بۆ دەربڕینى پاڵپشتى و هەماهەنگى بۆ ئەهلى زانست و زانیارى و ئاگاداربوون لە ڕەوشى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بە گشتى و شارى کەرکوک بە تایبەتى، رۆژى چوارشەممە 15/9/2010 پڕۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە هاوڕێیەکى شاندێک کە لە سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین و سەرۆکى زانکۆى سۆران و سەرۆکى بۆردى پزیشکى کوردستان و ڕاوێژکاران پێک هاتبوون، سەردانى شارى کەرکوکیان کرد.
سەرەتا لە شوێنى خۆى و لە بیناى پارێزگارى کەرکوک عەبدولڕەحمان مستەفا پارێزگارى کەرکوک و ژمارەیەک لە لێپرسراوانى حکوومی بەگەرمى پێشوازیکران، لە دیدارێکیشدا گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کاروبارى ئیدارى و ئەو خزمەتگوزاریانەى شارەکە کرد.
پاشان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا پەیامى سەرۆکى حکوومەت و تەواى کابینەى شەشى پێڕاگەیاندن و بەڵێنى گەیاندن و داکۆکیکردن سەرجەم داخوازییەکانیان بۆ ناو هۆڵى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى وەزیران پێدان، بۆ خاترى پشتیوانیکردن و سەرخستنى بەرنامە و کارەکانیان، دواتر رۆشنایى خستە سەر ئەو ئێش و ئازار و نەهامەتیانەى خەڵکى شارى کەرکوک کرد کە لە پێناوى رەتکردنەوەى سڕینەوەى ناسانامەى نەتەوەییان چەشتویانە و پەراگەندە بوونە، لە درێژەی قسەکانیدا تیشکى خستە سەر خەبات و قوربانیدانى کەرکوک و کەرکوکییەکان لە شۆڕشەکانى گەلى کوردستان دا.
دواتر وەزیرى خوێندنى باڵا تەواوى شاندەکە، بە یاوەرى د.حسێن خانەقا سەرۆکى زانکۆى کەرکوک سەردانى سەرۆکایەتى زانکۆى کەرکویان کرد، لە وێدا لەلایەن ئەنجوومەنى زانکۆوە بە گەرمى پێشوازى لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆلى کۆبوونەوەکان، بە ئامادەبوونى رزگار عەلى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک لەگەڵ ئەنجوومەنى زانکۆى کەرکوک، پڕۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین ئاماژەى بە سەرجەم ئەو گۆڕانکارى و چالاکیانە کرد کە لە ماوەى دەستبەکاربوونەوە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا ئەنجام دراون، بۆ ئەم مەبەستەش تیشکى خستە سەر گۆڕینى سیستمى دکتۆر و ماجستێر و راگەیاندنى پڕۆسەى زانستخوازى بەردەوام و چاوخشاندنەوە بە هەیکەلى کارگێڕى دام و دەزگاکانى سەر بە وەزارەت و بەرنامەى تواناسازیى مرۆیى بۆ پەرەپێدانى بوارى خوێندنى باڵا.
دواتر لەلایەن سەرۆکى زانکۆى کەرکوک ڕەوشى زانکۆکە خرایە ڕوو و باس لەو گرفت و کەکوکوڕیانە کران کە ڕووبەڕووى دۆخى خوێندن لە زانکۆکان بوونەوە، لەمیانی کۆبوونەوەکە وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لێکردن وەکو زانکۆى کەرکوک بەشدار و هاوکاربن لە پایدەکردنى پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى و سەرجەم ئەو ریفۆرمانەى کە ئەنجام دەدرێن، ئەوانیش بە خۆشحاڵیەوە بەڵێنى جێبەجێکردنیان لە دام و دەزگاکانى خوێندنى باڵاى ئەو شارە دوپات کردەوە.
لە کاتى کۆبوونەوەکەدا، لە وتەیەکیدا سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک دروستکردنى پردى پەوەندییەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و شارى کەرکوک بەگرنگیەوە باس کرد و ئاماژەى بە گرنگیدان بە خوێندن کرد لە ناوەندە ئەکادیمى و زانستییەکان و ڕەچاوکردنى تایبەتمەندى هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانى شارى کەرکوک. لە کۆتایشدا لەلایەن سەرۆک زانکۆوە خەڵاتى زانکۆی کەرکوک بەخشرا بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوە.
هەمان رۆژ، وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ سەرۆک زانکۆى کەرکوک و تەواوى شاندەکە، کامپى تازەى زانکۆى کەرکوکیان بەسەر کردەوە و هیواى ئەوەى خواست کە ئەو زانکۆیە ببێتە نمونەى پێشکەشکردنى کواڵیتى بەرز بە خوێندکاران و کۆمەڵگەى زانسخواز لە شارەکە و تەواوى عێراق و هەرێمى کوردستان، ئەو پەیامەى وەزیرى خوێندنى باڵا بووە مایەى دەستخۆشى ئامادەبووان و فەرمانبەران و مامۆستایانى ئامادەبوو.