ئەمڕۆ دووشەممە 26/4/2010 پرۆفیسۆر د.دلاوهر عهلائهددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دیوانى وەزارەت پێشوازی كرد لە د.تاهیر هەورامى وەزیرى تەندروستى و د.حەمە نەجم جاف سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى کوردستان بۆ پسپۆڕیەتییەکانى پزیشکى، لەکۆبوونەوەیەکدا هەردوولا جەختیان لە دانانى میکانیزمێک بۆ راگەیاندنى سیاسەتى خوێندنى بۆردى پزیشکیى کوردى لە هەرێمى کوردستان و بەرزکردنەوەى کوالێتى راهێنانى کلینیکى پزیشکى کردەوە.
لەبەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا دەربارەى سەرلەنوێ داڕشتنەوەى هەیکەلی ئیدارى دەزگا و دامەزراوە تەندروستییەکانی ههرێم و دابەشکردنەوەى دەسەڵات و دیاریکردنى ئەرک و مافەکانى تایبەت بە پزیشک و نەخۆش و کارمەندى نەخۆشخانەکان، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا لێژنەیەکى رێنماییکارى تایبەت پێکبهێنرێت.
لهتهوهرێكی تری دیدارهكهدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ هاوتاکەى، باسیان لە پرسى پڕکردنەوەى پێداویستییە بنەڕەتییەکان بۆ بۆردى پزیشکى کوردستان و پەیوەندیکردن و هێنانى پسپۆڕ و شارەزا لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان بۆ ئەم بۆردە كرد. لهم بارهیهوه هەردوولا جەختیان لە دانانى نەخشەڕێیەک بۆ دەرچووانى کۆلێژى پزیشکى کردەوە، لەپێناو پیادەکردنى پسپۆڕى پزیشکى لەدەرەوە و ناوەوەى پارێزگاکاندا. واتە تەواوکردنى سەرجەم قۆناغەکانى پسپۆڕى پزیشکى بەشێوەیەکى سیستماتیک و دواتر ڕەخساندن و پێشکەشکردنیان بۆ بۆردى پزیشکى کوردستانى.
هاوکات وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، پێویستە خوێندکارانى قۆناغى یەکەمى بۆرد لەهەموو ڕوویەکەوە کارئاسانییان بۆ بکرێت، بەئامانجى بەستنەوەى پەیوەندییەکانیان بە کۆلێژە پێشکەوتووەکانى جیهان، هەروەها بەشێکيش لە راهێنان و تاقیکردنەوەکانیان لەژێر چاودێرى پسپۆڕانى بیانى و خاوەن ئەزموونەوە بێت