لەسمینارێکى بەڕێوەبەرایەتى فێرکردنى بەردەوامى سەر بە زانکۆى سەڵاحەددین، کە بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و بە ئامادەبوونى نزیکەى 120 مامۆستاى بەژدار بوو لە خولى راهێنانى وانە وتنەوە ڕیکخرابوو،وەزیرى خوێندنى باڵا بە وردى نەخشە ڕیگاى پڕۆسەى ڕیفۆرمى خوێندنى بۆزانکۆکانى هەرێمى کوردستان شیکردەوە و ئاماژەى بەوەکرد،کە ئەم نەخشە ڕیگایە، "لەسەر دیاریکردنى گرفتە بنەڕەتییەکان بنیادنراوەو خاڵ دەخاتە سەر پیتەکان".
رۆِژى 1/2/2011 کاتژمێر 4ى ئێوارە بەڕێوەبەرایەتى فێرکردنى بەردەوامى سەر بە زانکۆى سەڵاحەددین،بە ئامادەبوونى د.محمد رەشید سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین بە وەکالەت و ڕاگرى کۆایژى یاسا سیمنارێکى بۆ پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سازدا ، کە تیایدا نزیکەى 120 مامۆستاى بەشدار بوو لە خولى ڕێگاکانى وانەوتنەوە ئامادەى ببون. سەرەتا وتەى بەڕیوەبەرایەتیەکە خوێندرایەوەو ئاماژە بەو تەوەرانە کرا،کە لەم خولە زیاتر تیشکى خراوەتە سەر ،کە " بابەتى دبَنیایى جۆرى و بابەتى ڕینمایى زانکۆیى) بوو. سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین هیواى خواست ، کە ئامادەبوونى وەزیر لەم سیمینارە ببێتە هاندێنێکى زیاتر بۆ پڕاکتیزەکردنى باشترى لایەنە تیوەرەکانى ئەم خولە.
پڕۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین لە ڕێگەى داتاشۆوە، نەخشە ڕیگاى ڕیفۆرمى خوێندنى باڵاى بۆ ئامادەبووان نمایش کردو بەوردى هەنگاوەکانى بۆ شیکردنەوە و گوتى " ئێمە دراسەیەکى وردمان بۆ تەشخیس کردنى هۆکارى سەرەکى نەخۆشیەکان کردووە، چونکە ئەگەر گرفتى بنەڕتى نەدۆزینەوەو چارەسەرى نەکەین، ئەوا چارەسەرى شتەکانى تر دادمان نادات".
وەزیرى خوێندنى باڵا باسى لە گرنگى سەرکەوتنى پڕۆسەى ڕیفۆرمى بوارى خوێندنى باڵا کرد و جەختى لەوە کردەوە ، کە نەخشە ڕیگاکە دورودرێژەو ئامانجى سەرەکی لێى،بەرزکردنەوەى کوالیتییە، گوتیشى " سیستەمى خوێندنى باڵا لەسەردەمى ڕژێمەکانى پێشوى عێراقیش ، گرنگى بە لایەنى کواڵیتى نەدراوە و سیستەمێک نەبووە بە ناوى دڵنیایى جۆرى، ئێستا پێویستە هێلێک لە نێوان ژمارەو کواڵیتى بکێشین".
لەبارەى ئەوەى ،کە هەندێک بۆچوون هەیە، پێیانوایە پەلەکردن لەو پڕۆسەدا هەیە، پڕۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین رونیکردەوە ، کە مەسەلەکە پەلەکردن نییە، بەڵکو نەخشەى ڕێگاکە بەسەر چەندین قۆناغ لەخۆدەگرێت و هەر قۆناغێک چەندین بەسەر کۆمەڵێک تەوەر دابەشدەکرێت " کاتێک لەو قۆناغە کار لەسەر کۆمەلێک تەوەرى تایبەت بەخۆى دەکەین، وا دەزانرێت کە پەلە کردنە، بەڵام تەوەرەکان تەواوکەرى یەکترن و بە هەمویان قۆناغەکە تەواو دەکەن". هەوەرەک گوتیشى " ئەمە مەسەلەیەکە پەیوەندى بە نەوەو چارەنوسى وڵاتەوە هەیە، بۆیە پشتگوێ خستن و وەستان لەو کاروانە كهمتهرخهميه، راستە کارێکى قورسە، بەڵام دەبێت بیکەین، ئەمەش بە هاوکارى مامۆستایانى زانکۆکانەوە دەکرێت".
سیمینارەکە تا کاتژمێر 7ى ئێوارەى خایاندو ، بەشێکى تەرخانکرا بۆ پرسیارى مامۆستایانى ئامادە بوو، دواتر وەزیرى خوێندنى باڵا وەڵامى پرسیارەکانى دایەوە و خۆشحاڵى خۆى دەربڕى ، کە مامۆستایان پرسیار و تێبینى و بۆچوونیان هەیە و گوتى "ئەمە نیشانەى ئەوەیە، کە ئەم خولەو پڕۆسەى ڕیفۆرم کاریگەرى خۆى کردووە و هەمومان بەیەکەوە دتوانین سەرى بخەین".
سەر 2016