوێژکارى هاوکار و چالاکیە ڕوناکبیرى و مرۆییەکان لە باڵیۆزخانەى فەرەنسا لە ئێراق و، گزەڤێى لەڤێڤیل بەڕێوەبەرى قوتابخانەى نێودەوڵەتى فەرەنسى دانیێل میتێران لە هەولێر و، هەژار حەسەن یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى پتەوکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان فەرەنسا و هەرێمى کوردستان کرا.

لەسەرەتادا، (تیرى دانا) سەرۆکى وەفدەکەى باڵێۆزخانەى فەرنسا لە ئێراق خۆشحاڵى خۆى بەو سەردان و پێشوازییە دەربڕى و، سڵاوى باڵێۆزى فەرەنسا لە ئێراق و، کونسڵى گشتى فەرەنساى گەیاندە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، وتیشى پەیوەندییەکانى فەرەنسا لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەدرێژایى مێژو گرنگ و تایبەت بوە و، سەردانى فرانسۆ هۆڵاند بۆ هەرێمى کوردستان دەرخەری پێگەى گەورەى هەرێمى کوردستانە لاى حکومەت و گەلى فەرەنسى.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، بەناوى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى سەرۆک و حکومەتى فەرەنساى کرد، کە لەشەڕى داعش توانییان هاوکارییەکى زۆرى پێشمەرگە بکەن، ڕاشیگەیاند: فەرنسا دەمێکە و لە سەردەمى شۆڕشى فەرەنساوە بۆتە لانکەى ئازادى و دیموکراسى، بۆیە شەڕکردنى فەرەنسا دژى داعش و، بەرگریکردن لە ئازادى، ئەرکێکى مرۆیى و ئاکارى و مێژوى فەرەنسا بوە.

سەبارەت بەپەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و فەرەنسا، د.یوسف گۆران وتى: ئێمە پێمان خۆشە پەیوەندییە کەلتورییەکانى نێوانمان بەهێز بکەین و، زیاتر بایەخ بە زمانى فەرەنسى بدەین، چونکە ئێستا تەنها یەک بەشى زمانى فەرەنسیمان لە زانکۆى سەڵاحەددین هەیە، بەڵام چەند قوتابخانەیەکى فەرەنسی لە کوردستان هەیە، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: گرنگە بەلامانەوە خوێندکارانى ئەو قوتابخانانە لە هەندێ بەشى فەرەنسى لە زانکۆکان درێژە بەخوێندن بدەن، بۆ ئەوەش هاوشێوەى کردنەوەى بەشى زمانى فەرەنسى هاوکارى وەزارەت بکەن بۆ کردنەوەى بەشێکى دیکەى زمانى فەرەنسى لە زانکۆى سلێمانى و دهۆک، وتیشى ئامانجمان لە کردنەوەى ئەو بەشە لە زانکۆى سلێمانى بۆ ئەوەیە جگە لە بەردەومیدان بە پرۆسەى خوێندنى قوتابخانە فەرەنسیەکان، لەهەمان کاتدا بۆ بەردەوامیدانە بەپەیوەندییە کەلتوریی و ڕوناکبیرییەکان، وتیشى سلێمانى پایتەختى ڕۆشبیرى هەرێمى کوردستانە، بۆیە حکومەتى هەرێم هەوڵدەدات خەسڵەتێکى تایبەتى هەبێ، بۆیە ئێمە وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەوڵماندا بەشی هەر زۆرى زمانە زیندوەکان لە زانکۆى سلێمانى بکەینەوە، بۆ نمونە ساڵى پار بەشى زمانى فارسیمان کردەوە ئێستاش هەوڵ هەیە بۆ کردنەوەى بەشى زمانى ڕوسى و تورکى، وتیشى پێم وایە کردنەوەى بەشى فەرەنسى  لە زانکۆکان وا دەکات کەلتور و زمانى و بیرى فەرەنسى باشتر لە کوردستان بڵاوبکاتەوەو پەیوەندییەکانمان باشتر بکات و، ڕونیشیکردەوە ئەو پێشنیازەمان بۆ زانکۆى دهۆک و زانکۆکانى دیکەش هەر ڕاستە، لە کۆتایدا، داوایکرد پێشنیازى کردنەوەى بەشى زمانى فەرەنسى بکەنە بەشێک لە ئەرکە هەنوکەیەکانى خۆیان، تا بەهۆیانەوە زیاتر خوێندکاران فێرى زمان و کەلتورى فەرەنسى ببن، وتیشى ئەم هەنگاوەش یارمەتیدەر دەبێ بۆ ئەوەى بەئاسانى بتوانین خوێندکارى زیاتر ڕەوانەى فەرەنسا بکەین.

لە بەرامبەردا، وەفدى میوان بەگرنگیەوە پێشوازییان لە لە کردنەوەى زیاترى بەشى فەرەنسى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرد و وتى: ڕۆژ بەڕۆژ خەڵکى زیاتر ڕو لە قوتابخانەکانى فەرەنسى لە کوردستان دەکەن، بۆیە کارى جدى لەسەر دەکەین، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى وەفدەکە کورتەیەکی لەبارەى کاروچالاکییەکانیان لە هەرێمى کوردستان خستەڕ.

هەر لەو دیدارەدا، گفتوگۆ لەبارەى وەرگرتنى دەرچوانى قوتابخانە فەرەنسیەکان لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان کرا، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دواین کۆبونەوەى خۆیدا بڕیاریدا بۆ لەمەودوا ڕێژەى (٥%)ى کورسیەکانى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان بۆ وەرگرتنى ئەو قوتابیانە تەرخان بکرێ، کە لە چوارچێوەى سستمى نێودەوڵەتیدا خوێندنى ئامادەیى تەواو دەکەن، وتیشى میکانزمى وەرگرتنیش هەمان ئەو میکانزمە دەبێت کە لە سستمە نێودەوڵەتیەکان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان پەیڕەو دەکرێت، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ئەم بڕیارە دەرچوانى قوتابخانە و خوێندنگە نێودەوڵەتیەکانى ناو هەرێمى کوردستان و، وڵاتانى دەرەوەش دەگرێتەوە.

بۆ ئەوەش وەفدى میوان پێشوازییەکى گەرمیان لەو بڕیارەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیان کرد و، بەهەنگاو و بڕیارێکى گرنگ لە قەڵەمیاندا، هەروەک پێشنیازیشکرا لە وۆرکشۆپێکدا لەگەڵ کەس و کارى خوێندکاران وردەکارى بڕیارەکەیان بۆ بخرێتەڕو.