ئيمساڵ 37479 قوتابی و خوێندكار له‌زانكۆ و په‌يمانگاكانی هه‌رێم وه‌رگيراون

 به‌گوێره‌ی زانیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، ئيمساڵ (42415) چل و دوو هه‌زار و چوار سه‌د و پانزه‌ قوتابی- خوێندكار له‌ئاماده‌ییه‌كانی هه‌رێم ده‌رچوونه.  ‌له ‌نێوانیاندا (39635) سی نۆ هه‌زار و شه‌ش سه‌د و سی و پێنچ كه‌س داخوازیان له‌ڕێگه‌ی ناوه‌ندی وه‌رگرتنه‌وه‌‌ پێشكه‌ش كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له ‌زانكۆ و ده‌سته‌كانی خوێندنی ته‌كينكيه‌وه‌ وه‌ربگیرێن.  بێجگه‌ له‌وانه‌، زياتر له‌ 3500 قوتابی پێرارساڵ كه ‌وه‌رگرتنيان بۆ ئيمساڵ دواخراوه‌.  مايه‌ی ئاماژه‌يه‌، كه‌له‌ساڵی خوێندنی 2008-2009 ، نزيكه‌ی 9000 قوتابی و خوێندكار له‌ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ و ده‌سته‌كان مابوونه‌وه.  له‌مانگی تشرينی دووه‌می ساڵی 2009، به‌بڕيارێكی حكومه‌تی هه‌رێم بڕيار درا كه‌سه‌رجه‌م ئه‌و قوتابی و خوێندكارانه‌له‌ده‌سته‌كانی خوێندنی ته‌كنيكی وه‌ربگيرێن.  به‌ڵام پارساڵ ته‌نيا نيوه‌ی ئه‌وانه‌توانرا جێگه‌یان بكرێته‌وه و نيوه‌كه‌ی تر بۆ ئيمساڵ دواخران‌. بێجگه‌له‌وانه‌ش هه‌زارانی تريش له‌ كورد و كريستيانه‌‌ لێقه‌وماوه‌كانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌‌كان، به‌پێی ڕاسپارده‌كانی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم و جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت، له‌ هه‌رێمدا چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنن.   

ئه‌گه‌رچی توانای ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمدا، به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی خودی ده‌زگاكان، كه‌متره‌له‌ (22,514)  قوتابی‌، واته‌ زۆر كه‌متره‌ له‌ ژماره‌ی ده‌رچووان و پێشكه‌شكاران، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ماوه‌ی ڕابوردوودا به‌و په‌ڕی توانا هه‌وڵيان داوه‌كه‌ زۆرترين ژماره‌ی پێشكه‌شكاران وه‌ربگیرێن.  له‌لايه‌كه‌وه‌، له‌وه‌زاره‌ته‌وه‌داوا له‌و زانكۆ و ده‌سته‌كان كراوه ‌كه ‌به ‌سينگێكی فراوان و ‌ڕۆحێكی نيشتيمانپه‌روه‌ريانه‌ پێشوازی له‌ قوتابيان بكه‌ن.  داواش له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران كراوه ‌كه ‌به‌ پێی توانا بودجه‌ی زێده‌ بۆ فراوانكردن و زيادكردنی توانای ژێرخان و سه‌رخانی ده‌زگاكان ته‌رخان بكات.  مايه‌ی خۆشحاڵيه‌كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران بڕی شه‌ش مليۆن دۆلاری زێده‌ی بۆ پشتگيری زانكۆ و ده‌سته‌كانی خوێندنی ته‌كنيكی دابين كردوه‌، كه‌ بووه‌ته‌ هانده‌رێك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای وه‌رگرتن.

ده‌ره‌نجامی ئه‌و هه‌وڵ و كۆششانه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌توانرا ‌ڕێژه‌ی %20 ی كورسيه‌كانی زانكۆ و ده‌سته‌كان له‌ بواره ‌زانستيه‌كان زياد بكرێ، و ڕێژه‌ی %40 له‌بواره ‌وێژه‌ييه‌كان زياد بكرێ.  وه‌داواش له‌زانكۆ ئه‌هليه‌كان كراوه‌كه‌ڕێژه‌ی %80ی كورسيه‌كانيان بۆ ده‌رچووانی ئاماده‌يی ئيمساڵ بێ.   

 به‌وه‌، كۆی گشتی ئه‌و قوتابيانه‌ی كه‌ ئيمساڵ له ‌زانكۆ حكومه‌تی و ده‌سته‌كانی خوێندنی ته‌كينكی وه‌رگيراون ده‌گاته‌ 27286، بێجگه‌له‌و چه‌ند هه‌زاره‌ی پێرارساڵ كه‌مابوونه‌وه‌وه‌يان ئه‌وانه‌ی به‌ڵێنی وه‌رگرتنيان پێ دراوه‌.  هاوكات ‌ژماره‌ی وه‌رگيراوان له‌زانكۆ ئه‌هليه‌كان ده‌گاته‌ ‌ 4186 قوتابی-خوێندكار.  به‌و پێيه‌، كۆی وه‌رگيراوانی ساڵی ئيمساڵ له‌ سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی خوێندنی باڵای هه‌رێم گه‌يشتۆته‌ ‌ 37479 قوتابی و خوێندكار.

 شايانی باسه‌كه‌ژماره‌ی 3923 پێشكه‌شكار به‌بڕياری خۆيان فۆڕمه‌كانيان به‌بێ پلان پڕكردۆته‌وه‌و هه‌ڵبژارده‌كانيان سنووردار كردوه، و بۆيه‌سه‌ره‌ڕای گونجاوی نمره‌كانيان له‌هيچ ده‌زگايه‌ك ناويان ده‌رنه‌چووه‌.  وه‌زاره‌ت ده‌‌رفه‌ت داده‌ت ئه‌و ئازيزانه‌كه‌له‌دوای ده‌رچوونی ناوه‌كان و به‌راوردكردنيان، له‌ماوه‌ی هه‌فته‌يه‌كدا بێنه‌پێشه‌وه‌و داوای ده‌ستكه‌وتنی شوێنه‌به‌تاڵه‌كان بكه‌ن.  ئێمه‌ش به‌خۆشحاڵيه‌وه‌ڕه‌چاوی داواكانيان ده‌كه‌ين.
                                           
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ هه‌بێ، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ین كه‌ سه‌رجه‌م قوتابیان - خوێندكارانی ئازیز له‌زانكۆ و په‌یمانگاكان بخوێنن، به‌ڵام پێويسته‌ به ‌واقيعيانه‌ و بابه‌تيانه سه‌يری پلانی وه‌رگرتن و توانای وه‌رگرتن بكرێ.  ئيمساڵ له زووه‌وه‌‌ حكومه‌تی هه‌رێم خه‌ريكی دانانی پلانێكی ستراتيژی و درێژخايه‌ن بووه‌ بۆ دابين كردنی كار بۆ هه‌موو لاوێكی ئه‌و هه‌رێمه‌، و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی پلاندانان ته‌كليف كراوه‌به‌داڕشتنی پلانی كار بۆ ته‌واوی هه‌رێم.  هه‌روها، لێژنه‌يه‌كی باڵا كه‌پێك هاتبوو له‌ به‌رێزان وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی و وه‌زيری پلاندانان و وه‌زيری په‌روه‌رده‌و وه‌زيری كاروكاروباری كۆمه‌ڵايه‌تی.  ئه‌و لێژنه‌يه‌، پلانێكی به‌رفراوانی پێشكه‌ش به‌حكومه‌تی هه‌رێم كردووه ‌و له‌چه‌ندين كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ندا تاوتوێ كراوه‌.  كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و لێژنه‌يه‌چه‌ندين پێشنيازی به‌جێی تێدايه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی دابين كردنی بژێوی ژيان بۆ ده‌رچوان و لاوانی تر.

  بۆ نموونه‌، له‌وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌لایه‌تيه‌وه‌:
 
1.  پڕۆژه‌ياسايه‌كی نوێی بیمه‌ی كۆمه‌لایه‌تی ( قانون ضمان الاجتماعی )  پێشكه‌ش كراوه‌، و  ئامانجه ‌سه‌ره‌كيه‌كه‌ی ئه‌وه‌يه‌ كه ‌‌هه‌رچی بیمه‌یه‌ك كه‌ له‌دام وده‌زگای حكومی ده‌درێت ، به‌هه‌مان شێوه‌ بدرێت به‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌ كه‌رتی تایبه‌ت كار ده‌كات. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ، هاوڵاتی ته‌نيا چاوی له‌دامه‌زراندن له‌ فه‌رمانگه‌ی حكومییه‌كان نه‌بێت، به‌ڵكو ده‌بێته‌ هانده‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی له‌كه‌رتی تایبه‌تیش كار بكات و دوای له‌ كاروه‌ستانی دڵنيابێ له‌خانه‌نشينی.

2. هه‌وڵ دراوه‌ بوودجه‌ی پێويست دابين بكرێت بۆ به‌گه‌ڕخستن و كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی ڕاهێنان بۆ خاتری ڕاهێنانی زياتر له ‌دوو هه‌زار لاو له‌بواری پيشه‌يی جياجيا، و ده‌رچووه‌كانی ئه‌و خولانه‌ بڕوانامه‌ی پیشه‌ییان پێ ده‌درێت.  وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده وه‌رشه‌كانی ڕاهێنان بۆ ئه‌و پڕۆژه‌يه ده‌خه‌نه‌به‌رده‌ستی وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵايه‌تی.

3. هه‌وڵی داهێنانی سیسته‌مێك دراوه‌‌بۆ قه‌رزدان به‌ده‌رچووان. ئه‌م پڕۆژه‌یه ‌بۆ ئه‌وه‌یه‌. كه‌وا وه‌زاره‌ت بڕێك پاره‌ به ‌قه‌رز بداته ‌لاوان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ كار بن و وه‌زاره‌ته‌كه‌یش یارمه‌تیان ده‌دات و ڕێنماییان ده‌داتێ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو بن.

 4. پلان ‌هه‌یه ‌كه‌ بۆ ماوه‌ی ساڵێك نیوه‌ی مووچه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ قوتابیانی ده‌رچوو كه‌ وه‌رنه‌گیراون بدات به‌ كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئاماده‌ بن هه‌لی كار به‌ هه‌ندێك له‌و قوتابیانه بده‌ن.

هه‌وڵی تريش له‌ڕێگه‌ی سه‌رۆكايه‌تی حكومه‌ت و
وه‌زاره‌تی پلاندانان له‌ئارادايه ‌بۆ هه‌ماهه‌نگ كردنی وه‌زاره‌ته‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر و خزمه‌تگوزاريه‌كان (كه‌رتی گشتی و تايبه‌ت) بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی كار له‌ ده‌زگا جياكانی حكومه‌تی بۆ لاوان و قوتابيانی ده‌رچووی ئاماده‌يی بڕه‌خسێنن.  نموونه‌ی چه‌ندين ده‌زگای له‌و جۆره‌ هه‌ن له‌ نێو وه‌زاره‌تی نه‌وت، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار، و وه‌زاره‌ته‌كانی تريش.  ئه‌و پلانانه‌ له‌ ئاينده‌دا له‌لايه‌ن سه‌رۆكايه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيرانه‌وه‌ ڕاده‌ گه‌يه‌ندرێت.